شارپرێس:
حزبەکانی باشوری کوردستان لەدۆستی ژورە داخراوەکانەوە بۆ نەرمە هێرشی هەڵبژاردن.. هێرشێک کە ئێستا بەشێوەیەکی شەرمنانە دەیکەنەسەریەکو پێدەچێت لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردن توندتربێت.
سەرەنجام دوای زیاتر لەسێ ساڵ، دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەشێکی کێبڕکێ ئامێزو هەندێکجاریش ڕەخنەی توندی خستوەتە نێو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن، بەڵام هێشتا کەشەکە وەک ساڵانی ڕابردوو نییەو دەتوانین بڵێین، لایەنە سیاسییەکان بەڕەمزو بەشەرمەوە ڕەخنە ئاڕاستەی ڕکابەرەکانیان دەکەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی کوردستانی پێکهێناوە، دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی لەشاری کەرکوکەوە دەستپێکرد، شارێک کە دوای نزیکەی چوارساڵ نەیتوانیوە پارێزگارێکی کوردی بۆ دابنێت، شارێک لەڕابردودا بەقەڵای سەوز ناسرابوو، بەڵام لەمڕۆی پڕکێشەی نێوخۆیی یەکێتی، نازاندرێت قەڵاکە هەر بەسەوزی دەمێنێتەوە یاخود نا.
دەستپێکی نەرمە ڕەخنەی بانگەشە لەکەرکوکەوە دەستیپێکرد، کاتێک قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتی:"ناهێڵێن لایەنە سیاسییەکان سەرکێشی بەچارەنوسی کەرکوکەوە بکەن".
ڕەخنەکەی تاڵەبانی کوڕ ئاڕاستەکەی ڕوی لەپارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام وەک ئەوەی پێشتر هەردوو حزب ڕێککەوتنیان لەسەرکردبێ، قوباد تاڵەبانی نەیتوانی تیری ڕەخنەکانی توندتر بهاوێتو بەوە دڵی کەرکوکییەکانی دایەوە کە پارێزگارێک لەوان بۆ شارەکە دیاریدەکەن، بەڵێنێک کە لە16ى ئۆکتۆبەری 2017وە دراوەو ڕیکۆردی یەکێک لەبەدینەهاتوترین بەڵێنەکانی حزبی کوردیی شکاندوە.
ڕۆژی شەممە کە هاوکاتبوو لەگەڵ ساڵیادی دەستپێکی شۆڕشی ئەیلول مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەههولێرهوه بەشداریی بانگەشەی حزبەکەی کردو ڕایگەیاند، "لەکوردستان تەمەننا دەکەین هەمولایەک بەخۆیاندا بچنەوە، لەبری ئەوەی هەوڵی یەکتر شکاندنو لەناوبردنی یەکتری بدەن، بیر لەوەبکرێتەوە چۆن پێکەوە کاربکەین بۆ میللەتەکەمان، چۆن خەبات بکەین؟ چۆن ئەو هەموو تەحەدیاتانەی لەپێشمانە بەرامبەری بوەستین"، ئەوەش وەک پەیامێکی پێشوەختە بوو بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەی ڕەخنە لەپارتی دەگرن.
بارزانی لەقسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، "هەرکەس بەتەمای کۆتاییهاتنی پارتی بێت، دەبێت بەو خەونەوە سەربنێتەوە"، ئەم قسەیەی بارزانی ڕوی لەحزبە ڕکابەرەکانی پارتی بوو.
چاودێرانیش پێیانوایە، پەیامێکی توندبوو بۆ حزبەکانی تر کە هیچکات بیر لەڕکابەریی پارتی نەکەنەوە، تائێستاو بەتایبەت لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا هیچ کەسێک باسی لەکۆتایی پارتی نەکردوە، پێدەچێت پەیامەکەی بارزانی بەشێک بێت لەهۆشدارییەکی یەکلاکەرەوە بۆ یەکێتیو گۆڕان کە بەنیازی دەستشاکاندنەوەی پارتین پێکەوە.
مەسعود بارزانی لەوتارەکەیدا هەوڵیدا بەئاڕاستەکردنی ڕەخنەکانی بەرەو بەغدا، سۆزی هەوادارو ئەندامانی حزبەکەی بجوڵێنێت، واتا تیرەکەی بارزانی ڕوو لەبەغدا بوو نەک سلێمانی، ئەوەش وا لێکدەدرێتەوە دوای ڕوداوەکانی هەشتی تەمموز پارتی کێشەیەکی ئەووتۆی لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی نەماوە، گەرنا هێرش بۆسەر ئەو حزبە دەبوە کەرەستەی بانگەشەی پارتی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، یەکێتی لەڕێگەی ئۆرگانە جیاوازەکانیەوە پلانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەشێوەیەک داڕشتوە، تیایدا هێرشی ڕاگەیاندنی ناڕاستەوخۆ بکرێتەسەر حزبەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی کوردستان، بۆ نمونە ڕیفراندۆمو شکستی پڕۆسەکە بکرێتە کەرەستەی بانگەشە، چونکە لەکۆتایی مانگی نۆدا کە ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەیە دەکەوێتە ناوەڕاستی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، دیارە یەکێتی دەیەوێت ئەو کارتە بەکاربهێنێت، چونکە لەبەرامبەر ئەوەدا تا دەگاتەڕۆژی 16ى ئۆکتۆبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهاتوەو پارتی ناتوانێت وەڵامێکی توند بداتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لای شارپرێسن، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن حزبەکان بەناوی ستراتیژی بانگەشەوە، میدیا فەرمیو سێبەرەکانیان ئاراستەکردون کە دەست نەپارێزن لەڕەخنەگرتن لەڕکابەرەکانیانو ئەگەر پێویستی کرد هێرشی توندیان هەبێت بۆ سەر بەرامبەر.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وەک ئەوەی پێشبینی ڕۆژانێکی توندی پڕ لەکێبڕکێی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی کردبێ لەنوێترین پەیامیدا دەڵێت:"بانگهشهیهكى مهدهنیانهى ئارام لهئاستێكى بهرزدا ئهنجامبدرێت، نهبێته هۆى بێزاركردنى هاوڵاتییانو لهههموو پشێویىو یهكترشكاندنو ناوزڕاندنێك دوربێت".
هەڵبەت پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێکی کەمە بانگەشەی هەڵبژاردن لەهەرێم دەستیپێکردوەو هێشتا ڕۆژانی توندییو هەڵدانەوەی دۆسیەی حزبەکانو کاندیدەکانیان لەڕێدایە، بەڵام ئاخۆ یەکێتی کەموکوڕییەکانی حکومەت دەکاتە کەرەستەی بانگەشە بۆ لێدان لەپارتی، لەکاتێکدا خۆی پێکهێنەری سەرەکی حکومەتەو شەڕ لەسەر مانەوەی دەکات؟؟؟ یاخود پارتی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی دەکاتە کەرەستەی بانگەشە کە خۆی ساڵانێکە خەون بەو گۆڕانکارییانەوە دەبینێت؟ یان ئەگەری سێیەم ئەوەیە هەریەکە لەپارتی، یەکێتیو گۆڕان پلانێکی هاوبەشیان بۆ بانگەشە داڕشتبێت.
ئەگەر لەدێڕێکدا کورتی بکەینەوە ئەوەیە، "هێرشی سنوردار بکەرە سەرم، بۆئەوەی منیش وەڵامی سنوردارم هەبێت"، سەرەنجام هەمویان سۆزی هاوڵاتیانو لایەنگرانیان زیندودەکەنەوەو دەیاننێرنەسەر سندوقەکانی دەنگدان لەبەر بهرژەوەندی خۆیان.