لە شەڕی نێو میدیاکانەوە بۆ شەڕکردن لەسەر میدیاکان

کوردستان

16/07/2021‌ 2888 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیا وەک کەرەستەیەکی گرنگی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری و سەرچاوەی وەرگرتنی دواین گۆرانکاریەکان لە لایەن وەرگرانییەوە، رۆڵێکی گەورەو گرنگی گێراوە لە دونیای ئێستاو رابردودا.

میدیا ئەرکی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو گەیاندنی پەیامە بەسودەکانی لە ئەستۆ بوەو وەک بەشێک لە پێکهاتەی سیستەمێکی حومکرانی دروست ئەرکدار بوە، وێرای ئەوەی لە زۆربەی وڵاتان وەک چاوی بینینی کەمووکوریەکان و لادان لە یاساو ئەنجامدانی گەندەڵی سەیکراوە، لە هەمان کاتدا ناوەندێکی گرنگی پێشاندانی ئەو زوڵم و ستەم و نادادی بوە کە لە وڵاتدا رویداوە.

لە مێژوی دیرۆکی شۆرشە یەک لە دوای یەکەکانی کورددا میدیاو راگەیاندن لە قۆناغە جیاوازەکان و بە شێوەو تایبەتمەندی جیاوازیی سەردەمیانەوە خزمەت و رۆڵێکی دیاری هەبوە لە گەشە سەندن و بونە بەشێک لە شۆرش و جولانەوەکانی نەتەوەی کورد لە سەەرجەم پارچەکانی کوردستانی گەورە بە تایبەت لە باشوری کوردستان.

بەڵام هەر لەگەڵ راپەرینەکەی ئازاری ساڵی ١٩٩١ داو دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی یەکەم هەڵبژاردن و ئەزمونی حومکرانی کوردیدا میدیا لە رۆڵ و ئەرکەکەی خۆی لایداو بوە بەشیک لە ململانێیەکی نەگونجاو و نا پێویست و ئەوەبوو لە شەری ناوخۆدا وەک بەشێکی دانەبڕاوی شەرێکی چوار ساڵە رۆڵی گێرا، بەڵام رۆڵێکی خراپ، کە تاسەر ئێسقان و تا ئەوپەڕی سنورە شەخسیەکان هەنگاوی نا.

لەم ساڵانەی دوایداو بە تایبەت لەدوای سەرهەڵدان و گەشە سەندنی میدیای نوێ و هاتنە پێشەوە میدیای دیجیتاڵی، میدیا چوە قۆناغێکی نوێوەو ئیدی حزبەکان جیاواز لە کەناڵە ناسراو و ئاسمانیەکانیان دەستیان دایە دروستکردنی میدیای دیجیتاڵی و پەرەی سۆشیال میدیاو، بۆ ئەم کارەش پارەیەکی خەیاڵییان تەرخان کردو ستافێکی مرۆیی فراوان و تیمی راهێنراو بە شارەکانی هەرێمدا بلاوەیان پێکراو سەدان دۆلاربۆ موچەی کارمەندێکی ئاسایی و هەزاران دۆلار بۆ موچەی ستافی بەرێوەبەرییان تەرخانکرا.

ئەم دیاردەیە ئەگەر چی لە زۆنی سەوز و لای بەرپرسانی یەکێتی بەشێوەیەکی فراوانتر هاتە ئاراوە، بەلام زۆنی زەرد و پارتیش بەدەر نەبون لەو جۆرە میدیایەو پارەیەکی خەیاڵییان بۆ دروستکردنی میدیا هاوشیوەکان تەرخانکرد و لەڕێگەی بەشێکی زۆری ئەو میدیایانەوە رۆژانە هێرش و پەلاماری رەواو نارەوا کراوەتە سەر بەرپرسانی یەکتر و رۆژ نەبوە لە یەکێک لەو میدیایانەوە کەسێتی یەکێک لە بەرپرسانی حزبەکەی بەرامبەر نەشکێنرێت لەلایەن ئەوی تریانەوە.

لە دوو ساڵی رابردودا جیاواز لە ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەو میدیایانە بۆ ململانێی نێوان باڵ و ماڵەکانی حزبەکان بەکار هاتوون و بەشیکیان سڵیان نەکردۆتەوە لە هێرشکردنە سەر کاراکتەرە سەرەکیەکانی حزبەکانی خۆشیان، بەرپرسانی باڵای پەرلەمان و حکومەت و وەزیر و پەرلەمانتاران بەدەر نەبوون لە هیرش و ناوزراندنی میدیاکانی حزبەکانی خۆشیان بە تایبەت ئەم دیاردەیە زیاتر و بەرونی لە نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بە رونی دەبینرا بە هۆی ئەو ململانێیەی لە نێوان باڵە جیاوازەکانیدا هەبوە.

هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی  ژمارەیەک میدیای دیجیتاڵی وئەلیکترۆنیان بنیاد نابوو بە ستافێکی زۆر و بە تەرخانکردنی پاریەکی زەباڵاحەوە بۆ برەودان بە پەیام و کار وچالاکیەکانیان کە لەوانەیە بابەتێکی ئاسایی بێت ، بەڵام ئەوەی نا ئاسایی و ناسروشتییە بەشێکی زۆر لەو میدیایانە لە کاتە هەستیارەکاندا دەستیان داوەتە شکاندنی یەکتر و هێرشی توندیان کردۆتە سەر یەکتر و کاراکتەری لایەنی بەرامبەریان داوەتە بەر هەڵمەتێکی بەهێز و هەوڵی پێشاندانی وێنەیەکی نەشیاویان داوە بۆ لایەنی بەرامبەر کە بالێک یان ئاراستەیەکی جیاوازی حزبەکەی خۆیان بوە.

لەم ململانێیەدا زۆرکات هێندە زیادەرەی کراوە کە سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی یەکتر کراوەو هیچ سنورێک بۆ پاراستنی پیرۆزی  و کەسێتی بەرامبەر نەماوەتەوە.

ئەم جۆرە لە میدیا وەک بەشێک لە تیکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و شکاندنی سنوری بنەماکانی پێکەوە ژیان و پاراستنی ئارامی کۆمەڵگەو ئاشتی کۆمەڵگە ناوبراوە.

لە چەندین دیبەیت و سیمینار و گفتوگۆی تایبەتدا شارەزایان و پسپۆران و کارایانی بوارەکە ئەوەیان خستۆتە روو کە ڕەوشی رۆژنامەگەریی کوری و میدیاو راگەیاندنی نوێ پێویستی بە پێداچونەوەورێکخستنەوە  هەیەو دەبێت رێگە نەدرێت ئەو میدیایە ببێتە بەشێک لە ململانی سیاسیەکانی نێوان حزبەکان و باڵ و ماڵەکانی حزبەکان.

بەڵام ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا لە دروستبونی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتیدا بینرا زۆر پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەبوو، بەجۆرێک کە میدیاکانی لایەک لە هاوکێشەکە بونە ئامانجی لایەکەی تر و هەرزوو باڵەخانەو کەرەستەکانی میدیاکان دەستی بەسەردا گیراو درایە میدیاکانی حزب و بانگەشەی کۆنترۆڵکردن و رێکخستنەوەی میدیا بوە یەکێک لە بانگەشە دیارەکان و وردە وردە شەری نێوان هەردو هاوسەررۆکان لە باسکردن لە گەندەڵی و قاچاخچێتی و هەوڵی ژەهرخواردکردنەوە لە داخستنی پەرەی فەرمی میدیاکان و دستبەسەردا گرتنی باڵەخانەی میدیاو بەرهەم هینانی راپۆرتی میدیایدا لەسەر یەکتر خۆی بینییەوە، بە جۆرێک لە دوو رۆژی رابردودا زۆرترین راپۆرت و بەرهەمی میدیایی لەسەر یەکتر و توانبارکردن و هێرشی توند بۆ سەر یەکتر بەرهەم هینراوەو بلاوکراوەتەوە.

سەرەنجام بەشێک لەومیدیایانەی کە سەر بەلاهور شیخ جەنگی بوون لە ئیوارەی رۆژی چوارشەممەداو لە پێشهاتێکی نوێدا داخران و هیچ پێگەیەکیان لە نێو تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و میدیا دیجیتاڵیەکان نەما و لە میدیاکانی باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیشەوە بانگەشەی ئەوەکرا کە هەنگاوی ڕێکخستنەوەی میدیاکانی یەکێتی دەستی پێکردوەو هێرشی توندیان کردە سەر لاهور شێخ جەنگی و میدیاکانی و بە مافیاو قاچاخچی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ناویان بردن.

ئێستا لەبری ئەوەی شەری بەرپرسان لە میدیاوە بکرێت شەڕەکە بوەتە شەرکردن لەسەر میدیاو و نازانرێت چارەنوسی ئەو هەڵمەتە بە کوێ دەگات و دوای ئەم روداوە چیتر دەبێتە بەشێک لە ململانێ و کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی.