کۆمسیۆن: هیچ فشارێکى سیاسى و ئەمنی لەسەر کارەکانى کۆمسیۆن نەبووە

عیراق

13/10/2021‌ 890 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ فشارێکى سیاسی نەکراوەتەسەر بۆ دەستوەردان لەکارەکانیان و یارى بەهیچ دەنگێک نەکراوە.  

 
عیماد جەمیل ئەندامى ئۆفیسى راگەیاندنى کۆمسیۆن بە میدیاکانى عێراقی رایگەیاند، کۆمسیۆن ئەنجامى ئەو دەنگانەى راگەیاندووە کە بەئەلیکترۆنى پێی گەیشتووە، 3600 ئامێرى دەنگدان بەهۆى کێشەى تەکنیکییەوە لەکار وەستابوون.  

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو وێستگانەى کە ئامێرەکانیان کێشەى هەبوو لەرێگەى جیاکردنەوەى دەستى دەنگەکانەوە ئەنجامەکانیان وردبینى تێدا دەکرێت.  

ئەو بەرپرسەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان باس لەوە دەکات، تێبینى لەبارەى بوونى ئاڵۆزى لەکاروبارى کۆمسیۆن ماناى ئەوە ناگەیەنێت کە یارى بە دەنگەکان بکرێت.  

لە ١٠ی ئەم مانگە هەڵبژاردنى پێشوەختە بۆ پەرلەمانى عێراق بەرێوەچوو، دواتر کۆمسیۆن سەرکەوتنى خۆى لەو پرۆسەیە راگەیاندو سەرۆکى کۆمسیۆن رایگەیاند، لە مێژووی عێراقدا هەڵبژاردن بەو رادەیە بەباشى بەڕێوە نەچووە.