باج..ئەو پارەیەی حکومەت بەسەر دامەزراوەکاندا دەیسەپێنێت خەڵکی ئاسایی دەیدەن

ڕاپۆرت

18/11/2021‌ 1380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە لەهەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا، باجدان ڕێکخراوەو بوەتە ئەجێندای کارکردنی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام گرفتی گەورە لەشێوازی سەپاندنی باجەکەو ئەو کۆمپانیاو سێکتەرانەی کۆمەڵگەدایە کە باجەکەیان بەسەردا سەپێندراوە.


لەچەند ڕۆژی ڕابردودا وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لەمەودوا باج لەپزیشکەکان وەربگیرێت، هەرچەندە تائێستا پزیشکەکان بەرامبەر ئەو بڕیارە بێدەنگییان هەڵبژاردوە، بەڵام چاوەڕێدەکرێت ئەو باجەی حکومەت بەسەر ئەواندا دەیسەپێنێت، پزیشکەکان لەگیرفانی نەخۆش‌و خەڵکی ئاسایی وەربگرنەوە، ئەویش بەوەی لەمەودوا نرخی سەردانیکردنی پزیشک لەهەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە، تائێستاش حکومەت نەیتوانیوە نرخەکە ڕێکبخاتەوە.

چاوەڕێدەکرێت وەرگرتنی ئەو باجە لەپزیشکان ببێتە بارگرانیەکی تر بۆ هاوڵاتیان، چونکە لەڕابردودا کەمنەبون ئەو باجانەی حکومەت سەپاندونی بەسەر سێکتەرەکانداو لەئەنجامدا هاوڵاتیان بارەگرانەکەیان کەوتۆتە سەرشان، چونکە سێکتەرەکان بەبەهای ئەو باجە نرخی خزمەتگوزاریی‌و کاڵاو شمەکەکانیان گرانکردوە لەسەر هاوڵاتیان کە ڕەنگە کارتەکانی پڕکردنەوەی مۆبایل‌و ئینتەرنێت زیندوترین نمونەی ئەوجۆرە باجەبن کە کەوتۆتە ئەستۆی هاوڵاتیان.

باج بەیەكێك لەگرنگترین سەرچاوەكانی داهات بۆ وڵاتان هەژماردەكرێت كە لەژێر ناوی جیاواز لەخەڵك دەستێنرێت‌و وڵاتی پێ بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەهەرێمی کوردستان باجەکە دەسەندرێت، بەڵام وڵاتی پێ بەڕێوەنابرێت، هەرئەوەش نا، بەڵکو کۆمپانیا پلەیەکە حزبییەکان وشەی باج بەفەرهەنگی کارکردنیان نامۆیە، بۆ نمونە بەگوێرەی داتایەکی حکومەت، لەهەرێم زیاتر لە25 هەزار کۆمپانیا مۆڵەتی کارکردنیان هەیە، بەڵام پەرلەمانتارەکانی دەسەڵات نایشارنەوە کە زیاتر لە19 هەزار کۆمپانیا لەو ژمارەیە، باج نادەن، هەڵبەت حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش قسەی توندتری خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەیەو ڕەنگە باس لەژمارەی گەورەتریش بکرێت.

لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرایەتی باج هەیەو یاسای پەیوەندیدار بەباج هەیە، بەڵام هیچ سیستەمێك بۆ باجدان نییەو هەموو كەسێك دەتوانێت خۆی لەباج بدزێتەوەو ئەو بێ سیستەمییەو پاشاگەردانییە لەباج هۆكار بوە لەوەی حكومەت هەرگیز نەتوانێت دادپەورەری كۆمەڵایەتی دابینبكات.

باج لەکوردستان هێندەی دەستی بۆ گیرفانی هاوڵاتییە، هێندە دەستی لەگیرفانی کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا نییە، بۆ نمونە تۆ کە بینەری ئەمڕاپۆرتەیت و بڕیارتداوە خانوەکەت بفرۆشیت، ئەوا دوای ئەنجامدانی مامەڵەکەت، حکومەت بەناوی باجەوە پارەیەکی بێشومارت لێوەردەگرێت، کە ڕەنگە خۆشت نەزانیت پەیوەندیی حکومەت بەفرۆشتنی خانوەکەی تۆوە چییە، لەکاتێکدا تۆ لەکاتی خۆیدا پارەی کارەبا، ئاوو ڕسوماتەکانی دیکەت داوە، بەڵام حکومەت لەوکاتەدا بۆ فرۆشیار قوتدەبێتەوەو پێیوایە مافی ئەویش لەو مامەڵەیەدا هەیە، ئەگەرنا خانوەکە ناکرێت بەناوی کڕیارەوە، ئەمە نمونەیەکی بچوکی سەپاندنی باجە بەسەر هاوڵاتیاندا لەمامەڵەی ڕۆژانەدا کە ڕاستەوخۆ هاوڵاتیان باجەکە دەدەن، کەمیش نین ئەو ڕێگایانەی کە هاوڵاتیان ناڕاستەوخۆ دەبنە پێدەری بڕی باجەکەو ناچارکراون قبوڵیشی بکەن.

لەهەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆمپانیای جیهانیی بواری وزە لەکێڵگە نەوتیی‌و غازییەکان کاردەکەن، ڕەنگە بەشێکی کەمی پەیوەندیی بەلەباریی‌و سەقامگیریی ئەمنی لەکوردستان هەبێت، بەشە زۆرەکەی پەیوەندیی بەوەوە هەیە هەرێمی کوردستان بەهەشتی باجە لەجیهاندا، بۆ نمونە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەک ئیکسۆن مۆبیل لەهەر وڵاتێکی پێشکەوتودا کاربکات، بەشێکی زۆری داهاتەکەی بەباجدان بەحکومەتی ئەو وڵاتە دەڕوات، بەڵام لەهەرێمی کوردستان شتەکە پێچەوانە بوەتەوە، کارگەیشتوەتە ئەوەی نیوەی داهاتی ئەم هەرێمە بۆ ئەو کۆمپانیایانەیە کە نەوتەکەی خۆمان دەفرۆشن نەک ئەوەی باجی لێوەرناگیرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتوە، لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم لەڕێگەی داتا سەنتەرێکەوە، سەرجەم مارکێتەکانی کوردستان تۆماردەکات‌و لەو بەروارە بەدواوەوە ساڵانە دەبێت مارکێتەکانیش باج بدەنە حکومەتی هەرێم کە بەدڵنیاییەوە بازرگانەکان ناچاردەبن بۆ پێدانی ئەو بڕە باجە، نرخی کاڵاو شمەکەکان لەسەر هاوڵاتیان گران بکەن‌و بارگرانییەکی تر لەسەر شانی هاولاتیان دروستبێت.

جیاواز لەگرانی نرخەکانی بازاڕو بەرزبونەوەی بەهای دۆلارو گۆڕانکاریەکانی ماوەی ڕابردوی نرخەکان، ئێستا هاوڵاتیان لەبەردەم جۆرێکی تر لەبارگرانی زیادکردنی نرخەکاندان‌و ڕەنگە ناچاریش بن ڕەزامەندبن لەسەر پێدانی ئەو زیادەیەی کە دێتە بەردەمیان، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەبواری تەندروستی‌و ژیانیانەوە.