لێکۆڵینەوەیەک گریمانەی بوونی پەیوەندی لەنێوان تووشبوون بەکۆرۆنا گرووپی خوێن ڕەتدەکاتەوە

تەندروستی

07/04/2021‌ 1381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی کە ئەنجامەکانی لەگۆڤاری "گاما نێتوۆرک ئۆپن"دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، گرووپی خوێنی کەسەکان هیچ پەیوەندییەکی بەتووشبوون بەڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19)وە نییە.

لێکۆڵینەوەکە لەنێوان مارس بۆ نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن زانا ئەمەریکییەکانەوە کراوەو تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ داتای زیاتر لە 100 هەزار کەس کراوە، ئەوانەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان بۆکراوە.

لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان تووشبوون بەڤایرۆسی کۆڕۆناو گرووپی خوێنەوە نییە، ئەوەش پێچەوانەی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی پێشووترە کە ئاماژەیان بەوەدەکرد، ئەوکەسانەی گرووپی خوێنەکەیان لەجۆری (A) یە، زیاتر ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشییەکەیان هەیە.

دکتۆر جیفری ئەندرسۆن لەناوەندی پزیشکی "ئینتەر ماونتین" لەشاری سۆڵت لیک وتویەتی:"لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی چین‌و ئەوروپاو بۆستن‌و نیویۆرک‌و ناوچەکانی تردا، دەستمان کرد بەئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی گەورە لەسەر ئەوکەسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون، لەئەنجامدا بەو بڕوایە گەیشتین کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان گرووپی خوێن‌و تووشبوون بەڤایرۆسی کۆڕۆنادا نییە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی