شارپرێس:
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی فەرمی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان، بڕیاردراوە زانکۆیەکی نوێ لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێتەوەو لەمانگی ئابی ئەمساڵەوە پێشوازی لەخوێندکاران بکات.
لەبەشێکی هەواڵەکەدا باس لەوەکراوە، زانکۆکە ناوی زانکۆی "ڕۆژهەڵات" دەبێتو دەکەوێتە شاری ڕەققە، بەشێوەیەک لەسێ کۆلێژو سێ پەیمانگا پێکدێت، ئەوانیش کۆلێژەکانی پەروەردە بەشی (ئەدەبی عەرەبی)و کۆلێژی زانستە بنەڕەتییەکان بەشەکانی (فیزیاو کیمیاو بیرکاری)، هەروەک پەیمانگاکانی کارگێڕییو ئابوری بەشی ژمێریارییو پەیمانگای زمان، لەخۆدەگرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، پڕۆگرامی خوێندن لەو زانکۆیەدا بەشێوازی ئەوروپایی دەبێتو پشت دەبەسترێت بەتوێژینەوەو بەرنامەی کۆرسات.
زانکۆی ڕۆژهەڵات چوارەم زانکۆیە لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بونیاد دەنرێت، ئەویش دوای زانکۆکانی عەفرینو ڕۆژئاواو کۆبانێ، بەڵام دوای داگیرکردنی هەرێمی عەفرین لەلایەن تورکیاو گروپە توندڕەوە سورییەکانی لایەنگری ئەنكەرەوه، زانکۆی عەفرین داخرا.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی