پارە بلۆک کراوەکانی ئێران ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌

جیهان

25/02/2021‌ 1387 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران ئاشكرایكرد، تاران‌و سیئۆل ڕێکەوتون لەسەرئەوەی ملیارێک دۆلار لەپارە بلۆککراوەکانی ئێران لەکۆریای باشور حەواڵەی ئێران بکرێتەوە.


بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، عەبدولناسر هیممەتی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ئێران وتویه‌تى:"لەکاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ باڵیۆزی کۆریای باشور جەختیان لەوەکردۆتەوە کە ئێران بەلایەوە گرنگە مامەڵە بەپارە بلۆککراوەکانییەوە بکات، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە کۆرییەکان خۆیان دانوستان لەگەڵ کێ دەکەن‌و ڕەزامەندی کێ وەردەگرن ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە".

به‌وته‌ى هیممەتی، لەگەڵ هەریەک لەعێراق‌و سوڵتاننشینی عوممان‌و ژاپۆنیش دەستیان بەگفتوگۆ کردوە بۆئەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەو وڵاتانەش ئازادبکرێت.

ڕۆژی ٢٣ی شوبات، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشور ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا دەستیان بەگفتوگۆ کردوە بۆئەوەی ڕێگە بەئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەو وڵاتە بدات.

لە٤ی مانگی یەکی ئەمساڵ، سوپای پاسدارانی ئێران لەنزیک ئاوە هەرێمایەتییەکانی ئێران دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆریای باشوردا گرت‌و ڕایانگەیاند، تاوەکو سیئۆل پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازادنەکات، ئەوانیش کەشتییە کۆرییەکەو تیمەکەی ئازادناکەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی