بۆچی خەوتن لەژوری سارد بۆ تەندروستیی باشترە؟

تەندروستی

07/10/2021‌ 643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕانی تەندروستیی دەڵێن، کاتێک شەوان دەچینەسەر جێگای خەو، جەستەمان بەسروشتی حاڵ دەیەوێت پلەی گەرمی جەستە دابەزێنێت‌و ساردتری بکات، ئەویش لەپێناو ئەوەی لولە خوێنەکانمان بەشێوەیەکی باشتر لەناو پێستماندا بکشێن.

دکتۆر کریگ هیلەر مامۆستای بایۆلۆجی لە زانکۆی ستانفۆرد دەڵێت:"کاتێک دەخەوین، پلەی گەرمی جەستە دادەبەزێت، ئەوەش ئەو پلە گەرمییەکە کە مێشک دەیەوێت پێی بگات، بەڵام ئەگەر پلەی گەرمی ژورەکە زۆر بەرزبێت، ئەوە ناتوانێت ئەوکارە بکات".

هیلەر دەڵێت:"دابەزینی پلەی گەرمی لەکاتی ڕاکشان لەسەر جێگا بۆ خەوتن هاندەرێکی گرنگە بۆ دەستکەوتنی خەوێکی باش، لەبەرئەم هۆکارە زۆرینەی پسپۆڕانی بواری خەو هاوڕان لەسەرئەوەی کە لەژورە ساردەکاندا مرۆڤ خەوێکی باشتری دەستدەکەوێت".

هەروەک ئەجای سی سامبات پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانستیی دەمارو پزیشکی خەو لەزانکۆی کالیفۆرنیا وتویەتی:"بەگشتیی بەساردی هێشتنەوەی ژوری خەوتن بۆ کاتی خەوتن زۆر بەسودە، لەبەرئەوەی لەکاتی خەوتندا پلەی گەرمی سروشتیی جەستە دادەبەزێت، ئەگەرهات‌و پلەی گەرمی ژورەکە نزم بێت بۆ دەستکەوتنی خەوێکی باش بەسودە".

باسی لەوەکردوە، فاکتەری تریش هەیە کاریگەریی هەیە لەسەر ڕەخساندنی کەشێکی نمونەیی بۆ خەوتن، بەشێوەیەک هەریەک لەڕوناکیی‌و ژاوەژاوو کحول‌و کافایین‌و بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لەوەدا هەیە.

و: ئاکۆ ئاڵی