یونسێف هۆشداری دەدات لە هەرەسهێنانی ئاوی خواردنەوی لوبنان

جیهان

25/07/2021‌ 453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی داڕمانی بەردەوامی سەرجەم کەرتەکانى ئابوری لوبنانەوە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونسێف)، هۆشداری دەدات لە هەرەسهێنانی تۆڕی گشتیی ئاوی خواردنەوە لە لوبنان.

رێکخراوی یونسێف لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كار بەو شێوەیە بڕوات، لە ماوەی مانگێكدا لە لوبنان، زیاتر 71 %ی خەڵكی ئەو وڵاتە كە دەكاتە نزیكەی چوار ملیۆن كەس ‌و ملیۆنێكیان پەنابەرن، دووچاری مەترسی نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، بەهۆی ئەو تەنگژە ئابوورییەی ئێستا لە لوبنان هەیە، كەرتی ئاوی خواردنەوە بەرەو داڕمان ‌و هەرەسهێنان دەچێت، هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی پارەی پێویست بۆ نۆژەنكردنەوە ‌و داڕووخانی تۆڕی كارەبا ‌و مەترسییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا گەڕاندۆتەوە، كە سەرچاوەی سەرەكیی كارپێكردنی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوەن لەو وڵاتەدا.

نوێنەرەكەی یونسێف لە لوبنان پێشبینکردووە، كە پێدەچێت لەماوەی چوار بۆ شەش هەفتەی داهاتوودا، پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە زۆربەی ناوچەكانی لوبنان لەكاربكەون.

لە هاوینی 2019وە، لوبنان تووشی قەیرانێكی ئابووری بێوێنە بۆتەوە ‌و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەكەی لەژێر هێڵی هەژاریدان. بەپێی بانكی نێودەوڵەتی-ش، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە، ئەوە خراپترین تەنگژەی لەو جۆرەیە كە روویدابێت.