میلیشیاكانى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن‌و هۆزه‌كانیش داواى مانه‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن

عیراق

26/07/2021‌ 934 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میلیشیا شیعه‌كان وه‌ڵامى ئه‌مریكاو سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌ده‌نه‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازیی نابن به‌گۆڕینى ئه‌رك‌و ناونیشانى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌عێراقدا، به‌ڵام هۆزه‌كانى عێراق داواى مانه‌وه‌ى سه‌ربازانى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.


بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی "ڤۆیس ئۆف ئەمێریکا"، هاوکات لەگەڵ سەردانی مستەفا کازمی بۆ ئەمریکاو باسکردن لەکشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکاو گۆڕینی ئەرکی ئەو هێزانە لەعێراق بۆ بواری ڕاوێژکاری، هەڵوێستی لایەنە سیاسی‌و پێکهاتەکانی عێراق لەوبارەیەوە جیاوازە، بەشێوەیەک هێزو میلیشیا شیعییەکانی لایەنگری ئێران پێیانوایە، ئەوە مانۆڕێکی نوێی ئەمریکایە بۆ مانەوەی هێزەکانی لەعێراق‌و ئەوان بەو هەنگاوە ڕازیی نابن.

لەو چوارچێوەیەدا پێگەکە لەزاری یەکێک لەفەرماندەکانی حەشدی شەعبییەوە گواستویەتییەوە کە وتویەتی:"بانگەشەی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی لەهێزی شەڕکەوە بۆ بواری ڕاوێژکاری، تەنها مانۆڕێکی نوێی ئەو وڵاتەیە".

جەختیشیانکردۆتەوە، تاوەکو ئەمریکا سەرجەم هێزەکانی لەعێراق نەکێشێتەوە، ئەوە ئەوان لەپەلاماردانی ئەو هێزانەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبن.

لەلایەکی ترەوە، پێگە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەبەیاننامەی بەشێک لەهێزو کەسایەتییە سیاسیی‌و عەشایەرییە عەرەبییە سوننییەکانی عێراق کردوە کە داواکاری کازمیان بۆ دانانی خشتەیەک بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕەتکردۆتەوە، لەبەرئەوەی پێیانوایە، کشانەوەی سوپای ئەمریکا لەمکاتەدا عێراق دەخاتە ناو ئاژاوەیەکی مەترسیدارو تونێلێکی تاریکەوە.

ئەوەشیان وتوە، لەئێستادا لۆژیکی نادەوڵەت‌و میلیشیاگەریی حاکمی ڕەهای عێراقە.

ڤۆیس ئۆف ئەمێریکا دەڵێت:"لەناوەندە عێراقییەکاندا مەترسیی ئەوە هەیە دەسەڵاتی دەوڵەت بەهۆی میلیشیاکانەوە هەره‌سبهێنێت، بەتایبەت کە چەندین جاری تر لەبەرچاوی جیهانەوە ئەو هێزانە چونەتە ناو ناوچەی سەوزەوەو بەچەکی قورس‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە نمایشی سەربازیی دەکەن‌و کەسانی داواکراوی حەشدی شەعبی بەزەبری هێز ئازاد دەکەن".

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەی پێگە ئەمریکییەکەدا ڕای شرۆڤەکارانی سیاسیی عێراقیی وەرگرتوە کە وتویانە بونی سەربازی ئەمریکا پەیوەستە بەمەزەندەی دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکاو عێراق بۆ ڕادەی پێویستی مانەوەی ئەو هێزانە، لەبەرئەوەی بەڕای ئەوان ناکرێت واشنتۆن ملکەچی خواستی بەشێك لەهێزە سیاسییەکان‌و میلیشیا چەکدارییەکانی سەر بە ئێران ببێت.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە