دلاوەر عەلائەدین: دەرفەتى گەورە هاتووەتە بەردەم هەرێمى کوردستان

ڤیدێۆ

17/02/2021‌ 3171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دکتۆر دلاوەر عەلائەدین سەرۆکی ئینستیۆتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ توێژینەوە رایدەگەیەنێت، کورد لە رابردوودا دەرفەتی گەورەو زۆری هاتووەتە بەر دەست، بەڵام بەهۆى نەبوونى یەکڕیزى و تەبایی نەتوانراوە سود لە هەموو ئەو دەرفەتانە وەربگیرێت و تەنیا بەشێکى نەبێت ئەویش نەتوانراوە پارێزگارى لێ بکرێت.

د. دلاوەر عەلائەدین لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ "شارپرێس" کە ئێوارەى ئەمڕۆ ئەنجامدرا رایگەیاند" لە چەندین ساڵى رابردوودا کورد دەرفەتى زۆر گەورەى بۆ هاتە پێش و توانى سود لە بەشێکیان وەربگرێت، ئێستاش دەرفەتى گەورە هاتوونەتەوە پێش دەکرێت سودیان لێوەربگیرێت، بەتایبەت لەئێستدا کە عێراق لەرزۆکەو جێگیر نەبووە، هەرێم لەناو هاوکێشەى عێراق و هەرێمییدا دەتوانێت رۆڵی هەبێت و هاوپەیمانی خۆی هەبێت، بەڵام دەبێت وریا بێ کە بە زیانى نەشکێتەوە".

ناوبراو سەبارەت بە رووداوی مووشەکبارانەکەى هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجى هاویشتنى ئەو موشەکانە هەمان ئەو موشەکانەن کە لەبەغداو ئاڕاستەى باڵیۆزخانەى ئەمریکا دەکران پەیامێک بوو بۆ ئەمریکاو پەیامیشى بۆ هەرێمى کوردستان تێیدابوو، پێشیوایە ئەوە پەیامێکى ئێران بوو بۆ ئەمریکاو بۆ هەرێمیش، جەختیش دەکاتەوە نابێت هەرێم ببێتە تەرەف لە کێشەکانى ئەو دوو وڵاتەدا.

لەبارەى پەیوەندییەکانى ئەمریکاو تورکیا سەرۆکى دەزگاى میرى باس لەوە دەکات، تورکیا لەناوخۆی چەندین کیشەى هەیەو ئیستا بەشێک لەو کێشانەى خستووەتە دەرەوەى سنوری خۆی لەوانە هەرێمى کوردستان و سوریا، ئەوەش وایکردوە جۆرێک پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزی تێبکەوێت، بەلام بەوتەى خۆی ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەمریکاو تورکیا دەبنە دوژمنى یەک و پەیوەندییەکانیان دەپچڕێت.

س.هــ