شارپرێس:
ئەندامێکی پهرلههمانی عێراق داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بۆ ڕێگریكردن له ئهگهری پەلاماردانی شەنگال لەلایەن تورکیا بەپاساوی راوەدوونانی گەریلاکانی پەکەکە، بەخێرایی کار لەسەر پاراستنی قەزای شەنگال لەڕووی سەربازییەوە بکات و ڕێکاریی ئەمنیی توند بگرێتەبەر.
فازڵ جابر، ئهندامی پهرلهمانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی:"ئەوەی روونە کە تورکیا دەیەوێت بەپاساوی راوەدوونانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەست بەسەر چیای شەنگالدا بگرێت، بەوپێیەی پێگەیەکی ستراتیژی هەیە، هەروەک داواشی لە حکوومەتی عێراق بەخێرایی جوڵە بکات و لەڕووی سەربازیی و ئەمنییەوە پارێزگاری لەو ناوچەیە بکات.
جابر ئەوەشی وتووە کە دەبێت هاوکات لەگەڵ ڕێکاری ئەمنیی و سەربازیی بۆ پاراستنی قەزای شەنگال، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش جوڵەیەکی دیبلۆماسیی جیدیی بکات و تورکیا لە هەر هەنگاوێک بۆ پەلاماردانی شەنگال ئاگادار بکاتەوە، ئەگەر ناو بەپێچەوانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەهۆی پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراقەوە هەوڵی سەرکۆنەکردنی تورکیا دەدات.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، ئەیاد عەللاوی سەرۆک وەزیری پێشووتری عێراق ئاشکرایکرد، کە پلانێکی تورکی هەیە بۆئەوەی پەلاماری قەزای شەنگال بدات و داگیری بکات، بەتایبەت کە سوپای تورکیا لە شەرەکانی دژ بە پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.
