تورکیا دەیەوێت بۆ چونەسەر مانگ ئازەربایجان یارمەتیی بدات

جیهان

23/02/2021‌ 723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شاپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی سەباح"ی تورکی، تورکیا نیازی هەیە بەهاوکاریی‌و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی تورک زمان، پەرە بەبەرنامەی بۆشایی ئاسمان‌و چونەسەر مانگ بدات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی ئاژانسی بۆشاییگەری تورکی سەردانی وڵاتی ئازەربایجانی کردوەو داوای لەباکۆ کردوە لەو ڕوەوە هاوکاری تورکیا بکات.


سەردار حوسێن یڵدرم سەرۆکی ئاژانسی بۆشاییگەری تورکی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەباکۆی پایتەختی ئازەربایجان وتویەتی:"تورکیا پلانی هەیە بۆ پەره‌پێدانی بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی هاوکاریی‌و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی تورک زماندا دروستبکات، ئازەربایجانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی شارەزاییەکی زۆرو ژێرخانێکی گەورەی لەکارپێکردنی مانگە دەستکردەکاندا هەیەو چەندین زانای گەورەشی لەبواری زانستە گەردونییەکاندا هەیە".

هەروەک بەپێی کەناڵی "تەرەتە خەبەر"، سەرۆکی ئاژانسی بۆشاییگەری تورکی ڕایگەیاندوە، "نیازی هەیە بەمەبەستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆئەوەی ئەوانیش هاوشێوەی وڵاتانی تر بونیان لەگەردوندا هەبێت، سەردانی سەرجەم ئەو وڵاتانە بکات کە بەتورکی قسە دەکەن".

چاودێران دەڵێن، لەکاتێکدا تورکیا بەدەست گرفتی ئابوری قورسەوە دەناڵێنێت‌و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە دیارنییە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوەدەکات کە لەساڵی ٢٠٢٣و لەیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەتوانن بچنەسەر مانگ؛ ئەوەش لەناوخۆی تورکیا کاردنەوەی لێکەوتۆتەوەو بەشێک لەهاوڵاتیان پێیانوایە، دەسەڵاتدارانی تورکیا بەتەواوەتی لەکۆمەڵگە دابڕاون‌و ئەوان لەجیهانێکی تردا دەژین.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی