حکومەتی هەرێم نرخی بەنزین دادەبەزێنێت

کوردستان

18/07/2021‌ 1096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەزاندنى نرخى بەنزین باج لەسەر بەنزین لادەبات و رێگەش بۆ هاوردەکردنی بەنزین دەکاتەوە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر راگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە کە لە رۆژانی داهاتوو باج لەسەر بەنزین هەڵدەگیرێت، هەروەها رێگاکان بۆ هاوردەکردنی بەنزین کراوە دەبێت، ئەمەش وا دەکات نرخی بەنزین بە رێژەیەکی زۆر دابەزێت، چونکە ئەو کات بازرگانان دەتوانن بچن لە دەرەوە بەنزین بێنن.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لە یەکەم هەنگاوی حکەمەتی هەرێم، ئێستا لە 27 بەنزیخانەی هەولێر نرخی بەنزین 70 تا 100 دینار دابەزێندراوە، یەک لیتر بەنزین بە 660 دینار دەفرۆشرێت.

هاوکات نەبەز عەبدولحەمید روونیکردوەتەوە، کە چاودێری بەنزینخانەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی بە نرخی زیاتر بەنزین نەفرۆشن، کوالێتی بەنزینەکەش زۆرباشە و بەپێی ئەو مەرج و رێنمایانەیە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دیاریکردووە.

قایمقامی ناوەندی هەولێر بۆ "کەناڵ ٢٤" ئەوەشى خستووتەڕوو کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێک دەدات نرخی بەنزین هەرزان بکرێت و لە هەمانکاتدا جێگیر بکرێت، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان، کە هیچ کەس نەتوانێ یاری بە نرخ و کوالێتی بەنزین بکات.

ناوبراو دەشڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین ئەوە بوو کە کوالێتی دانەبەزێت، بەڵکو بە کوالێتی بەرز لە بەنزینخانەکان بفرۆشرێت، بەردەوامیش ئیجرائات لەگەڵ ئەوانە دەکرێت کە یاری بە کوالێتی بەنزین دەکەن، چەند بەنزینخانەیەک لە هەولێر و دەوروبەری داخراون .

بەپەلە