ئیخوان موسلیمین، لە سەرهەڵدانەوە بۆ گەشەکردن و دواتر قەدەغەکردنی لە چەند ولاتێکدا

ڕاپۆرت

25/07/2021‌ 1023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە کۆتایی نیوەی یەکەمی ئەم مانگەداو لە پێشهاتێکی نوێدا پەرلەمانی نەمسا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی کۆمەڵەی برایانی موسەڵمان یان ئیخوان موسلیمینی دەرکرد.
بڕیاریك کە هەم بۆ ئیخوانەکان پێشهاتێکی چاوەروان نەکراو بوو، هەم بۆ کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش جۆرێک لە شۆک و سەرسورمانی پێوەبوو.

نەمسا وەک یەکەم ولاتی یەکێتی ئەوروپا ئەو کۆمەڵەیەی لە ڕیزبەندی ژمارەیەک گروپی چەکداری تونڕەو داناوەو هەموو چالاکی و جوڵەیەکی سیاسی و بانگەوازیی لێ قەدەغە کردوون.

بڕیارەکە لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی ئەم دواییەی نەمسایە کە بەرامبەر بە تیرۆر گرتوویەتیە بەر، بۆ ئەوەی ژمارەیەک رێکخراو لە چالاکی رابگرن کە پاڵپشتی تیرۆر دەکەن، لە سەرووی هەموویانەوە ئیخوانەکان.

وەزیری  ناوخۆی نەمسا پشتیوانی حکومەتی بۆ بریاری پەرلەمانی وڵاتەکەی دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند لە هەموو ڕویەکەوە دەیانەوێت کۆنترۆڵی جوڵەی گروپە توندرەوەکان بە ئیخوانیشەوە بکەن.

ڕەنگە ئەم بڕیارەی پەرلەمانی وڵاتی نەمسا جارێکی تر گفتوگۆی چڕ لەسەر ئیخوان و ناسنامەو کارەکانیان بێنێتەوە ئاراوەو، چەند وڵاتێکی تری ناوچەکەو یەکێتی ئەوروپاش بە هەمان ئاراستە هەنگاو بنێن و چیدی ئیخوان لە پانتایی ئازادی ئەوروپادا جێگەی نەبێتەوە.

ئیخوان موسلمین کۆمەڵەیەکی ئیسلامیە، خۆیان بە چاکسازو پەروەردەکار ناو دەبەن، لە زۆرینەی دەوڵەتە عەرەبیەکان وەک ئۆپۆزسیۆن دەردەکەون، نەیانشاردۆتەوە دەیانەوێت بگەنە دەسەڵات و حوکم بکەن، وەک هەر گروپێکی تری ئیسلامی باوەڕیان وایە دەبێت حوکمی جیهان بکەن و ئاینی ئیسلام لە بری دەوڵەتی مەدەنی حوکم بکات، بەڵام، ئیخوانەکان رێگایەکی نەرمتر و گوتاری مەدەنیانەیان کردۆتە رووخساری گشتی رێکخراوەکەیان جیاواز لە گروپەکانی تر.

زۆربەی جار جەخت لە چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابووری و سیاسی دەکەنەوە،  لە هەندێک دەوڵەتیش گەیشتوونەتە دەسەڵات، لەوانە ئەردەن و میسر و تونس و فەلەستین و تورکیا، کە لە هەندێک لەو وڵاتانە نمونەیەکی تەواو دیکتاتۆر و خۆسەپێنیان نیشانداوە.

ئیخوان لە ساڵی ١٩٢٨ و سەر دەستی کەسایەتیەکی بانگخوازی ئیسلامی بەناوی حەسەن بەننا لە میسر سەریهەڵداوە، دواتر گەشەی کرد بۆ دەوڵەتانی تری جیهان، ئێستا لە 72 دەوڵەت بوونی هەیە، لە شەش کیشوەر رێکخراوەکە کار دەکات، لە هەرێمی کوردستانیش بە درێژایی جوڵانەوەی هێز و گروپە ئیسلامیەکان سەرسامی و بگرە شوێن پێهەڵگرتنی ئیخوان بینراوەو بەشێک لە حزبە ئیسلامیەکان لە قۆناغێکی تەمەنی کاریاندا وەک لقێکی ئەو ڕێکخراوە لە کوردستان کاریان کردوە، ئێستاش بەشێکیان لەبەر بارودۆخی ئیخوان خۆیان لێ بێبەری کردون و بەشیکی تریشیان بەردەوامن لە شوێن پێکەوتنی ئیخوان ئەگەرچی بە شێوەیەکی ناراستەوخۆش بێت.

ئیخوان لە ژمارەیەک وڵاتی جیهانیدا وەک گروپێکی تیرۆرستی ناسراون، وەک رووسیا و کازاخستان، لە میسریش پاش ئەوەی لە سەر حوکم لابران وەک تیرۆرست ناسێنران، لە سعودیەو ئیماراتی عەرەبیش ناوی ئەم ڕێکخراوە لە لیستی تیرۆردایە.

 وێڕای فشارە ناوخۆییاکان بۆ بە تیرۆرست ناساندنی کۆمەڵەکە، بەرتیانیا و ئەمریکا رەزامەندنین ناوی ئیخوان بخرێتە لیستی تیرۆرەوە هەرچەندە بەشێک لە دەوڵەتە عەرەبیەکان هەوڵی ئەوە دەدەن بڕوا بەو دوو وڵاتە بهێنن ئەو کارە بکەن.

ئیخوان موسلمین لە نیشتیمانەکەی خۆیاندا

لە پاش گەشەکردن و گەورەبوونی و لە ساڵی ١٩٤٨ حکومەتی میسر دەستی کرد بە داپڵۆسین و دەستگیرکردنیان، لەبەر ئەوەی تۆمەتی تێوەگلان لە پلانی تیرۆرکردن و گەلەکۆمەکێیان لەسەر بوو، تا بەهاری عەرەبی رێکخراوەکە لە تەمەنی سڕبوونی زستانەیدا بوو، لە بەهاری عەرەبی، ئیخوانەکان سەرکەوتن و توانیان لە ساڵی ٢٠١١ هەڵبژاردنێک لە میسر ببەنەوە و دەسەڵات بگرنە دەست و سەرۆکێکی ئیخوان بەناوی (موحمەد مورسی ) ببێتە سەرۆکی وڵاتی میسری عەرەبی، ئەویش یەک ساڵ بەردەوام بوو، سووپا کودەتایەکی ئەنجامدا و دەسەڵاتیان لێ سەندەوە و خرایە زیندانەوە، تا رۆژی مردنی لە زیندان و پرۆسەی دادگایکردندا بوو.

ئیخوان موسلیمین و ئیسرائیل
هەرچەندە لە میسر نەیارەکانی ئیخوان موسلیمن دەڵێن حەسەن بەنا، دەستی لەگەڵ جووەکان تێکەڵکردووە بۆ ئەوەی دینی مسوڵمانان بەلاڕێدا ببات، بەڵام، ئیخوانەکان دووژمنی سەرسەختی ئیسرائیلیەکانن بە گوتار و کردارەکانیشیانەوە.

سەرکردەکانی ئیخوان لە فەلەستین تاکە نەیاری بەهێزی ئیسرائیلیەکانن. لە چوارچێوەی گروپە چەکدارە دۆستەکانیاندا و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا توانیان کڵاوەی پۆڵاینی ئیسرائیل بە مووشەکەکانیان تێکبشکێنن و شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕابگەیەنن بەڵام ئەم دژایەتیە نەیتوانیوە ئەو تۆمەتانە بڕەوێنێتەوە لەسەر ڕێکخراوەکەو سەرکردەکانیدا.

شێوازی کارکردنی برایانی مسوڵمان یان ئیخوان موسلیمین.

پەروەردەکردن وەک بنەمایەکی کاری ئیخوان ناودەبرێت و شانازی گەورەی ئەو گروپە ناوهێنانی خۆیانە وەک پەروەرەدەکاری توێژەکانی کۆمەڵگە، هەرچەندە ڕەخنەگرانیان پێیان وایە ئەو پەروەردەیە لە کۆتاییدا بۆ هاندانی شەر و کوشتن و جیهادی ناڕەوا سەردەکێشێت و نمونەی چالاکیەکانی ئەو ڕکخراوەش لە چەند ولاتێک دەهێننەوە، بەڵام ئیخوانەکان ئەو قسانە ڕەتدەکەنەوەو بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەوان لەسەر ڕێڕەوێکی نەرم و میانرەو کارەکانیان دەکەن و دەیانەوێت بە هێمنی بگەنە لوتکەی دەسەڵات و هەموو ئەو گروپ و تاقمانەی لەوان جیابونەتەوە یان بەناوی ئەوانەوە کاری توندو تیژی و تیرۆر دەکەن بە ئاراستەکردن و لەسەر داوای ئەوان نییە.

توێژەرانی فیکری ئیخوان پێیان وایە هەرچەندە لە دوو توێی کتێب و پەیڕەو و پەیامەکانی ئیخواندا ڕستەگەلێکی جوان و بێ کێشە بونی هەیە، بەڵام کاروکردەوەکانی بەشیکی زۆر لە ئیخوانەکان لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانیدا ئەوەی سەلماندوە کە ئەو دێڕانەی نێو نوسراو و پەیرەوەکەیان جگە لە هەوڵێک بۆ جوانکردنی سیمای کۆمەڵەکە هیچی تر نییە.