بووکە شووشەیەکی بێ دەست و قاچ‌و دزینی هاردو فشارە بێ کۆتاکان

ڕاپۆرت

31/03/2021‌ 1331 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سەردەشت عەبدولرەحمان

ئەزموونی کاری رۆژنامەنووسی و رێکخراوەییم

بۆ ٢١ ساڵ دەچێت من لەبواری میدیاو کاری رێکخراوەییدا جموجۆڵ‌و چالاکیم هەیە، ئێستا کە لێرەوە تەماشای ئەو ئەزموونە دەکەم، دڵخۆشم بەوەی پێ گەیشتووم، ئەوە هەمووی هەوڵی ساڵانێکە لەئەزموون و سەرکێشی کە بێ ناڕەحەتی تێنەپەڕیوە.

سەرەتای کاری رۆژنامەنووسیم دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠، کە ئەو کات دەزگا میدیاییەکان تەنیا چەند کەناڵ و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤارێک بوون، بەمەبەستی پەیداکردنی زانیاری لە کاری رۆژنامەنووسی بەشدارییم لە چەندین خولی فێربوونی کاری رۆژنامەنووسی لە هەریەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)  و (بنکەی بەهێزکردنی تواناکانی لاوان )ی سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، (سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی عێراقی) لە لوبنان، ئەنستیتوی (IWPR)، رێکخراوی (IREX) و پاشان لە رۆژنامەی (هاوڵاتی ) وەک یەکەمین رۆژنامەی (ئەهلی) لە کوردستان دەستم بە کارکردن کرد.

کارکردن لەو سەردەمەدا لەبواری رۆژنامەنووسی بۆ ژنان سەخت بوو، بە تایبەتی لە رۆژنامەی ئەهلی، چونکە ئەزموونێکی نوێی بواری رۆژنامەگەری بوو لە هەرێمی کوردستان و ئێمەش کەمئەزموون و گەنج بووین لە بوارەکەدا، هەروەها کەسانی سەربەخۆ بووین، ئەمەش ببووە هۆی دروستکردنی بەربەست لە کاتی کارکردنماندا، بەتایبەت لەوەرگرتنی لێدوان لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی.

لەماوەی دوو دەیەی کارکردنمدا زۆر رووداوی سەیرم بەسەرهاتوون، بەڵام هەندێکیان بەشێوەیەکی بەردەوام لە یادەوەریمدا ئامادەییان هەیە.

دزینێکی پلان بۆ داڕێژراوی داتاو کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانم، راپێچی دادگاو بردنی بابەتە رۆژنامەوانییەکانم رووداو گەلێکن کە هەرگیز بیرم ناچنەوە.

بردنی کەرەستە رۆژنامەوانییەکانم
ئەمەی لێرەدا باسی دەکەم لە نوێترین ئەو پێشێلکاریانەیە کە بەهۆی کارکردن لەوەر ماف و ئازادییەکان دووچاری هاتووم.

سەرەڕای نەبوونی سەلامەتی تەواو لەسەر ژیانم لەبەر خۆشەویستی کارەکەم لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٧ لەدەرەوە گەڕامەوە بۆ کوردستان لەگەڵ رێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی(IMS) کارم کرد لە پڕۆژەی (پێکەوە ژیانی ئاشتییانە) و (ژنانی ڕزگاربووی ژێردەستی داعش) و چۆنییەتی مامەڵەکردنی رۆژنامەنووسیانە لەگەڵیان و بۆ ئەومەبەستە سەردانی شەنگال و دهۆکمان کرد ئەویش بەمەبەستی شارەزابوون لە چۆنییەتی (دۆکیۆمێنت) کردنی ئەو کارەساتەنی بەسەر ژنانی ژێردەستی داعش دا هاتووە.

دوای ئەنجامدان و نووسیی چەند راپۆرت و بەدواداچوون لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و رەوشی ژنانی رزگاربووی دەستی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بەباشمزانی کە لە نزیکەوە سەردانی ئەو ژن و کچانە بکەم کە رزگاربووی دەست رێکخراوەکەن، لەزاری خۆیانەوە بەسەرهاتەکانیان بکەمە دۆکیومێنت، بۆ ئەمەش لەکۆتایی مانگی ٦ ساڵی ٢٠١٨دا لەسلێمانیەوە چوومە دهۆک و سەرەتا هەندێ ژنی رزگاربووی دەستی داعشم لەنێو کەمپی ئاوارەکانی دهۆکدا دواند، کە یەکێک لەو ژنانە ٧ جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکرابوو، سەرەڕای ئەو نەهامەتیانەش لەکاتێکدا سکی پڕ ببوو ئەوان بەزۆر نوێژ و رۆژوویان پێ ئەنجامدابوو، کە ئەمەش جۆرێک لە ئەشکەنجەی دەروونی بوو لەسەریان.

بۆ رۆژی دواتر لەگەڵ خێزانێکی شەنگالیدا، چوومە قەزای شەنگال و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەو کەسانە ئەنجامدا کە گەڕابوونەوە زێدی خۆیان، لە میانەی سەردانەکەماندا  لە ناو شەنگال چەندین خەڵکمان دواند کە لە ئێستادا لەوێ نیشتەجێن، دانیشتوانی ئەو ناوچەیە تا ئێستاش لەتارمایی شومی هێرشی داعشدا رزگاریان نەبووەو لەدووبارەبوونەوەی کارەسات‌و کوشتارو بەکەنیزەک بردنی ژن‌و کچەکانیان دەترسن. لەمیانەی چاوپێکەوتنەکانماندا هەستمان بەوەکرد  کە زۆرینەیان دەترسن لەوەی لەبەردەم کامێرادا دەربکەون ، بەڵام پێیان باشە کە سەردانیان بکرێت و گوێ لەداواکاریەکانیان بگیرێت، داواکاریەکانیشیان سادەو ساکارن و دابین کردنی پێداویستی سەرەتایی وەک کردنەوەی قوتابخانەکان ونەخؤشخانەو هاوکاریکردنیانە بەئامانجی دوبارە بوژاندنەوەو نۆژەن کردنەوەی ماڵ‌و حاڵیان کە زۆربەیان جەنگ‌و بردومان کردونی بەکەلاوە. مندالەکان لەبری یاری منالان و یاریگاکان داوای مامۆستا و چونە قوتابخانەیان دەکرد. ژنە ڕزگاربوەکان داوای چارەسەری دەرونیان دەکرد کە داعش زۆرترین زەبری دەرونی و جەستەیی لێداون.

بەمجۆرە چەندەها چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا و زۆرینەی بەسەرهاتەکانیان بەتایبەتی ئەو کاتەی کە ژن و منداڵەکان کرابوون بە کەنیزەک و کۆیلەی دەستی داعشیەکان تۆمارکران، بەڵام هەموو ئەو دۆکیۆمێنت و چاوپێکەوتنانەی ناوکەمپەکان و ئەو ئازارانەی کە ئاوارە ئیزیدییەکان رووبەڕوویان دەبێتەوە کۆکرابوونە و لە هاردیکدا و فۆتۆکان لە ٢ کامیرای دیجیتالدا هەڵگیرابوون، بەنیازبووین لە ویبسایتی (المنصة) بە زنجیرەیەک هەموو ئەو بابەتانە دابەزینین، بەڵام بەشێوەیەکی سەیر و لە ناکاو و گوماناوی کەسێکی نەناسراو ئێوارە هاتبوونە سەرماڵی خوشکم لەسلێمانی هەموو ئەو ئەرشیفانەیان بردبوو، بەبێ ئەوەی لەماڵەکەدا بەدوای شتێکی دیکەدا گەڕابن،  سەرەڕای تۆمارکردنی سکاڵا بەڵام هیچ ئەنجامێکمان دەست نەکەوت.

یەکەمین راپۆرت و سکاڵا
رووداوی بردنی هاردو کامێراکانم یەکەمین نارەحەتی نەبوو کە لەژیانی رۆژنامەوانیمدا دووچاری هاتبم، بەڵکو هەر سەرەتای کارکردنم بوو کە راپێچی دادگا کرام.

لە کاتی کارکردنم لە رۆژنامەی هاوڵاتی راپۆرتێکم ئامادەکرد سەبارەت بە بەکارهێنانی بورجەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ژنان لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستان لەژێر ناوی (لەبارەگایەکی یەکێتی ژناندا لەرێگەی بورجەکانەوە چارەسەری کێشەی ژنان دەکەن)، کە سەر بە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ) بوون، ئەو حیزبە حیزبی باڵادەستی چەکداریی و حکومی بوو لە کوردستان، ئەو سەردەمە کوردستان دوو حکومەت و دوو ئیدارەی هەبوو کە لەلایەن دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانەوە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بەڕێوە دەبرا.

پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە فشارە یاسایی و حیزبیی و کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکرد، من لەو کاتەدا تازە دامەزرابووم لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئیدارەی سلێمانی و لەسەرەتای بیستەکانی تەمەنمدا بووم لە کۆمەڵگایەکی داخراوی وەک کوردستان، رێکخراوی یەکێتی ژنان داوای یاساییان لەسەر تۆمارکردم، پاشان هەوڵیان دەدا لەرێگەی کۆمەڵایەتییەوە ناچارم بکەن داوای لێبووردن بکەم، تەنانەت شەوێکیان بەمەبەستی چارسەرکردنی گرفتەکە کە (لە بنەڕەتدا بۆ ترساندن) بوو، کاتژمێر ١٢ی شەو هاتن بۆسەردانی ماڵمان، بەو مەبەستەی کە رازییم بکەن داوای لێبووردنیان لێبکەم، بەڵام من سوور بوم لەسەر ئەوەی کە راستییەکەم خستۆتەڕوو .
 بەڵام ئەوەی زیاتر گرفتەکەی بۆ من سەختتر کرد کەسوکارەکەم بوو، ئەوان سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوون و  لایان قورس بوو کە من بابەتێکی رەخنەیی لەسەررێکخراوێکی سەر بەو حیزبە بڵاوبکەمەوە.

دوایی ئەوەی کە من سووربووم لەسەر راستیی و دروستی بابەتەکە، هەروەها بە هیج شێوەیەک ئامادە نەبووم داوای لێبوردن بکەم، یەکێتی ژنان بەردەوام بوون لەسەر داوا یاساییەکەیان، دواتر من بانگکرام بۆ بنکەی پۆلیس بەمەبەستی پێڕاگەیاندنی داواکە (تبلیغ)، کە بۆ من ئەوە یەکەمجار بوو سکاڵام لەسەر تۆمار بکرێت و بچمە بنکەی پۆلیس، لەهەمووی ناخۆشتر نەمدەتوانی بەهیچ شێوەیەک لە ماڵەوە باسی بکەم کە چی روویداوە، تەنانەت هاوڕێکانیشم دەترسان لەوەی تا ماڵەوە لەگەڵم بێنەوە لە ترسی ئەوەی نەک لەرێگادا تووشی کەسانی چەکدار ببین و هێرشمان بکەنە سەر.

بەمەبەستی بەرگریکردن لەخۆم پەنام بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی برد بۆ ئەوەی بتوانن پارێزەرم بۆدابین بکەن، سەرنووسەری ئەوکاتەی هاوڵاتی (ئاسۆس هەردی) ناونیشانی پارێزەری رۆژنامەی هاوڵاتی پێدام بۆئەوەی ببێت بە پاریزەرم، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کە داوای بڕێک پارەی زۆری دەکرد و من تازە دامەزرا بووم و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتم نەبوو نەمتوانی ئەو بڕە پارەی پێبدەم کە پارێزەرەکە داوای دەکرد.

پاشان خۆم پەیوەندیم بە سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) کرد بۆ ئەوەی وەک رێکخراوێکی پەیوەندیدار بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ بەرگریی لە کەیسەکەم بکەن، ئەوان پاریزەریان بۆ دابینکردم لە کەیسەکەدا، پاشان وەک خۆبەخش لەو رێکخراوەدا دەستم بە کارکردن کرد و لە دواییدا پۆستی بەڕێوەبەری رێکخراوەکەم وەرگرت.

پاش تەداخولکرنی (DHRD) و پارێزەرەکانیان بۆ کەیسەکە و پاش بەڕێوەچوونی چەندین دادگایی دوورودرێژ یەکێتی ژنان سکاڵاکەیان کشاندەوە .

شۆفێری تاکسییەکە بووە کەفیلم
ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانیی و سەرسوڕمان بوو بۆ من رۆژنامەی هاوڵاتی لە کەیسەکەدا نەیتوانی بەپێی پێویست پاڵپشت و هاوکارم بێت، تەنانەت بە هەواڵێکیش باسی ئەو داوا یاساییەی نەکرد کە لەسەر من تۆمار کرابوو، کە لەوکاتەدا بابەتێکی زۆرتازە بوو کە رۆژنامەنوسێک داوای یاسایی لەسەر تۆمار بکرێت، چونکە هیچ رۆژنامەو گۆڤارێکی دەرەوەی حیزبەکان بوونی نەبوو، هۆکاری سەرەکی ئەوەشی کە نەکرا بە هەواڵ ئەوە بوو کە لەوکاتەدا من ناوێکی نەناسراو و رۆژنامەنوسێکی کچی گەنج بووم نەیاندەویست دەربکەوم، چونکە لەوباوەڕەدابوون بەبڵاوکردنەوەی هەواڵێکی لەو جۆرە لەسەر من دەبمە هۆی دەرکەوتن لەبواری رۆژنامەگەریدا، هەروەها لە هیج دانیشتنێکی دادگا ئامادە نەبوون و پارێزەریشیان بۆ دابیین نەکردم، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیەی کە رۆژنامەکە راپۆرتەکەی تێدا بڵاوکرابۆوە لەبەر گەرموگووڕی بابەتەکە هیچ ژمارەیەکی لە بازاڕدا نەما و هەموی فرۆشرا، ئەمە لە کاتێکدا سەرنووسەر و ئەندامێکی دەستەی نووسەران تەنیا سکاڵایەکیان لەسەر تۆمارکراو نەشچونە دادگا دۆسییەکە داخرا و کرا بە هەواڵ و مانشێتی رۆژنامەکە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، ئەمەش دەرخەری ئەو جیاکارییە رەگەزییە بوو کە تەنانەت لە ناو رۆژنامەنووسانیشدا رەنگی داوەتەوە تا ئێستاش بەردەوامە.

ئەو فشارانەی کە لەم کەیسەدا رووبەڕووم بوویەوە زۆر زیاتر بوو لەوەی کە چاوەڕێم دەکرد. ئەو جۆرە مامەڵەی رۆژنامەکە و هەڵوێستیان لەکاتی سکاڵا و دادگاییکردنەکەدا، ئەو فشارانەی کە یەکێتی ژنان لە رێگەی کۆمەڵایەتیی و یاساییەوە دەیانکردە سەر من و نەبوونی هیچ پاڵپشتێکی خێزانیی و کۆمەڵایەتی کە تەنانەت ئەو هاوڕێیانەی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵم بوون، سەرەرای ئەوەی بەڵێنیان پێدام لەگەڵم بن بۆ بنکەی پۆلیس ئامادەییان نەبوو ئەو رۆژە بێن تەنیا کەسێک هات کە ئەویش شۆفێری تەکسی بوو، دواتر هەر ئەو بوو بەکەفیلم تا رۆژی دادگاییکردن، کە ئەمەش بۆ من زۆر گران کەوتەوە کە کەسێکی نەناسراو ببێتە کەفیلم وە وا مامەڵەم لەگەڵ بکرێت کە تاوانێکی گەورەم ئەنجامداوە، لە کاتێکدا من لەو کاتەدا لەسەرەتای کارکردنی رۆژنامەنووسی و لەسەرەتای بیستەکانی تەمەنمدا بوون .

کۆی ئەو ئەزموونە بوو کە وایلێکردم لە دواتردا دەست بەکاری رێکخراوەیی بکەم و هەوڵبدەم ببمە پالپشتێک بۆ هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی کەرووبەڕووی فشار و هەڕەشەکردن دەبنەوە  بە تایبەت رؤژنامەنوسە مێیینەکان، چونکە لە کۆمەڵگایەکی خێلەکی وەک کوردستان زۆر ئاسان دەتوانرێت بخرێنە ژیرفشار و تۆمەتیان بۆ هەڵببەسترێت و لەکایە گشتییەکاندا دوور بخرێنەوە.

جیاکاری و بەکارهێنانی ناڕەوای مافی ئافرەتانی رۆژنامەنووس
یەکێکی دیکە لەو جیاکاریی و نادادپەروەریانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسە مێینەکان دەکرا ئەوەبوو کە کاتێک ڕاپۆرتێکیان ئامادە دەکرد و بڵاودەکرایەوە، ئەندامانی دەستەی نووسەران کە هەموویان پیاو بوون لە رۆژنامە بیانییەکان بەناوی خۆیانەوە بڵاویاندەکردەوە و پارەیان پێوەردەگرت، کە ئەو حاڵەتە رووبەڕووی خۆم بویەوە لە ئامادەکردنی راپۆرتێکدا لەسەر کەمپی ئاوارە ئێرانییەکان و رەوشی ژیانیان و مەترسی دەزگای هەواڵگری ئێران (ئیتیڵاعات) لەسەریان، پاش تەواوکردن و ئامادەکردنی راپۆرتەکە، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەران نەیدەویست لەو ژمارەیەدا بڵاوببێتەوە، پاشان کە لەهۆی بڵاونەکردنەوەیم پرسی وتی: دەمانەوێت لە رۆژنامەیەکی دەرەکیدا بڵاوی بکەمەوە، منیش لێم پرسی بەناوی کێوە بڵاویدەکەیتەوە؟ وتی: بەناوی خۆمەوە، پێم وت ئەو راپۆرتە من خۆم ئامادەم کردوە و زانیارییەکانم لەڕێگەی سەرچاوەی تایبەت بە خۆمەوە دەست کەوتووە چۆن بەناوی خۆتەوە بڵاوی دەکەیتەوە ؟ وتی: جا کێ تۆ دەناسێت تا بەناوی تۆوە بڵاوی بکەمەوە.

یەکێکی دی لەو پێشێلکارییە جەندەرییانەی کە بەرامبەر ژنانی رۆژنامەنووس ئەنجامدرا لە رۆژنامەی هاوڵاتی، ئەوەبوو رێکخراوێکی هۆڵەندی داوەتی چەند رۆژنامەنووسێکی کرد وەکو رۆژنامەنووسی چالاکی رۆژنامەکە، وەک ئەزمونێکی نوێی کاری رۆژنامەنووسی ئازاد و سەربەخۆ، بەڵام لە بری ناردنی یەکێک لە کچە رۆژنامەنووسە چالاکەکان، هاوسەری یەکێک لە دەستەی نووسەرانی رۆژنامەکە بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی بەکاری رۆژنامەگەرییەوە هەبووبێت لەو کاتەدا بەناوی چالاکترین و بە ئەزموونترین ژنە رۆژنامەنووسی رۆژنامەکە نێردرایە هۆڵەندا.

یەکێکی دی لەو پێشێلکارییە جەندەرییانە کە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرا، پشت بەستن بوو بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نیمچە رووتی ئافرەتان بەمەبەستی فرۆشتنی ڕۆژنامەکە  کە ئەمەش بەلای ئێمەوە وەک رۆژنامەنووسە مێینەکانی ناو رۆژنامەکەوە کارێکی نەشیاو و پێچەوانەی بنەماکانی کاری ڕۆژنامەگەری بوو، سەرەڕای چەندین جار بەڵێندان لەلایەن سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکەوە، بەڵام ئەو دۆخەش هەر بەردەوام بوو، ئەمەش وایلیکردم لە رۆژنامەکە دوور بکەومەوە.

سەرەڕای ئەو کارانەی لەسەر کەیسەکانی تایبەت بە ژنان کردبووم کە هەندێکیش لەو کارانە بە ناوی خوازراوەوە بڵاوکرابوونەوە، پاش بڵاوکردنەوەی نووسین و راپۆرتەکان چەند ژنکوژ و تاوانبارێک دەستگیرکران و لەلایەن دادگاوە بە سزای خۆیان گەیشتن، هەروەها سەبارەت بە خۆسووتاندنی ژنان چەندین بابەتم بە زنجیرە بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی (جەنگێک لە سێبەردا) کە ئەمەش دەنگدانەوەی باشی هەبوو و وەزارەتی ئەوقاف و رۆشنبیری هاتنە سەرخەت و تەنانەت لەڕێی وەزارەتی ئەوقافەوە چەند وتارێکی هەینی تایبەتکرا بەو بابەتە.

بووکە شووشەیەکی بێدەست و قاچ.. ئەزموونی کاری رێکخراوەییەم
وەک ئاماژەم پێدا لە سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) دەستم بەکارکردن کرد وەک خۆبەخش و کارمان لەسەر کەیسەکانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا دەکرد، لەهەمانکاتدا لە ڕێکخراوی (  ASK-کۆمەلەی ئەمریکی بۆ کورد) کە کارمان لەسەر سانسۆری سەر راگەیاندن و کردنەوەی خولی سەرکردایەتی بۆ ژنان و جیندەر و مافی رۆژنامەنووسان دەکرد، هەروەها چەندین کتێب و بڵاوکراوەمان ئامادەکرد لەو بوارانەدا کەکارمان لەسەر دەکرد.
لە ڕێکخراوی (DHRD) لەسەر بنەمای ئەو ئەزموونەی پێشتر کە لەکاری ڕۆژنامەنووسیدا باسمکرد چەند زنجیرە کارێکمان ئەنجامدا وەک:
بیرۆکەی دروستکردنی سەنتەری بەرگری یاسایی لە رۆژنامەنووسانم پێشکەشکرد، کە دواتر بە  بەپاڵپشتی ڕێکخراوی (IMS)  کە تایبەت بوو بە بەرگریکردن لە رۆژنامەنوسان لە کاتی رووبەڕوونەوەی پیشێلکاریی لە دژیان، لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کارمان دەکرد و سەندیکای ڕۆژنامەنوسان پاڵپشتمان بوو لەوکارەدا .
جگە لەکاری یاسایی لە سەنتەرەکەدا چەندین خول و راهێننامان بۆ رۆژنامەنووسان کردەوە بۆ ئاشنا کردنیان بە یاسای کاری رۆژنامەنووسی و چۆنییەتی مامەڵەکردنی رۆژنامەنووسان لەگەڵ ئەوکەیسانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە دادگا و بنکەکانی پۆلیسدا.

یەکێک لەوکەیسە دیارانەی کە کارمان لەسەر کرد کەیسی رۆژنامەنووس ( کاوە گەرمیانی ) بوو کە پێش تیرۆرکردنی ئێمە سەردانمان کرد و ئامادەیی خۆمان بۆ دەربڕی کە وەک سەنتەری بەرگری لە رۆژنامەنوسان و ڕێکخراوی ( DHRD) پاڵپشتی و بەرگری لێبکەین کە بەداخەوە ئەو رەتی کردەوە و وتی من هیچ بڕوایەکم بە دادگا و ڕێکخراو نییە و خۆم بەرگری لەخۆم دەکەم، دواتر کە دەسەڵات زانی ئێمە پەیوەندیمان بە کاوە گەرمییانیەوە کردوە هەڕەشەیان لە خۆم وستافی سەنتەرەکەو ریکخراوەکە کرد کە تەداخولی ئەوکەیسەنەکەین و پەیوەندیمان بە کاوە گەرمیانییەوە نەبێت، بەڵام ئێمە هەربەردەوام بووین لە کارکردن و بەدواداچوون بۆکەیسەکە، بەڵام بەداخەوە کاوە گەرمیانی بەتەواوەتی رەفزی داواکەمانی کردو ئەوە بوو دوای ماوەیەکی کەم تیرۆر کرا.

هەروەها بەرگری کردنی یاساییمان لە هەندێ رۆژنامەنووسی دیار وەک: کارزان کەریم و نیاز عەزیز لە هەولێرکە بە هۆی کاری رۆژنامەنووسیەوە لە ئاسایشی هەولێر زیندانی کرابوون، هەروەها شێروان شێروانی لە دهۆک و ئاسۆس هەردی لە سلێمانی کە لەلایەن سەنتەرەکەوە پارێزەریان بۆدابینکراو توانیمان داواکان لەبەرژەوەندی رۆژنامەنووسەکان کۆتایی پێبهێنین.

لەچوارچێوەی کاری سەنتەرەکەدا چەندین راپرسیمان ئەنجامداوە تایبەت بەوەی کە بۆ ڕۆژنامەنووسان داوای یاسایی تۆمارناکەن لەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدەدەن و پەنا نابەنە بەردادگا بۆ یەکلایی کردنەوەی کیشەکانیان،  خولی تایبەتمان بۆ پارێزەران کردەوە بەمەبەستی پێدانی زانیاری تەواو لەسەر یاسای کاری رۆژنامەنووسی و بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان، چەندین کەیسی یاساییمان بۆ رۆژنامەنوسان بینییوە و لە زیندان ئازادمان کردوون و لەئێساشدا ئەو ڕۆژنامەنووسانە ماون و ئاگاداری تەواوی کاری سەنتەرەکەن .

بابەتێکی دیکە کە ئێمە کارمان لەسەر کرد (یاسای بەدەستهێنانی مافی زانیاری) بوو لە ئێمە وەک ڕێکخراو کارمان لەسەرکرد و من سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بووم بە هاوکاری لەگەڵ (سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان )، پاش چەندین کۆبوونەوە و ۆرکشۆپ و بە راوێژ لەگەڵ کەسانی شارەزای کاری یاسایی و رۆژنامەنووسی توانرا یاساکە دەربچوێنرێت.

بوارێکی تری کارکردنمان لە (DHRD) کارکردن بوو لەسەر ئەو راگیراو و سزادراوانەی ناو بەندیخانەکان کە ڕووبەرووی ئەشکەنجە بوونەتەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام ڕاپۆرتمان دەخستە ڕوو، ئەمەش یەکەمجار بوو بەوشێوەیە و بە ئاشکرا بۆ ڕای گشتی بخرێتە روو ، کە باس لە بوونی ئەشکەنجە بکرێت لە زیندانەکاندا ، لە بەرامبەر ئەوەدا لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ جارێکیتر و بەشێوەیەکی جیاواز لەوداوایاساییە و هەڕەشانەی کە لەساڵی ٢٠٠٠ لە بەرامبەرم ئەنجامدرا ، جارێکیتر ڕووبەڕوی هەڕەشە بوومەوە بە شێوازێکی زۆر جیاواز و سەیر پەیامێکی هەڕەشە ئامێزیان بۆ ناردم، کە بووکە شووشەیەک بەبێدەست و قاچ کە جلێکی سەربازیان لەبەرکردبوو لە سوچێکی سەربان دانرا بوو، وەک فشارێکی دەروونی بۆ ئەوەی ناوی ئەوکەسانە ئاشکرا بکەین کە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کردوون، کە ئەمەش مەترسی دەخستە سەر ژیانی ئەوکەسانە، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک نەچووینە ژێرباری ئەوفشارانە و پێداگریمان لەسەر ڕاستی و دروستی زانیارییەکانی ناوراپۆرتەکە کرد، چونکە لە رێگای تیمێکی پارێزەری  شارەزاوە ڕاپۆرتەکان ئامادەکرابوو.

لە چوارچێوەی ستراتیژی بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کایە گشتییەکاندا لە ساڵی ٢٠١٤ بە پالپشتی (  IMS) تۆڕێکی فراوانمان لە خانمان پێکهێنا بە ناوی ( مافی من لە میدیا) دا. ئەم پڕۆژەیە یەکێک بوو لەو بیرۆکانەی کە بە باشم زانی کاری لەسەر بکرێت بەمەبەستی وەدەرخستنی  رۆڵی ژنان و هاندانی ژنان بۆ دەرکەوتن لە میدیادا.

دواتر بەهۆی سەفەرکردنم بۆدەرەوەی وڵات پرۆژەکە کەسانێکی تر بەڕێوەیان برد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ژن نەبوون و لەو ئێش و ئازارە ئاگادارنەبوون کە ژنێک لەکاری رێکخراوەیی و میدیاییدا تووشی دەبێت،  ئەو پەیامە نەگەشت کە نێتۆرکەکەی بۆدامەزرا.

هیوای گۆڕانکاری بۆ ئایندە:
سەرەڕای چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ بەدواداچوونی لەسەر بەڕێوەچوونی کەیسەکان، هەرچەند من گومانم هەیە کە لە دادگاکان بەپێی پێویست بەڕێوەبچن، بەتایبەتی لەحاڵەتی ئێستادا چونکە ئێمە پێشتریش وەک باسم کردووە ئەزموونمان هەبووە لەوبارەیەوە کە زۆر هێواشی دەچن بەدوای ئەو سکاڵایانەوە، هەروەها ئەوانەی کە ئێستا لە هەواڵەکان دەیبیستین کە کاری میدیا و رۆژنامەگەری کە چۆن پەڕاوێز دەخرێن و بە دەستی تێکدەر ناوزەد دەکرێن و تۆمەتی ناراستیان دەخرێتە پاڵ و حکومەت هیچ هەڵوێستێکی نییە بەرامبەریان، بەڵام من پێموایە ئەو پێشێلکاریانە ئەگەر تۆمار بکرێن وەک ئەرشیفکردنێکی یاسایی و پاراستنیان، ئەرکێکی باش دەبێت، چونکە ئێمە وەک کارکردن لەبواری یاسایی کاری رۆژنامەگەری و بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەنووسان یەکێک لەو کێشانەی ئێمە هەمانبوو نەبوونی دۆکیومێنت بوو، چونکە لەدادگا دۆکیومێنتی پێویستمان نەبوو، راستە لەوانەیە بەپێی پێویست نەیەن بەدەم داواکەتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە بنکەی پۆلیس و شوێنە پەیوەنددارەکان تۆ داواکەت تۆمار کردبێت بۆ ئەوەی ئەو پاساوەیان بۆ نەهێڵیتەوە کە بەدواداچوون بۆ کەیسەکەت نەکەن، بۆیە پێمباشە ئەوانە گەرچی ئیشیشیان لەسەر نەکرێت لە ئێستادا بەڵام پێویستە بکرێنە دۆکیومێنت، کە دۆکیومێنتیش هەبوو لە ئایندە دەتوانرێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت، چونکە ئەو کات بە بەڵگەوە راستیەکان دەخرێنەڕوو بەهەند وەردەگیرێن.