بەسەرپەرشتی کازمی‌و کۆمکاری عەرەبیی ئەمرِۆ لەبەغدا کۆنگرەی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان بەڕێوەدەچێت

عیراق

15/09/2021‌ 994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاروایه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەغدا چالاکییەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراق بەڕێوەبچێت کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.


بەپێی بەیاننامەیەکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کۆنگرەکە بەسەرپەرشتیی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانى عێراق‌و بەبەشداری ئەحمەد ئەبوغەیزی سەرۆکی کۆمکاری عەرەبیی بەڕێوەبچێت، ئەوە جگە لەبەشداریی ژمارەیەک لەوەزیرانی دادو سەرۆکانی ئەنجومەنی دادوەریی‌و دەزگا چاودێرییەکان‌و نوێنەری ژمارەیەک لەکۆمەڵەو ڕێکخراوەکان‌و کەسایەتییە یاسایی‌و ئەکادیمیی‌و میدیاییە عەرەبییە پەیوەندیدارەکان بەپرسی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیی.

باس لەوەشکراوە، لەکۆنگرەکەدا پرسی گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکان‌و دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی گێڕانەوەیان‌و ڕێگریکردن لەبونی ژینگەو پەناگەی ئارام بۆ حەشاردانی ئەو پارانە باسیان لێوەدەکرێت.

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەی دەستەی دەست پاکیدا هاتوە، "لەکۆنگرەکەدا دیارترین ئەو کۆسپ‌و ئاستەنگانە دەخرێنەڕوو کە لەبابەتی گێڕانەوەی کەسانی تۆمەتبارو پارەو داهاتی بەقاچاخبراو بۆ دەرەوە ڕوبەڕوی دەزگا چاودێرییە نیشتیمانییەکان دەبێتەوە، هەروەک تێیدا ئەو چارەسەرانە دەخرێنەڕوو کە بەهۆیەوە دەکرێت ئەو وڵاتانەی کەسانی تۆمەتبار بەتاوانەکانی گەندەڵیی پەناداوەو پارە بەقاچاخبراوەکانی تێدا هەڵگیراوە بەپێی ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ناچاربکرێت بۆ وڵاتی خۆیان بگێڕێتەوە".

ئەوەش هاتوە، "کۆنگرەکە دەیەوێت بەژمارەیەک دەرئەنجام‌و ڕاسپاردەو دەستپێشخەرییەوە دەربچێت‌و تێیدا وڵاتانی بەشدار لەکۆنگرەکە هانبدات لەبابەتی گێڕانەوەی پارەی بەقاچاخبراوو داهاتەکانی گەندەڵیی هەماهەنگیی‌و هاوکاریی یاسایی لەنێوان خۆیاندا بکەن‌و لەسەر ئاستی جیهانیی عەرەبیی‌و نێودەوڵەتیی هاوپەیمانی‌و گروپی فشار دژ بەو وڵاتانە دروستبکەن لەژینگەیەکی ئارام بۆ پارە بەقاچاخبراوەکان فەراهەمدەکەن".