توركیا بۆ ئه‌مریكا: له‌سیستەمی S-400 پاشگه‌ز نابینه‌وه‌

جیهان

25/03/2021‌ 880 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای چەندینجار جەختکردنەوەی ئەمریکا بەوەی دەبێت تورکیا دەستبەرداری سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ڕوسی "ئێس-400" بێت، لەبەرامبەردا مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا وەک هەڵوێستی کۆتایی تورکیا جەختیکردەوە، وڵاتەکەی لەخاوەندارێتیکردنی سیستەمە ڕوسییەکە پاشگەزنابێتەوە.


بەگوێرەی پێگەی "تی-24"ی تورکی، لەمیانی کۆبونەوەی نێوان مەولود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیاو ئەنتۆنی بلینکنی هاوتا ئەمریکییەکەی کە لەپەراوێزی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناو هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەبڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو، بلینکن داوایکرد تورکیا دەستبەرداری سیستەمی دژە موشەکیی "ئێس-400"ی ڕوسیی بێت، لەوەڵامدا ئۆغڵو وتی:"وتومانە سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێس-400 مان کڕیوەو گرێبەستەکەش کۆتاییهاتوە".

بەپێی پێگە تورکییەکە، لەدوای دەستبەکاربونی جۆ بایدنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، ئەوە یەکەمجارە وەزیرانی دەرەوەی تورکیاو ویلایەتە ڕوبەڕوو چاویان بەیەکدەکەوێت.

لەدوای واژۆکردنی گرێبەستی کڕینی سیستەمی دژەموشەکیی S-400ی ڕوسی لەلایەن تورکیا، ئەمریکا چەندینجار داوای لەئەنكەرە کردوە دەستبەرداری ئەو سیستەمە موشەکییە ڕوسییە بێت بەوپێیەی مەترسیی لەسەر سیستەمی بەرگری هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ) دروستدەکات، بۆئەوەش هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا دەکرد.

لەبەرامبەردا تورکیا بەردەوامبوو لەتەواوکردنی گرێبەستەکەو بەگەڕخستنی لەناوخۆی ئەو وڵاتە، هەربۆیە واشنتۆن تورکیای لەبەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەی ئێف-35  دورخستەوەو سزای بەسەر کەرتی پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیاشدا سەپاند.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی