دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کوردیان دەستپێکردووە

کوردستان

30/07/2021‌ 2284 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی زانیارییەکانی دوو ڕێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی هاوڵاتی و چالاکانی کوردیان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە، بەشێوەیەک لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لانیکەم 50  چالاک و هاوڵاتی کورد دەستگیرکراون.

لەوبارەیەوە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەکردووە  کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە شاری بۆکانی سەر بە پاریزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ) ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتی و چالاکی کورد دەستگیرکراون.

هەروەک ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی کوردستانی باسی لەوەکردووە کە رۆژی شەممەی رابردوو هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لانیکەم 10 چالاکی کوردیان لە ساری بۆکانی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دەستگیرکردووە و گواستوویاننەتەوە بۆ گرتووخانەیەکی سەر بە هەواڵگری سوپای پاسداران لە ورمێ.

هەروەک ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە لەماوەی جەند رۆژی رابردوو دوای خۆپیشاندانی نارەزایەتیی دانیشتووانی گەرەکی مەهدییە لە کرماشان، هێزە ئەمنییەکان گەڕەکەکەیان گەمارۆداوە و  لانیکەم ١٥ هاوڵاتی ناوچەکەیان دەستگیر کردووە.

لەکاتێکدا بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و دەربڕینی پاڵپشتی بۆ خۆپیشاندەرانی ئەهواز،  لانیکەم 20 هاوڵاتی ئەو گەڕەکەی کرماشانیان دەستگیرکردووە.

ئەو دوو رێكخراوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەماوەی رابردوو، بەتایبەت لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی ناوچەکانی ئەهواز لە باشووری ئێران، هێزێکی زۆری ئەمنیی  لە شارە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوەیان پێکراوە، بەتایبەتی لە شارەکانی کرماشان و سنە و سەقز و بۆکان و کەشێکی سەربازیی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی