ئەم شێوە خۆشۆردنه‌ مەترسیی توشبون بەجەڵتە کەمدەکاتەوە

تەندروستی

11/01/2022‌ 707 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی رۆژنامەی ئێسکپرێسی بەریتانی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەگۆڤاری پزیشکیی "Heart"دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، رۆژانە خۆشۆردن بەئاوی گەرم مەترسییەکانی تووشبوون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و لوولەکانی خوێن کەمدەکاتەوە، بۆئەوەش لێکۆڵینەوەکە پشتی بەداتای زیاتر لە30 هەزار بەشداربوو بەستووە کە پێشتر هیچ جۆرە نەخۆشییەکی دڵ‌و لوولەکانی خوێنیان نەبووە.

تیمی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایانکردووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان ئەوەی دەرخستووە کە ئەو بەشداربووانەی رۆژانە جارێک بەئاوی گەرم خۆیان شۆردوه‌، بەراورد بەوانەی لەهەفەتەیەکدا جارێک یان دووجار خۆیان شۆردوه‌ یان هەر خۆیان نەشۆردوه‌، ئەوە بەڕێژەی لەسەدا 28 مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانیان دڵیان کەمتر لەسەر بووە.

لێکۆڵەرەکان ئەوەشیان وتووە، خۆشۆردنى بەردەوام لەناو حەوزی خۆشۆردن، بەشێوەیەکی گەورە پەیوەندی هەیە بەکەمکردنەوەی مەترسیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا پلەی گەرمیی نموونەیی گەرماوەکان جێگای مشتومرە، بەشێوەیەک هارڤارد هێڵسی سەر بەزانکۆی هارڤارد ئاماژە بەوەدەکات، پلەی گەمیی نموونەیی گەرماوەکان لەیابان لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە بەبریتییە لە (40-41.7 پلەی سەدی) دیاریکراوە.

لەوبارەیەوە، د.ئەدۆلف هۆتەر مامۆستای پزیشکی لەکۆلێژی پزیشکی زانکۆی هارڤارد دەڵێت:"بەرزی پلەی گەرمی ئاوی حەوزی گەرماوەکان یان ساونا دەبنە هۆی کشانی لوولەکانی خوێن، بەوەش پەستانی خوێن دادەبەزێت".

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی پێشووتریش پشتگیری هەمان ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەکەن کە ئاماژەیان بەوەکردووە، خۆشۆردنى بەردەوام لەناو ساونا دەبێتە هۆی باشکردنی ئاستی کارکردنی لوولەکانی خوێن‌و ئاستێکی گونجاوی کۆلیسترۆڵ‌و هەوکردنێکی کەمتر لەجەستەدا.

و: ئاکۆ ئاڵی