قوباد تاڵەبانى: حکومەتی هەرێم بەتەنیا ناتوانێت هەموو شتێک بکات

کوردستان

08/04/2021‌ 585 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگیرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند،خۆشحاڵین بازرگانان ڕوویان لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی كردووە كە ئەوە مژدەی ئابورییەكی بەهێزە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەكاتی دانانی بەردی بناغەی كارگەری شەكری بیتوێن ڕایگەیاند“ئەم پرۆژەیە هاوتایە لەگەڵ ڕوئیای من بۆ ئابورییەكی بەهێز، حكومەت بە تەنها ناتوانێت هەموو كارێك بكات و باشیش نییە هەموو كارێك بكات، بەڵكو دەبێت حكومەت دەرفەت بۆ كەرتی تایبەت بڕەخسێنێت كاری لەمجۆرە ئەنجام بدات”.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، خۆشحاڵین بازرگانان ڕوویان لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی كردووە، كە مژدەی ئابورییەكی بەهێز و گەشەسەندمان دەداتێ.

قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، ئەم پرۆژەیە، 8 هەزار هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دروست دەكات، كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێك دەباتە پێشەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، “لە حكومەتی هەرێم بە هەموو توانامانەوە پشتگیری لەم پرۆژەیە دەكەین، پرۆژە و پلانی دیكەمان هەیە و خەریكین بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوشێوەیەی ئەمەین لەگەڵ وەبەرهێنەراندا”.

هەروەها تاڵەبانى باسى لەوەشکرد، ڕاستە كوردستان خاكێكی بەپیت و بەبەرەكەتی هەیە بۆ كشتوكاڵ، بەڵام دەبێت ڕەچاوی پێوەرە زانستییەكان بكەین، ئەم پرۆژەیە پێویستی بە ئاوێكی زۆر دەبێت، بۆیە دەبێت وریابین لە بەكارهێنانی ئاودا و ڕەچاوی سیستمێكی باشی ئاودێری بكەین بۆ ئەوەی ئاو بە فیڕۆ نەدرێت”، وەك قوباد تاڵەبانی ئاماژەی پێكرد.