ئێزیدیەکان پێشوازی لە بریارەکەى پەرلەمانى عێراق دەکەن

کوردستان

01/03/2021‌ 1287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەكی تایبەت بە قەربووکردنەوەى ژن و كچە ئێزیدییە رزگاربووەكانی دەستی داعشی پەسەندكرد کە زەوی یان شوقەیان پێدەدرێتن چالاکوانێکى ئێزدییەکانیش دەڵێت: بەجێبەجێکردنى یاساکە گۆڕانکارى باش لە ژیانى ژن و کچانى ئێزیدى روودەدات.

دێرین خدر، کچە چالاكوانی ئێزیدی و ئاگادار لە كەیسی كچانی ئێزیدی بە شارپرێسی راگەیاند، ئەو ئافرەتانەی رزگاربووی دەستی داعشن لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان و خۆیان بژێوی ژیانی منداڵەكانیان دابیندەكەن، بەهۆی ئەوەی هاوسەرەكانیان كوژراون یان بێسەروشوێنن، بۆیە بە جێبەجێكردنی ئەم یاسایە گۆڕانكارییەكی باش لە ژیانیاندا روودەدات.

دێرین ئاماژەى بەوەشکرد، بەپێی یاساكە هەموو ئافرەتێكی ئێزیدی رزگارووی دەستی داعش پارەچەیەك زەوی و سولفەی نیشتەجێبونی پێدەدرێت، كە پێدەچێت زەوییەكە لە قەزای شەنگال بێت لەگەڵ بڕینەوەی موچەیەك كە كەمترینیان موچەی خانەنشینی عێراقی بێت.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەكی تایبەت بە قەربووکردنەوەى ژن و كچە ئێزیدییە رزگاربووەكانی دەستی داعشی پەسەندكرد کە زەوی یان شوقەیان پێدەدرێت، بەپێی ئەو یاسایەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی كردووە، هەموو ئەو ئافرەتە ئێزیدییانەی ڕزگاربووی دەستی داعش قەرەبوو دەكرێنەوە و موچەیەكیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

لە یاسا پەسندكراوەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، ئافرەتانی رزگابووی دەستی داعش، پارچە زەوییەك یان یەكەیەكی نیشتەجێبونیان پێدەدرێت، دەبێت ناوچەكانیان ئاوەدانبكرێتەوە.

تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار ئافرەتی ئێزیدی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە و زیاتر لە هەزار و 500 ئافرەتی ئێزیدی چارەنوسیان نادیارە.

س.هـ