ئایا موراد کانى کوردەیی مردوە یان لەژیاندا ماوە؟

کوردستان

25/11/2021‌ 9606 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەبارەی چارەنوسی موراد کانی کوردەیی بۆچوون و زانیاری جیاواز بڵاودەکرێنەوەو دەخرێنەوە، لەلایەک بەشێک دەڵێن زیندوەو بریندارە بەشێکیش ئاماژە بەوە دەکەن کوژراوە.

هەر لەگەڵ روودانى رووبەروونەوەى موراد کانى کوردەیی و پاسەوانەکانی لەگەڵ هێزێکى چەکدارى دەمامکداردا دەنگۆی جیاواز بڵاوکرایەوە کە بەشێک باسیان لەوە دەکرد کە ئێستا بریندارەو لە نەخۆشخانە چارەسەرى بۆدەکرێت، بەشێکی دیکەش لە خەڵکی و میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاماژە بەوە دەکەن ناوبراو کوژراوە.

میدیاکانى یەکێتى بڵاویانکردەوە کە لەکاتى جێبەجێکردنى ئەرک و جێبەجێکردنى یاسادا موراد کانى کوردەیی کوژراوە بەهۆی ئەوەى رووبەرووی ئەو هێزە ئەمنیە بووەتەوەو بەهۆیەوە یەکێک لە کارمەندانى هێزە ئەمنییەکە کوژراوە.

هاوکات لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیسیووک کەسێک بەناوی پشکۆ موڕاد کە خۆى وەک کوڕی موراد کانى کوردەیی ناساندوە بڵاویکردوەتەوەو نوسیویەتى" سوپاس بۆ خوا باوکم لەژیاندا ماوە و تەنها بریندارە دەنگۆی کوژرانی دورە لەڕاستیەوە".

هەروەها بەشێکى دیکە باس لەوە دەکەن کە موراد کانى کوردەیی بریندارەو لەلایەن ئەو هێزەى تەقەى لێکراوە بە برینداری لەگەڵ خۆیاندا بردویانەو لە سلێمانى چارەسەری بۆدەکرێت.

تا ئامادەکردنى ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکى راست و دروست لەبارەى چارەنوسی موراد کانی کوردەیی لەبەر دەستدا نییەو نازانرێت کە کوژراوە یان بریندار بووە، نە هێزە ئەمنییەکان و نە کەسوکارى ناوبراویش هیچ زانیارییەکى فەرمی و پشتڕاستکراوەیان بڵاونەکردوەتەوە.

بەڵام بریارە ئەمشەو کەسوکارى موراد کانى کوردەیی راگەیەنراوێک سەبارەت بە رووداوەکە بڵاوبکەنەوەو چارەنوسی ناوبراویش ئاشکرا بکەن.

س.هـ