هۆکاره‌كانى به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌ى پارە بەقاچاخبراوەکان ئاشكراده‌كرێت

عیراق

16/09/2021‌ 1461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران سێ هۆکار ئاشكراده‌كات وه‌ك ئاستەنگ بۆ گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکانی عێراق، ده‌شڵێت:"ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌به‌رده‌ستدان باس لەبردنە دەرەوەی نزیکەی 300 ملیار دۆلار دەکەن".


موزیر کەروی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، "تائێستا هیچ ژمارەیەکی ورد لەسەر قەبارەی ئەو پارانە نازانرێت کە لەدوای ساڵی 2003وە لەعێراق بەقاچاخ براوەتە دەرەوە، بەڵام هەندێک لەژمارەکان باس لەبردنە دەرەوەی نزیکەی 300 ملیار دۆلار دەکەن، ئەوەش ژمارەیەکی یەکجار گەورەیەو قەبارەی ئەو گەندەڵییە پیشاندەدات کە لەماوەی 18 ساڵی ڕابردودا لەم وڵاتەدا ئەنجامدراوە".

کەروی وتویەتی:"سێ هۆکاری سەرەکیی ئاستەنگیان بۆ گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکانی عێراق لەدەرەوە دروستکردوە، یەکێکیان بریتییە لەوەی بەشێک لەو وڵاتانەی پارەکانیان بۆبراوە لەپڕۆسەکەدا هاوکاریی عێراق ناکەن، دوەمیش تائێستا ویستێکی حکومیی بەهێز  بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانە لەدەرەوە لەئارادا نەبوە، هەرچی خاڵی سێیەمە ئەوەیە کە بەشی هەرەزۆری ئەو پارانەی براونەتەوە دەرەوە لەچەندین که‌رتی جۆراوجۆردا خراوەتە وەبەرهێنانەوە بۆئەوەی پرەنسیپی شۆردنه‌وه‌ى پارەیان بەسەدا جێبەجێبکرێت".

ده‌شڵێت:"لوتکەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکان زۆر دواکەوت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە وڵاتان لەگێڕانەوەی ئەو پارانەو ئاشکراکردنی سەرمایەی سیاسییە عێراقییەکان لەبانکەکانی دەرەوەو قەبارەی وەبەرهێنانەکانیان هاوکاری عێراق بکەن".