تیکتۆک و سناپچات چۆن کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر و وێرانکردن دەبەن؟

ڕاپۆرت

29/08/2021‌ 1978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵگەیەک کە دەوترا لە ڕوی کلتور و دابو نەریتەوە بێ وێنەیەو بەها کۆمەلایەتی و نەتەوەییەکان بە پیرۆزی سەیر دەکرێن، کەچی ئێستا بە هۆی تیکتۆک و سناپ چات و چەند بەرنامەیەکی ترەوە خەریکە وردە وردە کۆمەلگە لەبەر یەک هەڵدەوەشێت و کێشەو گرفتی گەورە گەورە ڕو دەدەن.

  ئەوەتا گیانی گەنجەکانمان لە مەترسیدایەو رۆژ بە رۆژ هەواڵە دلتەزێنەکان زیاد دەبن بەهۆی بەکار هێنانی ئەو جۆرە بەرنامانەوە..

ساڵانێکە پسپۆران و شارەزایانی بواری دەرونزانی و پەروەردە هاوار دەکەن و داوا دەکەن منداڵ و گەنجەکانی نیشتمان لەو جۆرە بەرنامانە بپارێزین، چونکە لە داهاتویەکی نزیکدا دەبنە مەترسی بۆسەر کۆمەڵگە...

گویمان نەگرت، بۆ ئەوەی منداڵ و گەنجەکانمان بێدەنگ بکەین و سەرقاڵیان بکەین بە کارێکەو بێدەنگبن، یەکی ئامێریکی زیرەکمان خستنە نێوان دەستەکانیان و وازمان لێهێنان بۆخۆیان چی دەکەن با بیکەن...

سەرەنجام چی ڕویدا؟؟؟
ئەوەی کە ئێستا هەموومان بە مەترسی گەورە ناوی دەبەین، لێکترازانی کۆمەڵگە. هەلوەشانەوەی لەسەرخۆی شیرازەی خێزان، سەرهەڵدان و فراوانبونی دیاردە نامۆکانی کۆمەڵگەی کوردەواری وەک هاورەگەزبازی و لەشفرۆشی  و دەستدرێژی سەر کور و کچە منداڵ و گەنجەکان.

پەیوەندی نادروستی نێوان کوڕو کچان لە تەمەنێکی زۆر کەمدا کە بەهۆی گۆرینەوەی وێنەو ڤیدیۆوە دەیان کێشە سەری هەڵداوەو بەرۆکی خێزانەکانی گرتوە.

هەر ئەوەش نا،، ئێستا دیاردەیەکی ترسناک بەرۆکی گەنجان و کچان وکورانی نیشتمانی گرتوە، ئەوانەیان ئەو جۆرە بەرنامانە بەکار دەهێنن لە پەخشی راستەوخۆداو لەبەرچاوی هەموانەوە دەست دەبەن بۆ بابەتێک کە ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە.

 ئەوەتا لە یەک هەفتەدا، کچێك لە دهۆک و کورێک لە چەمچەماڵ و یەکێکی تریش لە کاتی فڕێدانی ڕومانەیەک بۆ نێو دەریاچەیەک لە لایڤی تیکتۆک و سناپچاتدا کارەساتێک ڕویداو هەرسێکیان بونە قوربانیی بەکار هێنانی ئەو بەرنامانە.

 رەنگە ئێستا تۆی بێنەر پێت وابێت ئەوە تاوانی ئەوانە ئەو کارەیان کردوە، بەلام با من پێت بڵێم زۆربەی بەکارهێنەرانی ئەو دوو بەرنامەیەک بە تایبەتی بەکارهێنەرانی تیکتۆک گەنجانی وڵاتن و ئەو جۆرە ڤیدیۆ و وێنانە رۆژانە بڵاو دەکرێنەوەو بە جۆرێک لە ئازایەتی و خۆنواندن تەماشا دەکرێت.

بە گەرانێکی زۆر کەم بەو دوو تۆرەدا، بینەر بۆی دەردەکەوێت کە  چ کارەساتێک ڕوی لەم کۆمەڵگەیە کردوە لە ڕوی خوڕەوشت و بەها کۆمەڵایەتی و خێزانیەکانەوە، دەبینیت هیچ رێزێکی کۆمەلایەتی لە نێوان بەکارهێنەرانی بەرنامەکاندا نییە کە کوڕ و کچی کۆمەلگەی کوردەوارین.

هەر ئەوان نا، ئێستا وایلێهاتوە کەسێک بوەتە باپیرەو لەگەڵ نەوەکەیدا خەریکی تۆمارکردنی ڤیدیۆی سەیرو سەمەرەیەو قسەی وا دەکات کە لە هیچ شوینێکی کۆمەڵگەدا جێی نابێتەوە.

مامۆستاو پیاوی ئاینی و فەرمانبەر و جۆرەها توێژی کۆمەڵگە خەریککراون بەو تۆرانەوەو، بەناوی بەسەربردنی کاتی خۆش یان دروستکردنی چەند کاتێکی خۆش بۆ بینەر، خۆیان دەکەنە پەندی زەمانەو شەرە گۆرانی و شەرە جنێو و جۆرەها شتی تر دەکەن.

ئاخر لە کوێی کۆمەلگەی کوردەوایدا هەبوە پیاوێک بە دونیایەک ڕیش و سمێلەوە بە جلی ژێرەوە لە راستەوخۆدا قسە لەگەڵ بینەرەکانی بکات کە هەموو کور و کچی ئەم کۆمەڵگەیەن.
وینەو ڤیدیۆ و پۆستی وا دەستاو دەستی پێدەکرێت کە لە هیچ جێگەیەکی خێزان و کۆمەلگەیەکی تەندروستدا جێگەی نابێتەوە.

گرنیدان بە سێکس و وروژاندن و بەلاڕێدابردنی گەنجانی وڵات بوەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەو تۆڕانە، لەوانەیە بینەر بپرسێت ئەو بەرنامانە چ پێویستیان بەوەیە خوی گەنجانی ئێمە تێکبدەن، تۆ ئەگەر ئەو پرسیارە دەکەیت یەک گەران بکە بۆ بابەتەکەو بەشێوەیەکی زانستی بیخوێنەرەوە یان لە شارەزایەکی بوارەکە پرسیار بکە، تا بە رونی لە مەترسیەکانی ئەو بەرنامانە تێبگەیت بۆ سەر کۆمەڵگە.

لە دونیادا تەکنەلۆژیاو ئامێرەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا  سنوردارن و بە پێی تەمەن و ئاستی هۆشیاری بەکاربەر دەخرێنە بەردەست، بەڵام لێرە بێ سانسۆرو بێ هیچ سنورێک هەموو بەرنامەو خزمەتگوزارییەکی تەکنەلۆژیا دەخرێتە بەردەستی کۆمەڵگەو کاتێک دەزانین کارەساتێک ڕویداوەو تازە فریای ئەوەش ناکەوین ڕێگەی لێبگرین.

ئێستاش هێشتا دەرفەتێک ماوە بۆ ئەوەی حکومەت و کۆی کۆمەلگەو خێزان و پسپۆران و شارەزایان هەموو پێکەوە خەمێک لە داهاتوی مندال و نەوەکانی نیشتمان بخۆین و رادەستی ئەو چارەنوسەیان نەکەین کە تیکتۆک و سناپچات و بەرنامەکانی تر بۆیان ئامادەکردوون.

با چیدی خەمساردانە دانەنیشین بەدیار مەرگی گەنجان و بەلارێدابردنی کور و کچان و پوکانەوەی بەها باڵاکانی کۆمەڵگەوە.

وەرن هەموو هەڵمەتێک دەستپێبکەین بۆ هۆشیاری و رێگری لە زیاتر تەشەنەکردنی ئەو مەترسیەی کە ئێستا لە بەردەرگای هەمواندا و هەڕەشە لە داهاتوی هەموومان دەکات.