نێچیرڤان بارزانی: ئەم یاسایە هەنگاوی گرنگە بۆ گەڕانەوەى سەرجەم ئێزیدیەکان بۆ ناوچەکانى خۆیان

کوردستان

01/03/2021‌ 441 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی پەسەندكردنی یاسای ئافرەتانی ڕزگاربووی ئێزدی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پەسەندكردنی یاساكە هەنگاو و دەستپێكێكی گرنگە بۆ قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدی و دڵنیاییدان لە بایەخدان بە پاراستن و ژیانیان.
 
لە پەیامەكەی جێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بەبۆنەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای ئافرەتانی ڕزگاربووی ئێزدییه‌وه‌ له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسی هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكەم، ئەوە هەنگاو و دەستپێكێكی گرنگە بۆ قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدیمان و دڵنیاییدان لە بایەخدان بە پاراستن و ژیانیان.

سەرۆکى هەرێم داواشدەكات، بە شێوەیەكی خێرا ده‌ست بە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی ناو یاساكە بكرێت، چونكە بارودۆخی هەموو ئافرەتە ڕزگاربووە ئێزدییەكانمان و منداڵ و خێزانەكانیان پێویستی بە هاوكاریی خێرا و هەمەلایەنەیه‌.

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا نێچیرڤان بارزانى باسى لەوە کردوە، ئێزیدییەكان دووچاری كۆمەڵكوژییەكی زۆر گەورە و وەحشیگەرییەكی زۆر بوون بە ڕفاندنی ئافرەتان و منداڵانیان و كۆمەڵكوژكردنی پیاوەكانیان، سەرەڕای وێرانبوونی زۆربەی دەڤەری شنگال و دەربەدەربوونی زۆربەی خەڵكی ئێزدی كە بێگومان ئەوەش پێویستی بە ئاوەڕدانەوە و بڕیاری زیاترە بۆ ئەوەی هەموو ئێزدی دڵنیا بن كە دەتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و دەستی ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەگاتە ناوچەكەیان، هەنگاوی گرنگیش بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی ڕێككەوتننامەی شنگالە.

سەبارەت بە هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ رزگاركردنی ئافرەتانی ئێزیدی دەستی داعش سەرۆکى هەرێم روونیكردووەتەوە، لە ڕێگەی نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی ئێزدییه‌وه‌ توانیویانە تا ئێستا (سێ هەزار و 545 ئافرەت و پیاو و منداڵی ئێزدی ڕزگار بكەن، بەردەوام دەبن بۆ ڕزگاركردن و ئاشكرابوونی چاره‌نووسی ئەو دوو هەزار و 768 ئێزدیەی تا ئێستاش ونن.

ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەكی تایبەت بە كچە ئێزیدییە رزگاربووەكانی دەستی داعشی پەسەندكرد. بەپێی ئەو یاسایەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی كردووە، هەموو ئەو ئافرەتە ئێزیدییانەی ڕزگاربووی دەستی داعش قەرەبوو دەكرێنەوە و موچەیەكیان بۆ دەبڕدرێتەوە.