داواکارییەکی مەسروور بارزانی لە باڵیۆزی ئەمەریکا ئاشکرا دەبێت

کوردستان

26/02/2021‌ 4745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشممەی لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لەبەغدا، داوایەکی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردووە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم داوای لە باڵیۆزی ئەمەریکا کردووە کە لەپێناو گەرەنتیکردنی جێگیرکردنی پشکی هەرێم لەناو بودجەی فیدراڵی 2021 دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستتێوەردان و نێوەندگیری لە دۆسیەی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکات .

سەرچاوەکە جەختی کردۆتەوە کە بارزانی بەڵێنیداوە کە هەرێم ئامادەیە لەڕێگای رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە بەغدا سەرجەم پاباندییەکانی سەری بەرانبەر بە بەغدا جێبەجێ بکات، بۆئەوەش داوای کردووە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا سەرچاوەکە وتویەتی: جگە لە دەستتێوەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەرێم داوای دەستتێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی کردووە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەو نێوەندگیریانە سەرنەکەون ئەوە بودجە بە دەنگی زۆرینەی پەڕلەمانتاران و بێ رەزامەندی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێنرێت.

ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی 


بەپەلە