شارپرێس:
ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات و ڕایدەگەیەنێت لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێشکەشکردن لە ڕێگەی زانکۆلاین (52533) خوێندکاری دەرچووی پۆلی دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی کوردستان پێشکەش کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم بە سەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکوومییەکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی تایبەتمەند، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت لە سەرۆکایەتی زانکۆی چەرمۆ لە قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگهیاند: ئامانج لەم کۆبوونەوەیە گفتوگۆکردنە لەبارەی گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی خەرجی لەسەر داهات و پەسەندکردنی پلانی وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سوودی دەرچووان و پێداویستییەکانی بازاڕی کار.
وەزیرى خوێندنى باڵا جهختیشی كردهوه: وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ڕەچاوکردنی کواڵتی خوێندن و لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی دەرچووان کە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کردووە و ژمارەکەیان بریتییە لە (52533) دەرچوو.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پلانی هەریەک لە زانکۆکان گفتوگۆی لەبارەوە کراو دواتر پەسەند کرا، لە بڕگەیەکی دیکەشدا پرسی ئەژمارکردنی ماوەی مانەوەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات کە بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەوان بوون، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەی تایبەتمەند بەم بابەتە و گفتوگۆکردن پێشنیازی لێژنەکە پەسەند کرا. هەروەها چەند بابەت و پرسێکی دیکەی پەیوەست بە پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەکادیمیی زانکۆکانی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پەسەند کران.