زانیارییەک لەسەر ئیسرائیل بۆ پەلاماردانى ئێران ئاشکرا دەبێت

جیهان

03/12/2021‌ 2214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەیەکی هەواڵیی ئیسرائیلیی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئیسرائیل هیچ گەشبین نییە بە دانوستانە ناوەکییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز و ئەگەری ڕێککەوتنی تاران و واشنتۆن ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە، هەربۆیە حکومەت و وەزارەتی ئاسایشی ئیسرائیل بە جیددی بیر لە بەتەنیا مانەوەی ئیسرائیل لە دۆسیەی ناوەکیی ئێران دەکەنەوە، هەربۆیە بەپێی راپۆرتەکە دۆخەکە بەلای ئیسرائیلەوە زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت کە ئەو وڵاتە گورزی سەربازیی لە ئێران بوەشێنێت.

پێگەی هەواڵیی "واینت"ی عیبری لەراپۆرتەکەیدا دەڵێت" سوپای ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی لەدژی ئێران زیاتر کردووە، ئەویش لەڕێگای راهێنانەکانی هێزی ئاسمانیی و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر پێگە ناوەکییەکانی ئێران، بۆئەوەش رۆژی یەکشەممەی رابردوو لیژنەی وزاریی بۆ کاروباری پڕچەککردن کۆبوونەوەی سازکردووە و لەسەر پلانێکی بینی گانتسی وەزیری بەرگریی بۆ کڕینی چەک و چۆڵی پێشکەوتوو رازیی بووە.

بەپیی پلانەکەی وەزیری بەرگریی، ئیسرائیل ١٢ هێلیکۆپتەری جەنگیی جۆری CH-53K و جبەخانەیەکی تر لە سیستەمی بەرگری ئاسمانیی گومەزی ئاسنین دەکڕدرێت، ئەوە جگە لەو جبەخانەیەکی مانگێک لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەبەهای ملیاریک دۆلار رەزامەندی لەسەردا بە ئیسرائیلی بفرۆشێت، هەروەک بەردەوامبوون لەسەر هەوڵەکان بۆ کڕینی بۆمب و چەکی وردپێکی نهێنیی بۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کە خەرجییەکانی کڕینی ئەو چەک و چۆڵە دەگاتە نزیکەی پینج ملیار شواکڵی ئیسرائیلی.

راپۆرتەکە ئاماژەی بە جیددی بوونی ئیسرائیل لە بابەتەکەدا کردووە، بەشێوەیەک گەورە ئەفسەرانی سوپای ئیسرائیل لەناو دەستەی ئەرکانی سوپا باسیان لەوەکردووە کە ئەوان وانەی وەرگرتووە و تەنانەت ئەگەر بێت و ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر بەرنامەی ناوەکیی ئێرانیش ڕێکبکەون ئەوە ئیسرائیل لەسەر ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ پەلاماردانی بنکە ناوەکییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.

لەبەرانبەدا، باراک رابید شرۆڤەکاری سیاسیی لە پێگەی "والا"ی عیبری لەچاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا جەختیکردۆتەوە کە ئیسرائیل هیچ ئامادەییەکی تێدا نییە بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژ بە ئێران ئەجام بدات، جگە لەوەی هێرشێکی لەو شێوەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی هیچ رەوایەتییەکی نییە.

رابید دەڵێت" لەگەڵ ئەو هەموو هەڵمەت و جەنگە دەروونییەی ئیسرائیل بەناوی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی دژ بە ئێران دەیکات، بەڵام سوپای ئیسرائیل لەئێستدا ئەو توانایەیە نییە بەتەنیا هێرشی سەربازیی بکاتە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، بەڵام رەنگە دوای چەند مانگ لە راهێنانی سەربازیی ئەو توانایەی دەستبکەوێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی