چاكه‌ هه‌رگیز بزرنابێت

مەلەفی تایبەت

07/07/2021‌ 2048 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فلیمنگ، ناوی جوتارێكی هه‌ژار و ده‌ستكورتی سكوتله‌ندا بوو. رۆژێكیان له‌ كاتی ئیشكردنی له‌ كێڵگه‌كه‌یدا، له‌ گۆماوه‌كه‌ی ته‌نیشت كێڵگه‌كه‌ی، گوێی له‌ هاوارێك بوو، داوای یارمه‌تی ده‌كرد. جوتیاره‌كه‌ به‌ په‌له‌ خۆیگه‌یانده‌ لای گۆماوه‌كه‌، له‌وێدا منداڵێكی بینی، كه‌وتووه‌ته‌ ناو گۆماوه‌كه‌ و تا كه‌مه‌ری نوقمی قوڕ و لیته‌یه‌كی ڕه‌ش بووه، له‌ حه‌ژمه‌تان ده‌ناڵێنێت و به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دا له‌ گۆماوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، لێ ناتوانێت و توانای هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نییه‌. جوتیاره‌كه‌ به‌ خێرایی منداڵه‌كه‌ ده‌رده‌هێنێت و له‌ ئه‌گه‌ری مردن ڕزگاری ده‌كات.

به‌یانی رۆژی دواتر، گالیسكه‌یه‌كی گرانبه‌رها، له‌به‌رده‌م ماڵی جوتیاره‌كه‌دا ڕاده‌وه‌ستێت. پیاوێكی شیكپۆشی سه‌ر به‌ چینی خانه‌دانه‌كان، له‌ گالیسكه‌كه‌ دێته‌ خواره‌وه‌. خۆی وه‌ك باوكی ئه‌و منداڵه‌ی دوێنێ جوتیاره‌كه‌ ڕزگاری كرد ده‌ناسێنێت. له‌ به‌رامبه‌ر ڕزگاركردنی كوڕه‌كه‌یدا، برێك پاره‌ وه‌ك پاداشت، ده‌خاته‌‌ به‌رده‌م جوتیاره‌كه‌. به‌ڵام جوتیاره‌كه‌ زۆر به‌ توندی بڕه‌ پاره‌كه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌. ئا له‌و چركه‌ ساته‌دا، كوڕی جوتیاره‌كه‌ له‌ ماڵه‌ ساده‌ و خاكییه‌كه‌یاندا دێته‌ ده‌ره‌وه‌. پیاوه‌كه‌ لێی ده‌پرسێت: ئایا ئه‌مه‌ كوڕی تۆیه‌؟
جوتیاره‌كه‌: به‌ڵێ

پیاوه‌كه‌: كه‌واته‌ با ڕێكه‌وین، رێگه‌م بده‌ كوڕه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ خۆم ببم و خوێندنێكی باشی بۆ مسۆگه‌ر بكه‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌م منداڵه‌، له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتیدا له‌ باوكی بچێت، ئه‌وا بێگومان له‌ ئاینده‌دا ده‌بێت به‌ پیاوێك تۆ شانازی پێوه‌ بكه‌یت. هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕوویدا، پیاوه‌كه‌ بۆ خوێندن، كوڕی جوتیاره‌كه‌ی نارد بۆ قۆتابخانه‌ی "سانت میری" پزیشكی له‌ له‌نده‌ن. ساڵی 1929 ئه‌و كوڕه‌ جوتیاره‌ ده‌بێت به‌ "ئه‌لسكه‌نده‌ر فلیمنگ 1881-1955" دۆزه‌ره‌وه‌ی په‌نسلین. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌مو مرۆڤایه‌تی ئه‌و كوڕه‌ جوتیاره‌ ده‌ناسن كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و، زۆرێك له‌ نه‌خۆشییه‌ میكرۆبییه‌كان چاره‌سه‌ریان بۆ دۆزرایه‌وه‌ و ساڵی 1945 خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ پزیشكیدا وه‌رده‌گرێت.

چیرۆكه‌كه‌ لێره‌دا كۆتایی پێنایه‌ت، پاش ماوه‌یه‌ك، كوڕی كابرای ده‌وڵه‌مه‌ند، تووشی هه‌وكردنی سیییه‌كان ده‌بێت، ئه‌وه‌ی ژیانی ڕزگار ده‌كات په‌نسلینه‌. كوڕی كابرای ده‌وڵه‌مه‌ند كه‌ كاتی خۆی جوتیاره‌كه‌ له‌ گۆماوه‌كه‌دا ده‌ریهێنا و ڕزگاری كرد، ئێستاش كوڕی جوتیاره‌كه‌ بۆ جاری دووه‌م و له‌ ڕێگه‌ی په‌نسلینه‌وه‌، ژیانی ڕزگار كرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی لیره‌دا پێویسته‌ بگوترێ، كوڕی كابرای ده‌وڵه‌مه‌ند، دواتر ده‌بێت به‌ كه‌سێكی زۆر به‌ناوبانگ و پێیده‌وترێت: "لۆرد ونستۆن چه‌رچڵ" كه‌ به‌درێژایی سه‌رده‌مه‌كان، مه‌زنترین سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بووه‌ و هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌ ساڵانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی 1939-1945دژ به‌ هێتله‌ر ڕاوه‌ستا.
هه‌ر بۆیه‌ چاكه‌ بكه‌ و بیده‌ به‌ ده‌م ئاوه‌وه‌.
وێنه‌كه‌ چه‌رچڵ-ه‌ به‌ منداڵی
سه‌رچاوه‌
الشرق الاوسگ، پێنج شه‌ممه‌، 24 حوزه‌یران، 2021