شارپرێس:
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی گۆڕانكاری له‌سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكارانی ئاماده‌یی ده‌كات له‌زانكۆو په‌یمانگه‌كان‌و وه‌زیری خوێندنی باڵاش ده‌ڵێت:"ده‌بێت سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران ڕه‌چاوی حه‌زو ئاره‌زوو بكرێت‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دابڕێژرێته‌وه".
د.ئارام قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم لەیەكەم دیداری هاوبەشی وەزارەتەكەیی‌و وەزارەتی پەروەردەدا ئاشكرایده‌كات، "شێوازی خوێندنی پیشه‌یی له‌زانكۆو په‌یمانگه‌كان پرسیاری زۆر‌و جدیان له‌سه‌ره‌و سیستمی وه‌رگرتنی خوێندنكارانیش جێگه‌ی گفتوگۆی جدیمان ده‌بێت لێره به‌دواوه".
وه‌زیری خوێندنی باڵا جه‌ختیكرده‌وه، سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران نه‌یتوانیوه دادپه‌روه‌ری دروستبكات‌و سیستمێكی دادپه‌روه‌ربێت، چونكه دوره له‌حه‌زو ئاره‌زوی خوێندكارانه‌وه، بۆیه ده‌مانه‌وێت به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌وردی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بوه‌ستین.
له‌ئێستا سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌زانكۆو په‌یمانگه‌كان پشت به‌كۆنمره‌ی كۆتایی قۆناغی ئاماده‌ییان ده‌به‌ستێت، له‌و ڕوه‌شه‌وه وه‌زیری خوێندنی باڵا پێیوایه، ده‌بێت ڕه‌چاوی حه‌زو ئاره‌زوی خوێندكاران بكرێت‌و سیستمه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دابڕێژرێته‌وه، "چونكه هه‌ر تاكێك له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا حه‌زو خولیایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، ناكرێت چیتر پشت به‌كۆنمره‌ی قۆناغی ئاماده‌یی ببه‌سترێت بۆ وه‌رگرتنیان له‌زانكۆو په‌یمانگه‌كان".
به‌وته‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا، ده‌یانه‌وێت هاوشێوه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی دونیا‌و ڕه‌چاوكردنی حه‌زو خولیا‌و ئاره‌زوی تاك‌و به‌تایبه‌ت خوێندكارانی ئاماده‌یی هه‌ڵوه‌سته‌ی جدی له‌سه‌ر پرسی سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكارانی دوا قۆناغی ئاماده‌یی بكه‌ن له‌ناوه‌نده‌كانی په‌یمانگه‌و زانكۆكان.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه له‌ساڵی 2000 ژماره‌ی خوێندكارانی قۆناغی شه‌شه‌می زانستی‌و وێژه‌یی 43 هه‌زارو 530 خوێندكار بوه، به‌ڵام له‌ئێستاداو دوای 21 ساڵ ژماره‌كه نزیكبۆته‌وه له150 هه‌زار خوێندكار، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا جه‌ختده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ی، "ده‌بێت دامه‌زراوه پیشه‌یی‌و ئه‌كادیمیه‌كانی هه‌رێم خۆیان ڕێكبخه‌نه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان له‌خوێندنی پیشه‌یی بكرێت".