ئێران لەئازەربایجانەوە ڕوبەڕوی پڕۆژەی تۆرانیزم دەبێتەوە

جیهان

12/10/2021‌ 2293 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


بەپێی بابەتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "ئۆراسیا دەیلی"ی ڕوسیی کە لەلایەن کارین گیگۆرژیانی خانمە پسپۆڕی کاروباری ئێران ئامادەکراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕون‌و ڕاشکاویی بەرامبەر بەپڕۆژەی تۆرانیزمی ئەردۆغان وەستاوەتەوە.


لەبابەتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتوە، لەدوای جەنگی ناگۆڕنۆ-قەرەباغ لەپاییزی ساڵی 2020، دەستەبژێری ئازەربایجان وردە وردە هەستیانکرد کە وڵاتەکەیان خەریکە دەبێتە بەشێک لەپڕۆژەی داگیرکاریی تورکیا، لەبەرئەوەی ئەنکەرە پێویستییەکی زۆری بەئازەربایجان هەیە وەک هەرێمی ستراتیژیی‌و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بەسامانە سروشتییەکان، بەتایبەتی غاز.

هەروەک دەڵێت:"ئەگەر نرخی ئەو غازە وەربگرین کە لەئازەربایجانەوە ڕەوانەی تورکیا دەکرێت، بەتایبەت ئەگەر بەراورد بکرێت بەنرخەکانی ئێستای ئەو سەرچاوە سروشتییە لەبازارە جیهانییەکاندا، ئەوە دەتوانرێت بوترێت تورکیا ئەو غازەی بەخۆڕایی دەستدەکەوێت، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئازەربایجان باجی ئەو پشتیوانییە دەدات کە تورکیا لەکاتی جەنگەکەدا لەبەرامبەر ئەرمینیا لێی کردوە.

لەئەنجامی جەنگدا، پەیوەندییە داگیرکارییەکانی نێوان ئەنکەرەو باکۆ بوو بەڕاستیی، ئەمەش ناکرێت ئێران نیگەران نەکات، لەماوەی ڕابردودا ئێران نوێنەری هەموو ئەو ڕێکخراوانەی دەستگیرکردووە کە پشتیوانی هەڵمەتی "هەموو تورکیا"یان کردووە کە لەلایەن ئەنکەرەوە پشتیوانی دەکرێت. بەرپرسە ئێرانییەکانیش بەتایبەت بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران بەئاشکرا رایانگەیاندووە کە ئەوان لەبەرانبەر کەڵکەڵەی تورکچێتی لەناوچەکەدا چاوپۆشی ناکەن.

کارین گیگۆرکیان ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران لەڕوی تەکنەلۆژییەوە یەکێکە لەدەوڵەتە هەرە پێشکەوتوەکانی جیهانی ئیسلامیی، بەشێوەیەک لەپەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نانۆدا پلەی شەشەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئێران ئابورییەکی هەمەچەشن‌و پێگەیەکی جیۆسیاسیی گونجاوی هەیە، کە هەموو ئەوانە وای لێدەکەن هەڵوێستێکی بەهێزو توانایەکی گەورەی هەبێت کە تاران دەتوانێت ئەو هێزو توانا گەورەیە لەپەکخستنی پڕۆژەی تۆرانییەت  بەکاربهێنێت.

لەکۆتاییدا وتویەتی:"لەئەمڕۆدا پڕۆژەی تورکی-ئازەربایجانی هەڕەشەیەکی جیۆ ئابوریی‌و جیۆستراتیژییە، ئەو پڕۆژەیە مەترسیی لەسەر یەکێتیی ناوخۆیی دەوڵەتی شیعە مەزهەب دروستدەکات.

و: ئاکۆ ئاڵی