زەکریا عەبدوڵا ئەو هونەرمەندەی لە یاد ناکرێ

کوردستان

26/12/2021‌ 2645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە ژەنینی موزیک لە پشت هونەرمەندە گەورەکانی کوردەوە بۆ گۆرانیگوتن و فرۆشی ٥ ملیۆن دانە لە بەرهەمەکانی.

لە ژەنیارێکی کیبۆردەوە بۆ ئاوازدانان و ناوبانگێکی زۆر و لەوێشەوە بەرەو بازرگانی و دورکەوتنەوە لە هونەر و تەنانەت میدیاش.
هونەرمەندی دیار و ناوداری کورد زەکەریا عەبدوڵا، لەدایکبوی تەیراوەی هەولێرە و سەرەتای کارە هونەرییەکانی بە ژەنینی مۆسیقا بۆ هاوڕێکانی دەستپێدەکات، دواتر لە سالی ١٩٩٣ دەچێتە سوید و لەوێ بۆ کارە هونەرییەکانی بەشێک لە هونەرمەندانی کورد مۆسیقا دەژەنێت.

تاوەکو ئەو کاتەی کە لە سالی ١٩٩٨ ئەلبومی یەکەمی وەک گۆرانیبێژ بڵاو دەکاتەوە، کەسێکی نەناسراوە، بەڵام لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەلبومی تۆ هاتی، کە یەکەمین بەرهەمی گۆرانییەتی، دەنگدانەوەییەکی گەورە لە کوردستان دروستدەکات و هەوادارێکی زۆر بۆ خۆی دروستدەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بە دەنگ و ستایلێکی نوێو جیاوازەوە دەردەکەوێت.

ئەو کاتەشی کە بۆ یەکەمینجار کۆنسێرت دەکات، خەڵکانێکی زۆر و بە تایبەت مامۆستایانی ئاینی لە خۆی توڕە دەکات، ئەوەش بەهۆی ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لە کچ و کوڕانی سلێمانی و تێکەڵبوونیان لە کۆنسێرتەکەدا، کە تا ئەو کاتە لە هەرێمی کوردستان ئاهەنگی بەو جۆرە و بەو فراوانییە بەڕێوە نەچووبوو.

جیاواز لەو کاردانەوانە، لە دوای بڵاوبونەوەی یەکەم ئەلبومی، تۆمەتی ئەوە درایە پاڵ زەکەریا کە تەواوی گۆرانییەکانی لە هونەرمەند زیاد ئەسعەد وەرگرتووە و بڕیاربووە لە ستۆدیۆکەی بۆ ئەو هونەرمەندەیان تۆمار بکات، نەک بە دەنگی خۆی بڵاویان بکاتەوە.

خۆی هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بەردەوامبوو لە کارەکانی، نە کاردانەوەکان و نە تۆمەتی دزینی گۆرانییەکان هیچیان نەبوونە ڕێگر لەبەردەم توانای هونەری ئەم هونەرمەندە و چەندین بەرهەمی تری بڵاوکردەوە.

تەکنیکی گۆرانیگوتن و تۆمارکردنی مۆسیقا و توانای هونەری زەکەریا بە جۆرێک جیاوازبوو، کە بەشێکی زۆر لە شارەزایانی مۆسیقا پێیانوایە بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە سەرەتای کۆتاییهاتنی قۆناغێک و دەستپێکی قۆناغێکی نوی بوو لە هونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی، چ لە ڕوی فۆرم و چ لە ڕوی تەکنیک و توانای هونەرییەوە.

تەنانەت کاتێک ژمارەیەک گۆرانی بە شێوەزاری بادینی بڵاوکردەوە، گوێگرێکی زۆری سۆرانی بۆ گۆرانییە بادینیەکان زیاد کرد و تەنانەت هونەری ناوچەی بادینانی لە لای سۆرانییەکان خۆشەویستتر کرد.

زەکەریا ساڵ بە ساڵ و ئەلبوم لە دوای ئەلبوم تواناکانی خۆی زیاتر پێشدەخست و تا وای لێهات ئەلبومی تیلیناز کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاوی کردەوە نزیکەی پێنج ملیۆن دانەی لێفرۆشرا، کە ئەوەش وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو هونەرمەندە هەژمار دەکرێت.

لەو کاتەی کە گوێگرەکانی بە تامەزریۆییەوە چاوەڕێی بەرهەمی نوێیان لێدەکرد، ئەلبومی لاپەڕەی سپی بڵاو کردەوە و ئیدی ئەوە دوابەرهەمی هونەری ئەو هونەرمەندە بوو، ڕوی کردە بازرگانی و بە تەواوی لە هونەر و گۆرانی و مۆسیقا دورکەوتەوە.

ئێستا بازرگانە و لە هیچ کام لە میدیاکانیشدا دەرناکەوێت و هیچیشی لە بارەی هۆکار و ماوەی دورکەوتنەوەی لە هونەر ڕانەگەیاندووە.