وەزارەتی ناوخۆ: بکوژی پاسەوانەکەی دەروازە سیتی ناسراوە

کوردستان

14/10/2021‌ 751 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەسەر کوژرانی پاسەوانەکەی دەروازە سیتی روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بکوژی تاوانبار کەسێکی  ناسراوە و ناو و ناونیشانی زانراوە، دەشڵێت، لە هەوڵی دەستگیرکردنی دان و ڕاپێچی بەردەم دادگای دەکەن.   

لە ڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەی چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند" شەوی ڕابوردوو بە داخەوە (هە .م .كا ) ی تەمەن 31 ساڵ كارمەند و سیکۆرێتی دەروازەسیتی، لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكەی لەگەڵ كەسێک دەبێتە شەڕیان و دواتر ئەوکەسە بە دەمانچە ھێرش دەکاتە سەری و برینداری دەکات و دواتر گیان لەدەست دەدات."   

ئاماژەی بەوەشکردووە، بکوژی تاوانبار کەسێکی ناسراوە و ناوو ناونیشانی زانراوە، لە دوای ڕووداوەكەوە هێزە ئەمنییەكانمان لەهەوڵی دەستگیركردنی تاوانبار و بكوژەكەن تا  ڕاپێچی بەردەم یاسای دەكەین و لە كاتی دەستگیركردنی تاوانبارەكەدا وردەكاری و زیاتر دەخەینەڕوو..

شەوی رابردوو (هەڤاڵ محەمەد كاكەبرا) كە كارمەندی سكیوریتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتیە لە شاری سلێمانی لە پرسگەی پرۆژەكە داوای وەستانی ئۆتۆمبێلی كوڕی بەرپرسێك دەكات كە دەیەوێت بچێتە ناو پرۆژەكەوە، كوڕی بەرپرسەكە دەستڕێژی گوللەی لێدەكات و دەیكوژێت، بكوژ هەڵدێت.

س.هـ