خواردنی جپسی پەتاتە زیان بەگورچیلەکان دەگەیەنێت

تەندروستی

06/04/2021‌ 662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا"ی هیندی، نوێترین لێکۆڵینەوە کە لەسەر مشکی تاقیگەیی کراوە، دەریخستووە کە دەکرێت خواردنی خواردەمەنییە درووستکراوەکانی وەک چپسی پەتاتە، مرۆڤ تووشی کۆنیشانەیLeaking bowel syndrome بکات کە ئەویش لای خۆیەوە مەترسیی تووشبوون بەنەخۆشییەکانی گورچیلە زیاد دەکات.

لێکۆڵینەوەکە کە لەلایەن زاناکانی زانکۆی مووناش لەئوسترالیا کراوە دەڵێت، ئەو خواردنانەی لەڕێگای گەرمکردنەوە دەستکاریکراون دەوڵەمەندن بەپێکهاتە کیمایی زینبەخشی وەک (AGEs)، کە تام‌و بۆنێکی خۆش بەخواردنە سوێرکراوو برژاوو سوورکراوەو بەهەویرکراوەکان دەبەخشێت.

لەبەشێکی لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەهاتووە، پێکهاتەکانی AGEs پرۆسەیەک درووستدەکات کە پێیدەوترێت کارلێکی"میلارد" کە هەڵدەستێت بەکارپێکردنی ئاماژەی مەترسیدار لەجەستەدا، ئەمەش وادەکات وەڵامدانەوەی هەوکردن‌و نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلەی لەجەستەدا لێبکەوێتەوە.

زاناکان ڕوونیانکردۆتەوە، خواردنی خواردەمەنیانەی دەوڵەمەندن بەڕیشاڵە خۆراکییەکان، وەک شۆڤان، برنجی لێنراو، جۆ، پاقلەمەنییەکانی وەک پاقلە، فاسۆلیای رەش، بازێلا، پەتاتەی نوێ، پەتاتە لێنراوو ساردکراوە، یارمەتیدەردەبن لەباشکردنەوەی تەندرووستیی ڕیخۆڵەو گورچیلەکان.

لای خۆیەوە دکتۆرە میلیندا کۆجلان سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەکەو پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانکۆی موناش دەڵێت:"پێویستە لەخواردنە دەستکاریکراوەکانی وەک چپسی پەتاتەو شۆکۆلاتە دووربکەوینەوەو لەجیاتی ئەوە ئەو خواردنانە بخۆین کە دەوڵەمەندن بەڕیشاڵەکان، تاوەکو لەوڕێگایەوە لەزیانگەیاندن بەگورچیلەکان بەدووربین".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی