بەتەمەنترین ئافرەتی جیهان نهێنیی تەمەندرێژییەکەی ئاشکرا دەکات

هەمەڕەنگ

01/05/2022‌ 680 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کانی تاناکان، کە نازناوی بەتەمەنترین ئافرەتی جیهانی هەڵگرتبوو، چەند رۆژێک پێش مردنی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری نیشتیمانیی یابانیی، هۆکاری تەمەندرێژییەکەی ئاشکرا کردووە، هەرچەندە لەژیانیدا پابەندی ڕێنماییەکانی تایبەت بە سیستەمە خۆراکییە تەندرووستەکانەوە نەبووە.

تاناکا لەساڵی 1903 لەدایکبووە و لەساڵی 2019 ئەنسکلۆپیدیای گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان وەک بەتەمەنترین ئافرەتی جیهان تۆماری کرد، یەکێکیشە لەو سێ ئافرەتەی لەمێژوودا ناویان تۆمارکراوە و تەمەنیان گەیشتۆتە 119 ساڵ.

ئەو ژنە بەساڵاچووە یابانییە لە چاوپێکەوتنەکەیدا رایگەیاندووە کە لەژیانیدا پابەندی ئامۆژگاریی و ڕێنماییەکانی تایبەت بە سیستەمی خۆراکیی تەندرووست نەبووە، چەند جارێکیش تووشی نەخۆشیی مەترسیدار بووە.

تاناکا وتویەتی: لەهەموو خواردنەوەکان زیاتر حەزم لە خواردنەوە گازییەکانە، بەتایبەت کۆکاکۆلا، جگە لەوەی حەزم لە قاوە و شۆکۆلاتەیە. وتوشیەتی هیچ خۆراکێکیش نییە کە بڵێم بەهیچ شێوەیەک حەزم لێی نییە.


لەبەشێکی تری قسەکانیدا تاناکا باسی لەوەکردووە کە سیستەمە خۆراکییەکەی ماسیی و برنج و شۆرای تێدابووە، رۆژانەش بڕێکی زۆر ئاوی خواردۆتەوە.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا نهێنی تەمەندرێژییەکەی لەچیدایە وتویەتی: ئەوە دەکەم کە حەزم لێیەتی، لەناویاندا خواردن دوروستکردن. جگە لەوەی زۆر حەزی لە شیکردنەوەی بابەتە بیرکارییەکان بووە و پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی تردا گرتووە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی