شارپرێس:
ژماره‌ى ئۆتۆمبێل له‌هه‌رێمى كوردستان نزیكده‌بێته‌وه له‌دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل‌و له‌ماوه‌ى ته‌نها مانگێكیشدا زیاتر له 180 هه‌زار سه‌رپێچى تۆماركراوه‌و زیاتر له 500 كه‌سیش به‌هۆى ڕوداوه‌كانى هاتوچۆوه بونه‌ته قوربانى.
به‌گوێره‌ى ئامارێك كه له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێمه‌وه ده‌ست شارپرێس كه‌وتوه ئاشكراكراوه، ژماره‌ى ئۆتۆمبێلى تۆماركراوه له‌هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتۆته ملیۆنێك‌و 851 هه‌زارو 127 ئۆتۆمبێل، له‌و ژماره‌یه‌ش 609 هه‌زارو 438ى به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه ده‌كه‌وێته سلێمانى‌و 931 هه‌زارو 705 ئۆتۆمبێلیش له‌هه‌ولێرو 275 هه‌زارو 437 له‌دهۆك‌و هه‌زارو 624یش له‌گه‌رمیان‌و سێ هه‌زارو 62 ئۆتۆمبێلیش له‌قه‌زاى سۆرانن.
له‌و ئاماره‌دا ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه ژماره‌ى ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت له‌هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتۆته ملیۆنێك‌و 76 هه‌زارو 666 ئۆتۆمبێل، (كرێ)ش 96 هه‌زارو 592 ئۆتۆمبێل‌و بارهه‌ڵگر 418 هه‌زارو 544و ئامێره كشتوكاڵیه تۆماركراوه‌كانیش 38 هه‌زارو 60و ئامێره بیناسازیه‌كانیش 26 هه‌زارو 703و ئۆتۆمبێله‌كانى فه‌حس‌و كارتى زانیارى ژماره‌یان 146 هه‌زارو 53 ئۆتۆمبێله، ئۆتۆمبێلى میریش ژماره‌یان بۆته 29 هه‌زارو 861و هه‌روه‌ها 18 هه‌زارو 648 ماتۆڕسكیلیش بونیان هه‌یه له‌هه‌رێمى كوردستان.
ئاماره‌كه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێم ژماره‌ى سه‌رپێچیه‌كانى بۆ مانگى یه‌كى ئه‌مساڵ ئاشكراكردوه كه له‌ماوه‌ى ئه‌و مانگه‌دا له(سلێمانى، هه‌ولێر، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه، گه‌رمیان، ڕاپه‌ڕین‌و سۆران) كۆى سه‌رپێچیه‌كان گه‌یشتۆته 186 هه‌زارو 237 سه‌رپێچى.
ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه، هه‌ر له‌و مانگه‌دا 266 ڕوداوى هاتوچۆ ڕویانداوه‌و به‌هۆیانه‌وه 40 هاوڵاتى گیانیان له‌ده‌ستداوه كه 30 كه‌سیان له‌ڕه‌گه‌زى نێر‌و 10ى دیكه‌ش له‌ڕه‌گه‌زى مێ بون، هه‌روه‌ها 490 هاوڵاتی دیكه‌ش برینداربون كه 347یان نێر‌و 143شیان مێ بون.
ش.هـ