گۆڕانكارییەكان بەكوێدەگات..شارپرێس زانیارى گرنگ له‌سه‌ر كۆى كێشه‌كان ئاشكراده‌كات

کوردستان

11/07/2021‌ 12857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا هەموان ئاگاداری ئەوەبوین کە کێشەو ململانێیەکی نوێ لەنێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، ئەمجاره‌ لەبری ئەوەی لەنێو ئۆرگانێک یان سەرکردایەتی ئەو حزبە کێشە دروستبێت، لەهەرەمی سەرەوەی حزبەکە کێشەکان دروستبون‌و ئێوارەی ڕۆژی ٨ی تەمموز کێشەکان تەقینەوەوهاوسەرۆکانی ئەو حزبەی لێک دورخستەوە.


سەرەتا وادەركەوت كە كێشە لەسەر گۆڕینی چەند پۆستێكی ئەمنیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە تەنها سەرەتایەك بوو بۆ تەقینەوەی كێشەكان، ئێستا قسە لەسەر نەهێشتنی سیستەمی هاوسەرۆكیش دەكرێت‌و ئاراستەكە بەرەو ئەوە دەچێت كە بافڵ تاڵەبانی ببێتە كەسی یەكەمی یەكێتی، بۆ ئەو هەنگاوەش بەشی زۆری سەركردە كۆنەكان پشتیوانی بافڵ تاڵەبانی دەكەن‌و لەدیدارو چاوپێكەتنەكانیاندا، یان بەپەیام‌و جوڵەكانیان پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوە.

بەشێك لەئەندامانی سەركردایەتی لەدیداریان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی داوایانكردوە كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت، لەوەڵامدا بافڵ تاڵەبانی بەدەر لەكێشەی پۆستەكان باسی لەوەكردوە، دەزگای دژە تیرۆرو زانیاری لەدەرەوەی بەرژەوەندیەكانی یەكێتی كاریانكردوەو ئەو پره‌نسیپانەیان نەپاراستوە كە ڕاسپاردەی مام جەلال بون‌و بونەتە هەڕەشە بەسەر خەڵكەوە تەنانەت ئەندامان‌و دۆستەكانی یەكێتیش بەدەرنەبون لەهەڕەشەو ترسی ئەو دەزگایانە.

باسكردن لەئاراستەی خراپی كاری ئەو دەزگایانە، واخراوەتە بەردەم ئەندامانی سەركردایەتی كە گوایە ئەمریكاییەكانیش گلەییان هەبووەو لەوبارەوە هۆشداریانداوە بەیەكێتی.

داهاتوی ڕوداوەکان بەرەو کوێیە؟
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوە تایبەتەکانەوە دەست شارپرێس كەوتووە، لەكۆبونەوەكاندا لەگەڵ ئەو كەسایەتیانەی ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێن، بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكردوە، لەمەودوا خۆی سەرپەرشتی دەزگای زانیاری‌و دژەتیرۆر دەكات‌و ڕێگە نادات كارەكتەرە كۆنەكان بچنەوە شوێنی خۆیان‌و چاكسازی ڕیشەیی لەچەند شوێنێكی گرنگی حزبی‌و حکومیدا دەکات لەسلێمانی.

هەر ئەوەندە نا، بەڵکو سەرچاوە باڵاکانی نێو یەکێتی باس لەوەشدەکەن، چەند بەڵگەیەك دەستی بەسەرداگیراوە کە ئاماژەن بۆ ئەوەی بەڕێگای جۆراوجۆر بازرگانی ناشەرعی بەناوی ئەم دەزگایانەوە ئەنجامدراوەو قازانجەكەشی نادیارەو نەچۆتەوە خەزێنەی یەکێتی، بۆ ئەو مەبەستەش ناو بازاڕو دەروازە سنورییەكان‌و فڕۆكەخانەی سلێمانی بەكارهێنراوە، هەربۆیە باس لەگۆڕینی بەرپرسانی ئەمنی‌و ئیداریی ئەو شوێنانەش بەشێکە لەململانێکانی ئەمجارەی هاوسەرۆکان.

ژەهراویبونی بافڵ تاڵەبانی بەهانەیە یان ڕاستی؟
تائێستا كەس نازانێت باسكردنی ژەهرخواردكردنی بافڵ تاڵەبانی بەهانەیە، یان ڕاستی، چونكە وردەكاری ئەم ڕوداوە لەهیچ شوێنێكی فەرمی باسنەكراوە،  بەڵام لەكۆبونەوەكانی بافڵ تاڵەبانی باسكراون‌و گومانەكانیش بۆ ئەوەیە كە دەستێكی نزیك ئەوكارەیكردوەو بەو هۆیەشەوە بافڵ تاڵەبانی بۆماوەی چەند ڕۆژێك باری تەندروستی تێكچوەو نیشانەکانی پێوە دەرکەوتوە، هەر لەدانیشتنە تایبەتەكاندا باس لەوەشكراوە، دوو ڕاپۆرتی پزیشكی هەیە كە ئەوە دەسەلمێنێت جۆرە ژەهرێكی كوشندەی لەگەڵ خواردنەوە بۆ تێكەڵكراوە.

جاسوسیکردن‌و چاودێری ماڵی بەرپرسان لەکوێی هاوکێشەکاندایە؟
هەندێك لەچاودێران لایانوایە پرسی جاسوسیكردن بەسەر ماڵی بەرپرسان‌و بەتایبەتی لەناویاندا ماڵی مام جەلال چەكێكی قورس‌و كارتێكی كاریگەرە بەدەست بافڵ تاڵەبانیەوە كە لەململانێکەدا بەكاریدەهێنێت، سەلماندنی ئەم بابەتە بۆ بافڵ تاڵەبانی ئەگەرچی ئاسانیش بێت، بەڵام درکاندنی سانا نابێت، چونکە لایەکی تری هاوکێشەکە هەم ئامۆزایەتی هەم هاوسەرۆک، لەئەگەری وروژاندنی بابەتێکی لەو شێوەیەدا دەبێت بافڵ تاڵەبانی بەتەواوی خۆیی‌و حزبەکەی یەکلایی بکاتەوە بۆ بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی‌و لاهور شێخ جەنگیش، چونکە بەدڵنیایەوە ئەویش وەک لایەکی هاوکێشەکە دەبێت پارسەنگی هێز بپارێزێت‌و هێڵێکی سور دابنێت.

سەركردە كۆنەكان لەكوێی هاوكێشەكەدان؟
زۆربەی سەركردە دورخراوەكان، یان ئەوانەی لەدوای كۆنگرەوە كاریگەریان لەسەر ئاراستەی یەكێتی نەمابوو، لەم كێشانەدا پشتیوانی ماڵی مام جەلال دەكەن‌و لایان وایە، بۆ یەكێتی باشترە كە بڕیاری ئەو حزبە بگەڕێتەوە دەست ماڵی مام جەلال.

هەندێكیان ئەو بۆچوونانەیان ڕاستەوخۆ بەبافڵ تاڵەبانی وتوەو پشتیوانی خۆیان بۆ جوڵەو گۆڕانكاریەكانی ئەمدواییانە دەربریوە، لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانیش بەڵینی ئەوەی پێداون كە ئەم هەڵمەتی گۆڕانكاریانە بەردەوامدەبێت تائەوكاتەی دەتوانێت بەتەواوەتی دەزگای دژەتیرۆرو زانیاری‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان، بخاتەوە بندەستی یەكێتی، چونکە بەبڕوای ئەو، ئێستا لەخزمەتی یەکێتیدا کارناکەن.

لەبەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی‌و کەسە نزیکەکانی دەربارەی کێشەکان بانگەشەی ئەوەدەكەن، هەموو ئەو قسەو باسانە دەربارەی ژەهرخواردن‌و بازرگانی ناشەرعی‌و تۆقاندنی خەڵك دەکرێن، ناڕاستن‌و بەهانەن بۆ ئەوەی بەدەستی بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی، پیلانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدەڤەری سلێمانی جێبەجێبكرێت‌و هیچ دەنگێکی دژ بەپارتی‌و سیاسەتی حکومەت‌و چۆنێتی بەڕێوەبردنی هەرێم نەمێنێت.

ئێستا سەرکردە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی دەیانەوێت لەڕێگەی كۆبوونەوەی سەركردایەتیەوە بڕیاری گۆڕانكارییەكان هەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە ئەمەی ڕویداوە وەك كودەتایەك ناوی دەبەن نەک چاکسازی.

بەشێک لەبڕیارو گۆڕانکاریەکان ئەمڕۆ ئەنجامدران‌و بە پێی قسەی سەرچاوەکانیش چاوەڕێدەکرێت ڕۆژانی داهاتوو گۆڕانکارییەکان بەردەوامبن، بەڵام ئاخۆ هەروا بەبێدەنگی کارەکان ئەنجامدەدرێن یان گرژیەکان پەرەدەسەنن‌و کێشەو قەیرانی نوێ ڕوبەڕوی یەکێتی دەبێتەوە؟