ئەو شەڕەی کە هەر دەبێت ڕووبدات
چارەنوسی شەنگال لە نێوان رێککەوتن و شەڕی یەکلاکەرەوەدا

ڕاپۆرت

30/03/2021‌ 1672 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چاوەکان هەموو لەسەر شەنگالن و هەڕەشەی شەرێکی قورس دەکرێت لە سێ ڕۆژی داهاتودا، شەنگالیەکان خۆیان بونەتە چەند بەشێک و هەر بەشەو خواستی لایەنێکی دەرەکی جێبەجێ دەکات.

پارتی دەیەوێت با ئاسانترین شێوە ببێتە فەرمانڕەوای شارەکەو تورکیاش هەڕەشەی توند دەکات و ئەمریکاش چاودێری دۆخەکە دەکات.
حەشدی شەعبی بەشێکی گرنگی چارەنوسی شارەکە دەبێت بۆ داهاتوو ئێرانیش چاوی لە بەشێکی گرنگی شارەکەیە.

شەڕی شەنگال، ئەو شەڕەی کە هەر دەبیت ڕوبدات...
دواى کەرکوک شەنگال دەبێتە دووەم بۆمبی تەوقیتکراوی عێراق،
چاوەکان لەسەر ئەوەن گرەوی شەنگال تورکیاو پارتى و عێراق دەیبەنەوە  یان ئێران و پەکەکە و حەشدی شەعبی
شەنگال کە شوێنى رەسەنى ئێزیدییەکانە، ئێستا بوەتە گۆڕپانی شەڕێکى رانەگەیەنراوی ناوخۆیی و هەرێمایەتی کە وەک بۆمبێکى تەوقیتکراو  لە ئان و ساتدایە بتەقێتەوە.

ئێزیدییەکان قوربانیی سەرەکی ئەو دۆخە ناسەقامگیرو زۆرانبازییەن کە لە نێوان پارتى و پەکەکەو عێراق و وڵاتانى ناوچەکە روو دەدات.
خەریکە لەو رووبەرە بچوکەى عێراقدا شەڕێک روودەدات کە سوتەمەنییەکەى هەر ئێزیدییەکان دەبن و پڕیشکەکەشی هەموو عێراق بگرێتەوە و هەرێمیش بسوتێنێت.

لەدواى کۆنترۆڵکردنەوەى شەنگال شارەکە بووە بە دوو بەشەوە بەشێک لەژێر کۆنترۆڵى پەکەکە دایە و بەشێکیشى لەژێر کۆنترۆڵی پارتی.

 دوای شەش ساڵ لە ململانێی هیچیان نەیانتوانى ئەوى تر لە شارەکە دەربکات و نەشیانتوانى لەسەر مێزێک رێکبکەون و کۆتایی بە کێشەکان بهێنن.
رێکەوتنەکەى هەرێم  و بەغداد ناکۆکییەکانى گەرمترکرد

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو ە ئامادەبونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان، هەرێم و عێراق رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە
بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت پەکەکە و سەرجەم هێزەکانى هاوپەیمانى و حەشدى شەعبی لە شەنگال بچنە دەرەوە، دواتر ئیدارەی هاوبەش لە قەزاکە پێکبهێنرێت و دۆسیەی ئەمنی لەدەستی پۆلیسی حکومەتی فیدراڵیدا بێت.

لەیەکەم رۆژی راگەیاندنی ئەم رێککەوتنەکەوە کاردانەوەى لێکەوتەوەو پەکەکەو هاوپەیمانەکانى و حەشدى شەعبى رێکەکەوتنەکەیان رەتکردەوەو بەربەستیان بۆ دروستکرد.

سەرەتای ئەم مانگە شاندێکى حکومەتى عێراق و پارتى ویستیان سەردانى شەنگال بکەن بەمەبەستى دەستپێکردنى یەکەم هەنگاوى رێکەوتنەکە، بەڵام لەلایەن هاوڵاتیانى شەنگالەوە رێگەیان لێگیراو نەیانهێشت بچنە شارەکەوە بەوەش بە کردار رێگە لە جێبەجێکردنى رێکەتنەکە گیرا.

  تا ئێستاش ئەو دەنگانە دەبیسترێ کە بەم رێککەوتنە ناڕازین و  دەڵێن "نا"، ئەوەش بەهۆی نەبوونی نوێنەری خەڵکی شەنگال لەو رێکەوتنە، بەڵکو رێکەوتنەکە دوو لایەنە بووە.

ئێزیدییەکان بەسەر چەند هێزو گروپی جیا جیای سیاسی‌و سەربازیدا دابەشبوون‌، بەشێکیان ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شەنگالیان پێکهێناوەو راشکاوانە دژایەتی خۆیان بۆ رێککەوتنەکە راگەیاندووە.

گروپە جیاکانی شەنگال ڕای جیاوازیان هەیەو بەشێکیان داوا دەکەن شارەکە ببێتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ و بەشێکیان داوا دەکەن شارەکە راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بەرێوە ببرێت و ئەوەشی دەمێنیتەوە پێیان وایە چارەنوسی ئەو شارە دەبێت لە چوارچێوەی هەرێمدا بێت.

هەر یەک لەم خواست‌و بۆچونانە گوزارشت لەهەڵوێستی هێزێکی سیاسی یان سەربازی دەکات کە لەسەر ئەو ناوچەیە کێبڕکێیانە، بەتایبەتی پەکەکەو حەشدی شەعبی‌و پارتی.

ڕێکەوتنەکە هیچ خاڵێکى جێبەجێ نەکراوە، چونکە پەکەکە و هاوپەیمانەکانى و حەشدى شەعبی بە قورسایی خۆیانەوە رووبەرووی رێکەوتنەکە بوونەتەوە، بەشێکى زۆری خەڵکى شارەکەش پێی رازی نین.

بەشێک لە چاودێرانى دۆخەکە پێشبینى ئەوە دەکەن ئەگەرى زۆر هەیە پارتى دەست بۆ پلانى دووەم بەرێت کە ئەویش رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو گرێ کوێرەیە، بەلام بە رەزامەندى ئەمریکاو حکومەتی عێراق.

پارتی لە بەردەم دۆخێکى چارەنوسسازدایە بەو پێیە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەپێشەو دەیەوێت ئەم پرسە پێش هەڵبژاردن یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەوەى دەنگى ئێزییدیەکان بۆخۆى مسۆگەر بکات تا زۆرترین کورسى لە پارێزگاى موسڵ بەدەستبهێنێت، بەلام بەبێ شەنگال پارتى ناتوانێت دەنگی ئەوتۆ لە موسڵ بۆخۆی بەرێت.

 گۆڕەپانێکى نوێ بۆ شەڕی ئێران و تورکیا
سەرەتای ئەمساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند"شەوێک لەناکاو دەچینە شەنگال ".
لەوکاتەشەوە تورکیا بەدوای کاتێکى گونجاو دایە هێرش بکاتە سەر شەنگال و کۆنترۆڵی بکات، پێشتر هەریەک لە وەزیرى دەرەوەو بەرگرى تورکیا هاتنە بەغداو هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى بەرێکەوتن ئەو کارە بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە بەدوای کات و دەرفەتێکى گونجاودا دەگەڕێت تا خۆى تاکلایەنە هێرش بکاتە سەر شەنگال.

ئەم هەڕەشەیەی ئەردۆغان لە ئەرزی واقیعدا تەنیا لەبەربوونى پەکەکە نییە لە شەنگال، بەڵکو لەلایەک پەیوەندى بە نەخشەیەکى نوێی ئابوری جیهانییەوە هەیە کە لەلایەن چینەوە داڕێژراوەو تورکیا جێبەجێکارى ئەو نەخشەیە لەناوچەکە، لەلایەکى دیکەشەوە پەیوەندی بەشوێنى جوگرافی شەنگال و کە ئەو ململانێیە سەختگیرەوە هەیە کە لەنێوان  تورکیا و ئێران هەیە، هەر ئەمەش بوە هۆی ئەوەی لە مانگی رابردودا باڵیۆزی هەردوو ولات لە عێراق قسەی توند و ئاگرینیان دژی یەکتر کرد.

شەڕەکەی شەنگال لە سەعاتی سفر نزیک دەبێتەوە
دۆخی ئێستای شەنگال بارگاوییە بەشەڕ، بەجۆرێک لەلایەک سوپای عێراق و تورکیاو پارتى هەڕەشەی پەلاماردانى شەنگال دەکەن، لەلایەک پەکەکە و هاوپەیمانەکانى بە حەشدی شەعبیشەوە هەڕەشەى وەڵامدانەوەو هێرشی قورس دەکەن.

پارتى مانگى رابردوو هێزێکى زۆرى پێشمەرگەى لەو ناوچانەى شەنگال کۆکردوەتەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە، فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکانى  تورکیاش بەردەوام بەسەر ئاسمانى شەنگالدا دێن و دەچن.

ئەم دۆخە دیمەنێکى ئامادەکراوە بۆ شەڕێکى قورس، بۆیە روودانى شەڕ لەو ناوچەیە لە ئان و ساتدایە کە دوو بەرە کەوتوونەتە بەرامبەر یەک.