داوای گۆڕینی ئاڵاو سرودی نیشتیمانی کوردستان دەکرێت‌و ئەردۆغانیش هەڕەشەدەکات

کوردستان

06/06/2021‌ 5358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماوەیەکە بۆ جارێکی ترو بەهەوڵێکی نوێی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بابەتی نوسینەوەو پەسەندکردنی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان بوەتە یەکێک لەبابەتە گەرمەکانی نێوان هێزە سیاسیەکان‌و پێکهاتەکانی نێو کۆمەڵگە.


لەشاری هەولێرو بەئامادەبونی هەموو هێزو سیاسییەکان‌و بەرپرسانی باڵای حکومی‌و حزبی کۆنفرانسێک بۆ دەستور سازکراو لەوێوە بانگەوازی دەستپێکردنی هەوڵەکان بۆ نوسینەوەی دەستور ڕاگەیەنرا.

نێچیرڤان بارزانی مانۆریکی سەردانەکانی بۆ لای هێزو لایەن سیاسیەکان دەستپێکردو لەنزیکەوە باسیان لەنوسینەوەی دەستورو بەهەند وەرگرتنی ڕای لایەنە جیاوازەکان کرد.

ئەگەرچی کۆنفرانسەکە بەناوی یەکڕیزیی‌و دەستورەوە بوو، بەڵام هەرزوو دوای چەند کاتژمێرێکی کەم پەرلەمانتاران‌و بەرپرسانی هێزەکانی دەسەڵات‌و بەشێک لەئۆپۆزسیۆن کەوتنە بانگەشەی بەزۆرینەو کەمینە تێپەڕاندنی دەستورو ئەمە بوە بابەتێکی گەرمی نێو میدیاو ناوەندە سیاسیەکان‌و کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیداهێنا.

لەلایەکی ترەوەو لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئایدن مەعروف بەناوی پێکهاتەی تورکمانی‌و یونادەم یوسف کەنا باوی پێکهاتەی ئاشورییەکانەوە ڕایانگەیاند کە دەستوری هەرێمی کوردستان دەبێت وەڵامدەرەوەی داواکانی ئەوان بێت‌و زۆر بەڕونی دژایەتی خۆیان بۆ ئاڵاو سرودی نیشتیمانی هەرێمی کوردستان دەربڕیی‌و داوایانکرد لەدەستوری هەرێمدا ئەوا دوو بابەتە وەک ئەوەی ئێستا هەیە نەچەسپێنرێت‌و گۆڕانکاری تێدابکرێت بەبیانوی ئەوەی کە هەم ئاڵاکەو هەم سرودەکەش ئاماژەن بۆ نەتەوەی کوردو هیچ نەتەوەیەکی تر ئاماژەو دروشمی نییە تیایاندا..

ئەم داوایەی هەردوو پێکهاتە بوە مایەی کاردانەوەی توندی بەشێک لەشەقام‌و هێزە سیاسیەکان‌و پەرلەمەنتاران‌و بەرپرسان، بەجۆرێک کە بەشێک لەپارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەتوندی وەڵامی ئەو دوو بەرپرسەیان دایەوەو وەک رایەکی شەخسی بێبەها ناویان دەبرد نەک ڕای پێکهاتەکانیان، بەڵام تائێستاش هیچکام لەو پێکهاتانە ڕایان نەگەیاندوە کە قسەی ئەو دووکەسە گوزارشت نییە لەتەواوی پێکهاتەکانیان، واتە دەکرێت وەک داواکاریی تەواوی پێکهاتەکان سەیربکرێن.

ئەم داوایەی ئەو دوو پێکهاتەیە لەئێستاداو لەسەروبەندی هەوڵەکانی نوسینەوەی دەستوردا ئەوەمان بیردەهێنێتەو کە لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردودا بەردەوام هێزەکانی دەسەڵات پارسەنگی هێزو یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان بەدەنگی ئەو پێکهاتانە یەکلاییکردۆتەوەو هەریەکێكیان لەیەکێک لەقۆناغەکاندا خاوەندارێتی خۆی ڕاگەیاندوە بۆ ئەو پێکهاتانەو داوای جێگیرکردنی مافەکانیانی کردوەو بەمەبەستی سودوەگرتن لەدەنگ‌و پێگەیان لەنێو پەرلەمان‌و حکومەت کارئاسانی تەواویانکردوە بۆ گەیشتنیان بەناوەندەکانی بڕیار.

داواکاریی ئەم دوو پێکهاتەیە لەئێستاداو بەو جۆرە توندە ئەو ڕاستیە بیری خەڵکی هەرێم خسته‌وه‌ کە بەردەوام ئەوان وەک بەشێک لەئەجێندای دەرەکی‌و کارکردن بۆ لایەنی دەرەکی ناویان براوەو هیچکات وەک بەشێک لەنەتەوەی کوردو هاوبەشی ڕاستەقینەی حوکمڕانی کوردیی نەزانراون.

ئەم بۆچونەش لەوانەیە پەیوەندی بەو پاڵپشتییە دەرەکییەوە هەبێت کە بەردەوام لێیان کراوەو ناو بەناوو لەهەندێک بۆنەدا بەرپرسانی باڵای وڵاتانی دەرەوە پشتیوانی‌و خاوەندارێتیان لەو پێکهاتانە خستۆتەڕوو.

ئەوەتا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەئاشکراو لەبەردەم دەیان کەسدا باس لەوەدەکات، تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان کە ئەو بەباکوری عێراق ناوی دەبات، بەشێکن لەنەتەوەی تورک‌و تورکیا وەک وڵات بەرپرسە لەپاراستنیان‌و وەک خۆی دەڵێت هەرکات زوڵم‌و ستەمێک لەوان بکرێت تورکیا بەرپرسە لەبەدەنگهاتن‌و وەڵامدانەوەی ئەو ستەمە.

ئەردۆغان لەقسەکانیدا دەڵێت: ئێمە لەباشیک بنکەمان هەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو زوڵمە بهێنین کە بەرامبەر تورکمانەکان دەکرێت‌و هەرکات پێویستی کرد دەڕۆینە هەر شوێنێک کە مەبەستمانە، چونکە ئێمە هەموو شوێنێک بەخاکی دەوڵەتی تورکیا دەزانین.

ئەم داوایەی پێکهاتەکان بەتایبەت پێکهاتەی تورکمانەکان‌و قسەو لێدوانەکانی ئەردۆغان لەهەمانکاتدا دەبنە بەشێک لەوێنەیەکی گەورە کە بەهەموان دەڵێت: داواکەی تورکمانەکان تەنها داوای ئەوان نییەو خواستی دەوڵەتی تورکیایەو ئەگەر وەک ئەردۆغان دەڵیت: ستەم لەتورکمانەکانی باکوری عێراق بکریێت ئەوان بەدەنگ دێن...

ئێستا دەستوری هەرێمی کوردستان لەقوناغی گفتوگۆو چۆنێتی نوسینەوەو وەرگرتنی ڕای لایەنە جیاوازەکاندایەو پێدەچێت پێشئەوەی هەوڵەکە ببێتە هەوڵیکی جدی‌و هیچ بەرهەمێکی لێ سەوزبێت، وڵاتانی دەوروبەرو دەستی دەرەکی ببنە ڕێگر لەبەردەم لەدایکبونیدا.