ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: ئێران به‌مانگێك دەبێتە خاوەنی چەکی ئه‌تۆمى

جیهان

30/09/2021‌ 1407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "فۆرين پۆلسی Foreign Policy "ی ئەمریکی پێشبینیکردوە، ئێران لەماوەی مانگێکدا بتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی، هۆشداریشیداوە لەوەی، بەهۆی کەمتەرخەمی ئیدارەی بایدنەوە سەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبکەنە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی.


ڕاپۆرتەکە کە پشتی بەلێدوانی چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی‌و نێودەوڵەتیی بەستوە ئاماژەی بەوەکردوە، حوسێن ئەمیر عەبدولئیلاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کە بۆیەکەمجار هەفتەی ڕابردوو لەنەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیی دەرکەوت، سورە لەسەرئەوەی لەژێر پەردەی گفتوگۆ ناوەکییەکاندا ئێران بکات بە"دەوڵەتێکی ناوەکیی".

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی فۆرن پۆلسی، گەورە بەرپرسانی ئەمریکا لەوە دەترسن کە ئێران ڕوو لەپلانی "ب" بکات‌و هەوڵی دواخستنی دانوستانە ناوەکییەکان بدات، لەکاتێکدا بەکرداری خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات بەخێرایی دەستی بەچەکی ناوەکیی بگات.

ئاماژە بەوەشکراوە، دینیس ڕوس دیبلۆماتکاری ئەمریکی تایبەتمەند بەکاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتویەتی:"ئێرانییەکان چیتر لێمان ناترسن"، ئەمەش مانای وایە واشنتۆن چی لەبابەتی بەرنامەی ناوەکیی یان لەپرسەکانی تری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توانای پێویستی بەرپەرچدانەوەی تارانیان لەبەردەستدا نییە کە ئەوەشیان وەک ئەنجامێکی ترسناکی کشانەوەی بەپەلەی سوپای ئەمریکا لەئەفغانستان‌و دەستگرتنی تاڵیبان بەسەر ئەو وڵاتە هەژمارکردوە.

بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم‌و چەندین پسپۆڕی تر جەختیانکردۆتەوە، ئێران ئێستا لەهەموکات زیاتر لەبەرهەمهێنانی چەکی ناوەکییەوە نزیکە.

باس لەوەشکراوە، تاران بگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکیی بەشێوەی ئاشکرا یان نا، نیگەرانیی گەورە ئەوەیە کە ئێران هاوشێوەی ژاپۆن ببێتە خاوەنی زانیاریی تەکنیکی‌و یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکیی بەخێراییەکی زۆر، لەم دۆخەشدا ئێران دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لەناوچەکەدا بەشێوەیەکی گەورە لەبەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت.

ڕۆژی دوشەممەی ڕابردوش، نەفتالی بێنیت سەرۆک وەزیری نوێی ئیسرائیل لەوتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان وتی، "بەرنامەی ناوەکیی ئێران گەیشتۆتە ساتێکی جیاکەرەوە، هەروەک هۆشداریشیدا لەوەی تەنها بەقسە ناتوانرێت ئێران بوه‌ستێنرێت".

هەروەک شرۆڤەکارێکیش لەگروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان وتویەتی:"ئێرانییەکان دڵنیان کە کات لەبەرژەوەندیاندایەو بۆچونیشیان وایە، کاتێکیش گفتوگۆ ناوەکییەکان دەستپێدەکەنەوە ڕۆژئاواییەکان جگە لەقبوڵکردنی داواکارییەکانیان بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەریان، هیچ بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە".

و: ئاکۆ ئاڵی