عەدنان عوسمان: بەرەیەكی بەهێز لە هەرێم دروست نەبێت كارەسات دروست دەبێت

کوردستان

03/02/2022‌ 1584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
عەدنان عوسمان، نوسەر و چاودێری سیاسی لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر لە ڕابردوودا كار بۆ مافەكانی كورد بكرایە، ئێستا هەرێم دۆخێكی تری هەبوو، هۆشداریش دەدات کە لە پەرلەمانی داهاتوودا بەرەكی بەهێز دروست نەبێت كارەسات چاوەڕێمان دەكات.

 لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ شارپرێس، عەدنان عوسمان نوسەر و چاودێری سیاسی لەبارەی كاریگەرییەكانی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتییەوە رایگەیاند: كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هەمیشە ململانێكەیان مەدەنیانە نەبووە و زمانەكەیان هی كاتی شەڕی ناوخۆیە و گەیاندویانەتە سەر ئێسقان شكاندن، ئەوەی لە بەغدایە ڕەنگدانەوەی ئەوەی هەرێمە.

وتیشی: لە خولەكانی ڕابردوودا هیچ بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان نەكردووە، كاتێك كە پێگەی كورد زۆر بەهێز بوو، ئەگەر شەڕ بۆ مافە دەستورییەكانی كورد بكرایە ئێستا بارودۆخی هەرێم شتێكی تربوو.

عەدنا عوسمان ئاماژەی بە دروستبوونی هێزێكی نوێ كرد لە هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی هاتوی هەرێم و ئەوەی خستەڕوو، مەرج نییە ئەوەی دروست دەبێت حزب بێت و پێویستە بەرەیەكی چاكسازی گەورەبێت و هێزە چاكسازی خوازەكان و كەسایەتی چاكسازی خواز لەخۆ بگرێت.

هۆشداریدا لەوەی، ئەگەر بەرەی چاكسازی لە پەرلەمانی هاتوودا بەرەیەكی ئەكتیڤ نەبێت و توانای دەركردنی یاسا و لێپێچینەی لە دەسەڵاتی نەبێت، ئەوا كارەساتێكی گەورە چاوەڕێی هەرێم دەكات.
س.س