سلێمان هەڵشۆییەکان کەی کۆتاییان دێت و هاوڵاتیان کەی هۆشیار دەبنەوە؟

کوردستان

28/07/2021‌ 1730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سڵێمان هەلشۆییەکان کەی کۆتاییان دێت و خەڵکی کەی  هۆشیار دەبێت، ئەی حکومەت و لایەنی بەرپرس کەی کۆنترۆڵی ئەو جۆرە کارانە دەکەن؟

سلاوتان لێبێت، ئەمجارە لە خزمەتتاندام بۆ باسکردن لەسەر دیاردەی فێڵکردن و مامەڵەی نادروست و ونبونی پارەی هاولاتیان لە ڕێگەی جۆرە بارزگاینەکەوە کە نە  شەرعییە و نە یاسایی.

ساڵانێکی زۆر بەر لە ئێستا بازرگانێک لە شاری سلیمانی کە خاوەنی پێشانەگایەکی مۆبێلیات بوو لە پڕ خۆی ون کرد و هەزاران کەس هاواریان لێ بەرز بویەوە، گوایە پارەیەکی خەیاڵیان داوەتە ئەو کەسەو بەناوی کارکردنەوە پارەکەی خواردوون، ئەو کەسە ون بوو، تا ئێستاش کەس نەیزانی چی لێهات.

دواتر بازرگانێکی گەورەتر لەو، کە خاوەنی چەند کارگەیەکی گەورەی ئاسن و کەرەستەکانی خانوبەرەبوو،  زیاد لە ٥٠ ملیۆن دۆلاری چەند بەرپرس و بازرگان و هاوڵاتیەکی بردو وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو، کەسیش هیچی لە دەست نەهات لە کاتێکدا کە ئەندامانی باڵای زۆربەی حزبەکان بەوانەی دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە پارەیەکی خەیاڵییان کردبوە دەستی ئەو کەسەوەو نەیانتوانی هیچی لي وەربگرنەوە، بەینی خۆمان بێت چەند پەرلەمانتار و وەزیرێکیشی تێدا بوو كە پارەیان پێدابوو.

دواتر، ئێوارەیەک لە ناوجەرگەی شار و لە بازاری دۆلارەکەی شاری سلیمانی بارزگانێک مایەپوچبونی خۆی راگەیاند و تێی تەقاند و بە ملۆنان دۆلاری دوکاندار و دەستگێرەکانی بازارەکەوە خۆی گەیاندە لای بەرپرسێکی حزبی کە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی هەیەو لە دوای چەند مانگێک ئەو بابەتەش کش و ماتی لێکراو کەس نەیزانی چی لێهات.

سەیرە دوای هەموو ئەم مامەڵە سەیرانە و دوای راکردنی ئەو بازرگانانە هێشتا کەسانێک هەبون کورد وتەنی بە عالەمی ئاشکرا ئەو مامەڵەیان دەکرد و بەهەمان شێوە پارەیان لە خەڵک وەردەگرت، سەیرە هەم خەڵک پارەی دەدانێ هەم حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار خۆیان بێدەنگ کردبوو لەو مامەڵەیە.

دیسان و جارێکی تر سلێمان هەڵشۆیی کە پارەی بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەی پشدەری وەرگرتوە مایە پوچ بونی خۆی راگەیاند و خۆی رادەستی پۆلیس کرد بۆ ئەوەی گیانی پارێزراو بێت، ئەوە چەند مانگە ئەو بابەتە بێ ئەنجام ماوەتەوەو هێچی لێ سەوز نەبوە بۆ خاوەن پارەکان کە زیاد لە هەزار کەس دەبن و بە ملیۆنان دۆلاریان لای هەڵشۆییە.

ئەم جۆرە مامەڵەیە لە شارەکانی کوردستان بەردەوام بوو، بەرپرسان و حکومەت و حزبەکان هەموو ئاگاداری بەڕێوەچونی رۆژانەی ئەم جۆرە کرین و فرۆشتنە بوون و مەترسیەکانیان درک پێدەکرد، بەڵام بۆ ڕیگرییان لێ نەدەکرد ئەوە پرسیاریێکی گەورەیەو دەبێت بە دوای وەڵامەکەیدا بگەرێێن.

لە هەولیرەوە گەنجێک بە ٤٥ ملیۆن دۆلاری خەڵکەوە خۆی ون کرد و ئەو پارەیەی کە گوایە بە رێگەی ئۆنلاین مامەڵەی پێوە دەکات، هەر بەرێگەی ئۆن لاینیش ونی کرد و مایەپوچبونی خۆی راگەیاند.

هەر دوای دوو رۆژ دیسانەوە لە پشدەر و قەلادزێوە ناوی کەسێکی تر راگەیانرا کە ئەویش پارەیەکی زۆری خەڵکی لابوەو هەڵهاتوەو پارەکەی خواردوە و ئەمیش ماڵی چەند کەسێکی تری وێران کردوە.

سەیرە ئەم هەموو روداوانە رو دەدەن هێشتا هاولاتیان بەشێکیان خەریکی ئەم جۆرە مامەڵەیەن و رۆژانە لە پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل و نوسینەگەکانی خانوو بەرەو ناوبازاردا ئەم جۆرە مامەڵانە بە ئاشکرا دەکرێن ،و ئەگەر بەرپرسان بەشدار نەبن تێیدا ئەوا بە وردی ئاگادارن و لە مەترسیەکانی تێدەگەن، بەڵام بۆچی وا بێدەنگن و ڕێگە لە ماڵویران بونی خەڵکی ناگرن؟

بەشێک لە هاولاتیان کە تا ئێستا لە دونیای خەیاڵ و خەونی لە پر بون بە کورێکدا دەژین کەی دێنەوە هۆش و دەزانن ئەو مامەڵەیە بە قسەی  شاەرەزایان نە یاساییە نە شەرعییە، ئەی باشە بۆ لێی بەردەوام دەبن؟ بۆچی کۆتایی پێ ناهێنن و  چیدی سامان و ژیان و گوزەرانی ماڵ و منداڵیان لەژیر هەرەشەی مایەپوچ بون و فەوتانی پارەکانیان رزگار ناکەن؟

لە دونیادا هەر وڵاتێک ئەم جۆرە مامەڵانەی تێدا بکرێت و حکومەت پێی بزانێت بە زویی کۆنترۆڵی دەکات و ڕێگەی لێدەگریت بەڵام رۆژ بەرۆژ ئەو دیاردەیە لای ئێمە پەرە دەسەنێت و حکومەتیش بێ باکانە گوێی لێ خەواندوەو هیچ هەوڵێک نادات بۆ ڕێگری لە دروست بونی حاڵەتەکان ، ئەو حالەتانەش کە دروست دەبن بکەرەکانیان وەک هەڵمی ئاو ون دەبن و کەس نازانێت لە کوێن و حکومەتیش دەستەوەستان ماوەتەوە.
ئاگاتان لە پارەکانتان بێت و نەیدەنە دەست ئەو مامەڵەچییانە....