پلاسخارت: هیوادارم حکومەتێک بێتە کایەوە لە ئاستی داواکارییەکانی خەڵکدا بێت

کوردستان

15/10/2021‌ 472 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە کە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جينين پلاسخارت پەیکی تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عيراق کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا، "بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی، داهاتووی عێراق تاوتوێکران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و ئه‌نجامه‌كانى، دۆخى عيراق به‌گشتى و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و جنین پلاسخارت تاوتوێ كران.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هه‌ردوولا هيوايان خواست ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، دامه‌زراندنى حكومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و هيوا و چاوه‌ڕوانييه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان بێت و ئارامى و سه‌قامگيرى و خزمه‌تگوزارى بۆ عيراقييه‌كان دابين بكات.

دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا روننیکردوەتەوە کە سەرۆکی هەرێم و پەیکی تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عيراق هاوڕا بوون كه‌ پێويسته‌ هه‌ر تانه‌ و تێبينييه‌ك له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، به‌ ڕێكاره‌ ياسايييه‌كان يه‌كلا بكرێنه‌وه.