عێراق لەپاش درۆنەکان لەژێر ھەڕەشەیەکی نوێدایە

عیراق

09/11/2021‌ 2575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عێراق دوای شەوە سەختەکە رۆژانێکی یەکلاکەرەوە بەرێدەکات، رۆژانێک کە پێدەچێت وڵات بخاتە بەردەم مەترسیەکی گەورەترەوە لە ڕابردوو، ئێران دەیەوێت قسەی یەکلاکەرەوە بکات و گروپەکانی نزیک لە خۆی خەریکە لێی یاخی دەبن.

چاوی دیبلۆماتیەتی جیهان دووبارە گەڕایەوە سەر عێراق.. لەمسەری گۆی زەوی بۆ ئەوسەری، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا هاتنەدەنگ و سەرکردەی وڵاتان قسەیان هەبوو.. بەڵام قسەی ئەمجارەی جیهان بۆ عێراق جیاواز بوو، هەمووان بە یەک ڕستە دەستیان پێدەکرد ئەویش "ئیدانەی هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی" بوو.

ڕۆژی یەکشەممە هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق درا.. هەوڵەکە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی عێراق لە دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمان، کە هاوشێوەی میزەڵانێکە و پڕ ئاو کراوە، ئەگەری هەیە لە هەرساتێکدا بتەقێتەوە و ببێت بە دەیان پارچەوە.
با بگەڕێینەوە بۆ بەر لە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی مستەفا کازمی بە دیاریکراویش ڕۆژی هەینی ڕابردوو

هەینی ڕابردوو بۆ عێراقیەکان ڕۆژێکی سەخت و پڕ لە مەترسی بوو، ئەندام و لایەنگری ئەو حزبانەی لە هەڵبژاردندا کورسی کەمیان بەدەستهێناوە تا بەردەرگای ناوچەی سەوز لە بەغدا ڕۆیشتن... کار گەیشتە ئەوەی هێزە ئەمنییەکان ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران ببنەوە و لەو نێوەندەشدا قوربانیی و کوژراو لە هەردوولا کەوتەوە

بەگوێرەی سروشتی هاووڵاتی عێراقیی، کاتێک خۆپیشاندەرێک دەکوژرێت، ڕۆژی دواتر سەدان خۆپیشاندەر وەک بەگژداچوونەوەی دەسەڵات لەبری ئەو خۆپیشاندەرە کوژراوە دێنە سەر شەقام، واتا بەهەموو پێوەرێک ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەغدا نزیکبوو لە ڕودانی  کارەساتی گەورە.. لەوکاتەی هەموو عێراق لە خەودا بوو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە مستەفا کازمیەوە دەکرێت و پێیدەگوترێت ئێستا و دەستبەجێ لە ماڵەوە هەڵبێت.

کازمی بەقسەی کابرای پشت تەلەفۆنەکە دەکات و هێندەی لە ماڵەکەی دوردەکەوێتەوە درۆنێک لە کۆی سێ درۆن بەسەر ماڵەکەیدا بەردەبێتەوە.

ئێستا کە چەندین کاتژمێر و ڕۆژ بەسەر هێرشکردنە سەر ماڵەکەی کازمیدا تێپەڕبووە، دوبارە بۆمبێکی تەوقیتکراو عێراقی ترساندووە و هەمووان لەساتی تەقینەوەکەی تۆقیون
چەند بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقی نزیک لە گرووپە چەکدارە شیعەکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانییان راگەیاندووە، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەر ماڵی کازمی لانیکەم لەلایەن یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە بووە... بەڵام ئەو گروپانە کێن؟

دوو بەرپرسە ئەمنییەکە دەڵێن: "هێرشەکە لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، لە هەمانکاتدا کراون". لەکاتێكدا یەکێک لە سێ سەرچاوەکانی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان ئاشکرایکردووە، کەتائیبی حیزبوڵڵا تێکەڵ بە کارەکە بووە... ئەوەی هێندەی دیکە دۆخەکەی خستووەتە باری مەترسییەوە ئەوەیە خودی درۆنەکان و بۆمبەکانیشی ئێرانی بوون و لە ئێران دروستکراون.

ڕۆژی دوشەممە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ یەکەمجار و لەسەر داوای حکومەتی عێراق گەیشتە بەغدا سەردانێک جیاواز لە هەموو جار، جارەکانی تر بە شاراوەیی و ئەمجار بە ئاشکرا، ڕەنگە ئەمە پەیامێکی گرنگ بێت بۆ دۆست و دوژمن.. قائانی کە دوای قاسم سولەیمانی پیاوی بڕیاری شیعەکانی عێراقە توڕە و نیگەران دەرکەوتووە و بەگوێرەی میدیای عێراقیی، ناوبراو داوای لە میلیشیا شیعەکان کردووە دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا بنێن و نەبنە سەرئێشە بۆ حکومەتی عێراق، بەڵام میلیشیاکان ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە، هەربۆیە قائانی کۆبوونەوەکەی جێهێشتووە و چووەتە لای کازمی و بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق.

دوای هێرشکردنەسەر ماڵی کازمی کە ناوبراو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە و وادیارە ماڵی ئەویش پارێزراو نییە، پرسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی هاتووەتەوە بەرباس، چاودێران پێشبینیدەکەن دوای هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی حەشدی شەعبی لەبەردەم دوو بژاردەی سەختدایە و سێیەمی نییە، یان هەڵوەشاندنەوە یاخود تێکەڵکردنی بە سوپای عێراق، بۆ ئەوەش هەمووان چاویان لە نەجەف و فەتوایەکی عەلی سیستانییە، کە وەک چۆن حەشدی شەعبی دروستکرد، ئاوهاش بە فەتوایەک ئاو بکات بەو ئاگرەی تا دێت کڵپە دەستێنێت.

ئەلێکسی لیونکۆڤ، شارەزای بواری سەربازی روسیا لەبارەی کردنەئامانجی ماڵەکەی مستەفا کازمی و هەوڵی تیرۆرکردنی، باس لە ڕۆڵی سیخوڕێکی هەواڵگر دەکات.

لیونکۆڤ بە گۆڤارێکی روسی راگەیاندوە، هەتا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان نەپشکنرێن، ناتوانرێت بزانین سەرچاوەکەی کێ بووە، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەک کەرەستەی هێرش یان وەک ئامرازی لەناوبردنی کەسایەتییە گرنگەکان، تاکتیکێکی نوێ نییە.

شارەزا ڕوسیەکە دەلێت تەنیا "تیرۆرستەکان" نین کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنن، ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانیش تایبەتمەندن لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆ ئەمەش تەنیا ئەوە بەسە کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسمان بیربێتەوە کە سەرەتای ساڵی رابردوو کرایەئامانج.

بەپێی قسەی ئەو شارەزا روسییە، "وردەکارییەکی زۆر هەیە لەکاتی بەکارهێنانی ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، سەرەتا دەبێت بزانیت ئامانجەکەت لە شوێنی بەئامانجگیراودایە، چونکە گەمژەییە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنێریت و هیچ زانیارییەکت لەسەر ئامانجەکەت نەبێت، واتە دەبێت ئامانجەکە لە شوێنی دیاریکراودا بێت"

لیونکۆڤ دەڵێت: گومانی تێدا نییە کە سیخوڕەکان پێشتر لە شوێنێکی نزیک لە ماڵەکەی کازمی بوونیان هەبووە و دڵنیابوون لەوەی ئامانجەکە لەوێیە، بۆیە لەوکاتەدا درۆنەکان ئاراستەی ماڵەکەی کازمی کراون.

بەپەلە