ڕۆژئاواى كوردستان هێرشدەکاتەسەر تاران

کوردستان

14/10/2021‌ 3438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" ڕایدەگەیەنێت، دەستتێوەردانەکانی ئێران لەسوریا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕوداوەکانی ئەو وڵاتە هەبوەو لەبەرژەوەندی گەلی سوریادا نەبوە، به‌رپرسێكى باڵاى ڕۆژئاواى كوردستانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تاران لەدەستتێوەردانەکانیدا هانی کەڵکەڵەی تائیفیی‌و دروستکردنی میلیشیای لەو وڵاتەدا داوە".


بەگوێرەی پێگەی "نۆرس پرێس"، خەلیل عەبدی ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی (مەسەدە) وتویەتی:"ئێران هەر لەسەرەتای دەستتێوەردانەکانی لەسوریا سیاسەتی هاندانی تائیفی‌و دروستکردنی ملیشیای چەکداری لەبەرژەوەندی خۆی لەسوریاداوەو ویستویەتی لەو ڕێگایەوە کۆنترۆڵی ناوچەیەکی زیاتر لەسوریا بکات‌و کاری لەسەر شیعەگەریی‌و بڵاوکردنەوەی لەسوریا کردوە".

بەوتەی عەبدی، "تاران هەموو هەوڵی بۆ بەردەوامی‌و هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد بوە تەنانەت ئەگەر ئەوە لەسەر حیسابی گەلی سوریاشدا بێت".

بەرپرسەکەی مەسەدە دەڵێت:"ئێران هەر دەستی لەکاروباری سوریا وەرنەداوە، بەڵکو لەعێراق‌و لوبنان‌و یەمەنیش هەمان کاریکردوە، لەئەنجامیشدا ئەو دەستتێوەردانانەش لەبەرژەوەندی گەل‌و وڵاتەکانیان نەشکاوەتەوە".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان وتویه‌تى، "دەستێوەردانی هێزە هەرێمایەتییەکانی وەک ئێران‌و تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوەو ئەو دوو وڵاتە هەرگیز بیریان لەدروستکردنی سەقامگیریی‌و بەشدارییکردن لەدۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ قەیرانی سوریا نەکردوە".