کۆمپانیای فۆرد ساڵی 2030 تەنیا ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمدەهێنێت

هەمەڕەنگ

21/02/2021‌ 115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای فۆرد،کە یەکێکە لە مارکە بازرگانییە گەورەکانی جیهانی ئۆتۆمبێل رایگەیاندووە کە نیازی هەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ دا بەتەواوەتیی بگۆڕێت بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەو بوارەدا دەکات.

کۆمپانیاکە کە بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە کار لەسەر پلانێک دەکەن کە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەتەواوەتیی بگۆڕێت بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی یان هایبێرد، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش فۆرد ملیارێک دۆلار وەبەرهێنان لە کارگەکەی وڵاتی ئەڵمانیایدا دەکات.

باس لەوەشکراوە کە وەبەرهێنانەکەی فۆرد لە کارگەکەی وڵاتی ئەڵمانیا، وادەکات لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بتوانێت ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنێت.

ئەو هەنگاوەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکە لەچوارچێوەی پلانێکدایە بۆ وەبەرهێنانی ٢٩ ملیار دۆلار تا ساڵی ٢٠٢٥ لەپێناو گۆڕینی تەواواوەتیی بەرەو بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و دەستبەرداربوون لە ئۆتۆمبێلی کلاسیکی، کە ئەوەش هاوشێوەی پلانی ژمارەیەک لە کۆمپانیا جیهانییەکانە کە رایانگەیاندووە بەرەو بەرهەمهێنانی کارەبایی هەنگاو دەنێن، بەڵام بەو خێراییەنا کە فۆرد گرتوویەتییەبەر.

پێشتریش ڤۆڵگس ڤاگن بەڵێنیدابوو کە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٥ ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنێت، هەروەک مێرسیدس نیازی بەرهەمهێنانی ٦ جۆر لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەیە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە