لەسەر داوای تورکیا پارتی و سونەکان حەلبوسی بۆ سەرۆک کۆمار کاندید دەکەن

عیراق

15/10/2021‌ 7746 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تورکیا سونەکانى عێراق و پارتى لەیەک نزیک دەکاتەوەو داواشی لێکردون کە حەلبوسى کاندید بکەن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ ئەوە مەبەستەش شیعەکانیان لەوە ئاگادار کردوەتەوە.

چەند سەرچاوەیەکى میدیایی تورکیاو ناوخۆی عێراقیش بڵاویانکردەوە کە چەند رۆژێک بەر لە هەلبژاردنەکان رەجب تەیب ئەردۆغان چاوی بە دوو شاندی سوونەکان بەسەرۆکایەتى حەلبوسی و خەمیس خەنجەر و شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان کەوتووە.

ئەردۆغان لەو کۆبوونەوەیەدا سونەکان و پارتى لەبەرەیەکدا کۆکردوەتەوەو داوای لێکردون کە محەمەد حەلبوسى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار کاندید بکەن.

بەپێی ئەو سەرچاوانە پارتى و سونەکان لایەنە سەرەکییەکانى شیعەیان ئاگادار کردوەتەوە کە ئەوان بەیەکەوە دەچنە دانوستانى پێکهێنانى حکومەتەوە.

لەلایەکى دیکەوە هاوپەیمانی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامیان بۆ هێزە شیعەكان ناردووە كە لەناو خۆیاندا بگەنە چارەسەرێك بۆ ئەوەی بتوانن بچنە دانوستانەوە لەگەڵیان بۆ پێکهێنانى حکومەت و دابەشکردنى پۆستە باڵاکانى وڵات.   

 هەروەها سەرچاوەکان کە ئەو زانیاریانەیان بۆ میدیاکانى عێراق درکاندوە ئاماژەیان بەوە کردوە، سونەکان و پارتى لەگەڵ هەردوولایەنى مالیکى و سەد لە گفتوگۆدان و ئامادەییان دەربڕیوە کە پشتگیری هەر کامێکیان بکەن بۆ پێکهێنانى حکومەت بەو مەرجەى داواکارییەکانى ئەوان پەسند بکرێن کە یەکێکیان پێدانى پۆستى سەرۆک کۆمارە بە حەلبوسی.

هاوکات پارتى دیموکراتى کوردستان داواى پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى عێراقی کردوەو تورکیاو سونەکانیش لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ئەمجارە پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ سونە بێت.

لەئێستادا سونەکان و پارتى چاوەڕوانى رێککەوتنی نێوان لایەنە شیعەکان دەکەن کە لەسەر دروستکردنى زۆرینەیەک رێکبکەون بۆ پێکهێنانى حکومەت تا ئەوانیش لەگەڵیاندا بکەونە گفتوگۆوە لەسەر ئەو داواکاریانەى هەیانە.

هەر لەسەر ئەو پرسە د. ئەیاد عەنبەر مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی لە نەجەف ئەوەى باسى لەوە کردوە کە پارتی و سوننەكان لەپێشیانەوە لەگەڵ ئەو لایەنە دەبن کە زۆرترین داواکاریان جێبەجێ دەکەن.

باسى لەوەشکردوە، لایەنە کوردییەکان بە پارتیشەوە نەچوونەتە هیچ جەمسەرێکى شیعەوەو چاوەڕێی جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان.