شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئێرانو وڵاتانی زلهێز لەبارەی بەرنامەی ناوەکیی ئێران لەگەیشتن بە"ڕێککەوتنێکی باش" نزیکە.
بەگوێرەی ئاژانسی "فرانس پرێس"، حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندوە، دەستپێشخەرییەکانی ئێرانو دانوستانەکانی ئەمدواییە، خستونییەتە سەر ڕاستەڕێ.
جەختیشیکردۆتەوە، لەڕێککەوتنێکی باش نزیکبوونەتەوە، بەڵام ئەوەشی وتوە، "بۆئەوەی لەماوەیەکی کەمدا ڕێککەوتنەکە بکرێت، دەبێت لایەنی بەرامبەریش بەشێوەیەکی گەورەتر بێتە پێشەوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکردوە، ئێران نایەوێت ماوەی دانوستانەکان درێژبێتەوە، بەڵام بەلای ئەوانەوە بەرگریکردن لەمافو بەرژەوەندییەکانی ئێران زۆر گرنگە.
لەماوەی ڕابردودا لایەنە پەیوەندیدارەکانی دانوستانە ناوەکییەکان کە لەڤییەننا لەنێوان ئێرانو وڵاتانی "بەریتانیا، ڕوسیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیاو چین" بەڕێوەدەچنو ویلایەتە یەکگرتوەکانیش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەدانوستانەکاندا بەشدارە، ڕایانگەیاندبوو، هەندێک بەرەوپێشچون لەدانوستانەکاندا هاتۆتەدی، بەڵام لەچەند پرسێکیشدا بۆچونی جیاواز لەئارادایە.
و: ئاکۆ ئاڵی