ئایا شکستی مافیای تورک سەرەتایەکە بۆ شکستی رژێمەکەی ئەردۆغان...؟

مەلەفی تایبەت

11/06/2021‌ 1856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەشی دووەم،
چیرۆکی مافیای تورک لە ئەڵمانیا (گروپی عوسمانییەکانی ئەڵمانیا).
پێش ئەوەی بچینە ئەڵمانیا با لە پاڵەوانێکی ناو چیرۆکەکەمانەوە دەست پێ بکەین، چیرۆکی کەسایەتییەکی زۆر بەڕێز، ماقوڵ، موسوڵمانێکی لە خواترس و بەتەقییە و سیاسەتمەدارێکی ناوداری تورک، چیرۆکی "مەتین کوڵونک"ی تەمەن ٦١ ساڵە.
🔶 گیانێک لەدوو جەستەدا...
مەتین کوڵونک خزم و هاوشاری رەجەب ئەردۆغانە. جگە لە خزمایەتی و هاوشارێتی کوڵونک هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا هاوڕێیەکی هەرە نزیک و جێ متمانەی هەموو قۆناغەکانی ژیانی ئەردۆغانیشە. هەردوکیان لە شاری ریزا لەدایک بوون و ماڵباتی هەردووکیشیان بەیەکەوە هاتنە ئەستەنبۆڵ و لەوێش لە قاسم پاشای ئەستەنبۆڵ بەیەکەوە گەورەبوون و بەیەکەوە دەچونە مزگەوت و بەیەکەوە بوونە قوتابی نەجمەدین ئەربەکان. دوای دامەزراندنی ئاکەپەش لەیەک دانەبڕان وکوڵونک ئەندامی ناوەندی بڕیاردانی ئاکەپەیە، کە بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردان و بەڕێوەبەرییە لەناو ئەو حیزبەدا و چاو و گوێ و بەرگریکاری سەرسەختی ئەردۆغانیشە لەو ناوەندەدا.
هەروەک لە هەر دۆستێکی وەفادار و متمانە پێکراو چاوەڕی دەکرێت، کوڵونک لە سکانداڵی گەندەڵی ئاکپارتی ساڵی ٢٠١٣ کە گولەنییەکان لەدژی ئەردۆغانییان جوڵاند، بێ هیچ دوودڵییەک لە پشت ئەردۆغان و ئەندامانی خانەوادەکەی وەستا. هەر کوڵونک بوو کە لە کودەتاکەی ٢٠١٥ و لە ریفراندۆمەکەی ٢٠١٧ شدا پشتیوان و بەرگریکارێکی سەرسەختی رەجەب ئەردۆغان بوو.. هاوڕێیەتی بۆ رۆژگەلی وا سەخت نەبێت بۆچی باشە. مەگەر کوڵنوک هەرگیز لەبیری دەچێتەوە کە ئەردۆغانی هاوڕێی منداڵی لە ساڵی ٢٠٠٧ چۆن فریای کەوت..؟ لە ساڵی ٢٠٠٣دا دوو کەنیسەی جوولەکەکان لە ئەستەنبۆڵ تەقێنرانەوە. رێکخراوێکی سەر بە ئەلقاعیدە بەناوی بەرەی نیشتەجێکانی رۆژهەڵاتی مەزن بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی گرتە ئەستۆ. لە درێژەی لێکۆڵینەوەدا، پۆلیسی تورک ریکۆردێکی دەنگی دەست کەوت کە کوڵونک لەگەڵ ئەو رێکخراوەدا دەستی تێکەڵ کردووە و لە تەقینەوەکەشدا دەستی هەبووە. ئەردۆغان هاتە سەر هێڵ و ئەو حاکم و بەڕێوەبەرانەی لێکۆڵینەوەیان لە کۆڵنوک کرد سزا دا و کوڵنوکیش لەو تۆمەتانە رزگاری بوو.
🔶 کاری نهێنی بۆ پیاوی جێ متمانە 
دوای هاتنی ئەحمەد داودئۆغڵۆ بە تیۆرییە نیۆ-عوسمانییەکەیەوە، ئەردۆغان کەڵکەڵەی سوڵتانی لەکەللەی دەدات. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە لۆبی و هێز هەبوو بۆ نماییشکردن و کاریگەریدانان لە ئەوروپا. ئەم کەڵکەڵەیە هاوتا بوو لەگەڵ هەڵکشانی چالاکی جالییەی کوردی لە ئەوروپا. رێکخستنی تورکەکانی ئەوروپا بەئاراستەی خەونەکانی ئەردۆغان لەلایەک و ئیحتیواکردنی کورد لەلایەکی تر دەبێتە ئەرکێکی لەپێشینە و گرنگ.  ئەرکی ئاواش لەسەرەتادا پێویستی بەهەنگاوی نهێنی و چەسپاو هەیە و ئەردۆغان پێویستی بەهاوڕێیەکی  
هەڵبەت هەر خزم و هاوڕێی باوەڕ پێکراو، کاری نهێنی و جێ متمانەی پێڕادەسپێردرێت، جگە لەوەش، شارەزایی و تێکەڵی کوڵونک لەگەڵ جالییەی تورک لە ئەوروپا دەگەڕیتەوە بۆ حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو. بەگوێرەی عەبدوڵا بۆزکورت، لەوساوە کوڵونک لەگەڵ رێکخراوێکی توندرەوی ئیسلامی تورکەکان بەناوی "دۆغو ئاکنجیلەر- نیشتجێکانی رۆژهەڵات" دەستی تێکەڵە و چەک و پارەی بۆ دابین کردوون... لەسەر ئەو بنەمایە، ئەردۆغان کوڵونک دەکاتە بەرپرسی مەلەفی تورکەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا. 
سەرەتا ئەردۆغان بە نهێنی کوڵونک رادەسپێرێت بۆ بەرپرسارێتی لاوانی ئیسلامی لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا، کە زۆرترین جالییەی تورکی لێیە. بودجەیەکی باشی حکومەتی تورکی و رێکخراوە ناحکومییەکانی سەر بە ئاکەپەی دەخاتە بەردەست. ئامانجی ئەردۆغان لەم هەوڵەیدا، وەک بۆزکورت دەڵێت، هەرکاتێک ئەردۆغان بییەوێت نماییشی هێز بەرامبەر ئەوروپییەکان یان کوردی ئەوروپا بکات، بتوانێت بەئاسانی تورکەکانی ئەو وڵاتانە بخاتە سەر شەقام.
کۆڵونک، دوای گرتنە ئەستۆی ئەم ئەرکەی ئیتر خاوەن هێزە و هەمو سەرەداو و سەرچاوەکانی هێزی تورکەکانی لە ئەوروپا بەدەستەوەیە.  دوو لە گرنگترین ئەو سەرچاوانەی هێزە رێکخراوی میت و لۆبیستی یەکێتی تورکەکانی دیموکراتە لە ئەوروپا. میتی تورکی، کە بەگوێرەی دۆتچڤیلە جگە لەسەدان ئەندامی میت، زیاتر لە ٦٠٠٠ سیخوڕی چالاکی لە ئەڵمانیا هەیە یەکێتی تورکەکانی دیموکراتیش یەکێک لە گەورەترین لۆبیستەکانە لە ئەوروپا، هەردوکییان پەیوەندییان بە کۆڵونکەوە کرد و ن هاوکاری ئەون. وەک دوچڤیلە دەڵێت، ئامانجی سەرەکی میت لە ئەڵمانیا کوردە و لە ساڵانی دواییشدا گولەنییەکانن. کورد لە ئەڵمانیا بە دەوری ٦٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، بەواتایەکی تر، هەر ١٠٠ کوردێک سیخوڕێکی میتی بەردەکەوێت.
 کۆڵونک پێویستی بەرێکخراوێکی تریش هەبوو بۆ لێدانی راستەوخۆی کورد و پشتیوانی ئەردۆغان، بەڵام رێکخراوێکی مافییایی. کوڵونک لە ٢٠١٥دا مافییای "عوسمانیەکانی ئەڵمانیا" دادەمەزرێنێت. کۆڵونک، بە پارە، و چەک و یارمەتی لۆجیستی هاوکاری عوسمانییەکانی ئەڵمانیا دەکات. ئەم مافیایە  لەژێر ناوی یانەی بۆکسێن دادەمەزرێت و بە ئاشکرا لە سەرجەم شارەکانی ئەڵمانیا بنکە دەکاتەوە و لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەبێتە خاوەنی ٢٠ لق و ٢٥٠٠ ئەندامی چالاک. 
🔶 مافیای تورکی لە ئەڵمانیا لە مافیای ئاسایی ناچێت
گروپی مافیایی عوسمانییەکانی ئەڵمانیا لە ژێر سەرپەرەشتی کوڵونگ، وەک دۆچڤیلە دەڵێت، هەرزوو بووە یەکێک لە رێکخراوە ترسناکەکانی ئەوروپا، کە جگە لە چەک و تلیاک و هەڕەشەی کوشتن و زەبروزەنگ دژی کورد و لاقەکردنی ژن، لەهەمان کاتدا رێکخراوێکی نەتەوەپەرستیش بوون و کاری سیاسیشیان دەکرد و لەگەڵ میت و دەوڵەتی تورک و لۆبیستەکانی تورک لە ئەڵمانیاش هەماهەنگ بوون. ئەمەش، گەورەترین جیاوازی نێوان مافیای تورکی و نەتەوەکانی ترە.
لە ئەڵمانییا، عەرەبەکان، کورد، شیشانی، هتد هەر هەموویان مافییایان هەیە، ئەم مافییایانە لە ئەڵمانیا بە مافیای خێڵ دەناسرێن. چونکە لەسەر بنەمای ئینتیمای نەتەوەیی و مەنتیقەیی و تەنانەت خێزانیش دامەزراون. بەڵام هیچییان وەک مافیای تورک وابەستە نین بەدەوڵەتی تورک و بەشێک نین لە دەوڵەتی قوڵی وڵاتەکانییان. پێچەوانەی مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا، مافیای خێڵی کۆمونیتییەکانی تر (کورد و عەرەب و چیچانی هتد...) هەر تاوان و نا یاساییەک بکەن تەنها بۆ گروپەکەی خۆیانە و بۆ کۆمونیتییەکەشیان نییە و دوور و نزیکیش ناسیونالیست نین و پەیوەندییان بە رژێمەکانی ئەو وڵاتانەوە نییە.  
بەمجۆرە ٢٠١٥ بەدواوە، کؤڵونک بووە بەرپرسی تۆڕێکی فراوانی سێ کوچکەیی لە ئەوروپا.. میت- لۆبیستی تورکەکان- مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا و لەوساوە جگە لە کورد گروپێکی تریش بوونە ئامانجی ئەو سێکوچکەیە، گولەنییەکان.  
کوڵونک بە بەیەکەوە بەستنەوەی مافیای عوسمانییەکان و میت و لۆبیستەکان، گوڕ و تەوژمێکی فراوانی بەجالییەی تورکی لە ئەڵمانیا دا. گەورەترین ئەگەر سەرنج بدەن، لە ٢٠١٥ بەولاوە، جالییەی کوردی وەک ساڵانی پێشتر لەمەیداندا نییە و پاشەکشەی کردووە و لەبەرامبەریشدا جالییەی تورکی بەردەوام لەسەر پێ بووە.
🔶بە کوتک لەسەری کورد بدەن
پەندە کوردییەکەی "بڕکە زیوان لەپاڵ بڕکە نۆک"دا ئاو دەخواتەوە بۆ کوردەکانی ئەڵمانیا دەگونجێت. تۆڕی هەواڵگری ئەڵمانی بەهۆی رووداوێکەوە چاوی خستە سەر کوڵونک و رێکخراوەکەی، واتە عوسمانییەکانی ئەڵمانیا. لە یەکی حوزەیرانی ٢٠١٦ کوڵونک لەئەڵمانیا دەبێت. ئەوکات پارلەمانی ئەڵمانیا سەرگەرمی یاسای بەفەرمی ناسینی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەبێت. ئەمەش وادەکات کە هەواڵگری ئەڵمانی چاودێری بخاتە سەر چالاکی و هاموشۆی کوڵونک و گفتوگۆ تەلەفۆنییەکانی. لەو چاودێری کردنەدا هەواڵگری ئەڵمانی چوار شتی مەترسیدارییان تێبینی کرد: 
◀ یەکەم کوڵونک لەگەڵ سەرۆکی مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا دیداری کرد و دوو زەرفی پڕ لە پارەی دایە مافیاکە.
 ◀دووەم، کوڵونک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغاندا کرد و بەگوێرەی پۆلیسی ئەڵمانی لە گفتوگۆکەدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە تورکەکانی ئەڵمانیا دژی یاسای ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان خۆپیشاندان بکەن و ئاژاوە دروست بکەن. 
◀ سێیەم، کوڵونک تەلەفۆنێک لەگەڵ یەڵماز ئیلکای سەرۆکی ئەوسای رێکخراوی لۆبیستی یەکێتی تورکە دیموکراتەکانی ئەوروپا دەکات. لە تەلەفۆنەکەدا یەڵماز پێشنیاری ئەوە دەکات مافیای عوسمانی ئەڵمانا چەک هەڵگرن و کوردەکانی ئەڵمانیا تەمبێ بکەن. بەڵام کۆڵونک پێشنیاری ئەوە دەکات کە مافیاکانی تورک بە کوتک لە کەللەی کورد بدەن و بە ڤیدیۆش وێنەی ئەو لێدانە بگرن و بۆ کوڵونکی رەوانە بکەن. کوڵونک بە یەڵماز دەڵێت من ئەو ڤیدیۆیانەم ئیش پێیە و بۆ ئەوەی ببێتە عیبرەت بۆ خەڵکی تر کە دژی ئەردۆغانن بڵاویان دەکەمەوە.
◀ چوارەم:  رۆژنامەی نیو زیورخ زیتونگی ئەڵمانی لە بەرواری ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ی ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی "نهێنی" ساڵی ٢٠١٧ لێکۆڵینەوەی دادی ئەڵمانیا دەکات کە کوڵونک ویستوویەتی نەمسا بکاتە ناوەندێک بۆ دابینکردنی لەدابینکردنی پارەو چەک چالاکی لۆجیستی بۆ ڕێکخراوی ( عوسمانی ئەڵمانی ). " 
لێرەوە پۆلیس و هەواڵگری ئەڵمانیا لەمەترسی کۆڵونک و مافیای تورکی وشیار دەبنەوە و کوڵونک و مافیاکانی دەخەنە ژێر چاودێرییەوە و دەبێتە سەرەتایەک بۆ یاساخ کردنی ئەو رێکخراوە مافیاییە. وەک گۆڤاری دۆچڤیلە و رۆژنامەکانی ستۆکهۆڵم نیوس ئەی پی ئێن نیوز ئاماژەی پێدەدەن، میدیا و پۆلیس و حکومەتی ئەڵمانی لەسەر ئەوە کۆکن کە مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا راستەوخۆ پەیوەندییان بە ئەردۆغانەوە هەیە و کار بۆ رژێمەکەی دەکەن. بەم جۆرە و بەرێکەوت، زیوانی بێ نرخی کوردی بەهۆی نۆکی بەنرخی ئەرمەنی سوودمەند بوو.
🔶یاساخ کردنی مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانییا
لە ١٠ی تەموزی ٢٠١٨ حکومەتی ئەڵمانی چالاکی ئەم مافیا ترسناکەی سەر بە کوڵونکی هاوڕێی تەمەنی ئەردۆغان و ئەندامی سەرەکی ناوەندی بڕیاری حیزبەکەی، لە ئەڵمانیا یاساخ کرد. لە بەیاننامەیەکدا هۆرس سیهۆفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند کە ئەم گروپە مەترسی سەرەکی لەسەر هەندێک تاک هەیە کە بە یاسا مافەکانییان پارێزراوە (مەبەستی کورد و گولەنییەکانە) و ئاساییشی گشتیش. پۆلیس هەڵمەت دەسگیرکردنی لەزۆربەی شارەکانی ئەڵمانیا دەست پێکرد و لەگەڵ گرتنی سەدان تورکی سەر بەو مافیایە، پارە و تلیاک و چەک و زێڕیشیان دەست بەسەردا گرت.
🔶سەرۆکی مافیاکە ئەرکی تازەی پێ سپێردراوە
سەرکردەی سەرەکی مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا، کە نازناوی "تانەری"ە بەر هەڵمەتی گرتنەکە نەکەوت و گەڕایەوە تورکیا و هەر زوو لەلایەن زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی تورک، لەوانەش وەزیری درەوە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری بەرگری خوڵوسی ئاکار و سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ پێشوازی لێکرا. بەگوێرەی سایتی "الشئون الترکییە" ئێستا تانەری کراوەتە بەرپرسی چالاکییە تایبەتییەکان... 
١٧ هەزار مەلەفی کوشتنی نادیاری کورد لە نەوەتەکان لە باکور بێننە پێش چاو بۆ ئەوەی لە ئەرکی "چالاکییە تایبەتییەکان" تێبگەن. 
ماویەتی..

ئارام رەفعەت